نەبوونی و قاتوقڕییش بۆخۆی دەرسێكی كەم نییە!

عومەر چنگیانی
نە من و نە كەسمان بریكاری خوا نین تا هەر ڕووداوێك لێكدانەوەكانی خۆمانی بەسەردا ساغ بكەینەوە و لە گۆشەنیگای خۆمانەوە بیخوێنینەوە.
دوای ئەوەی – وەك مێژوو و سەرچاوەكان باسی لێ دەكەن – كە بێبڕواكانی شاری مەکكە هیچ ڕێگایەك نەما كە بۆیان بگونجێ نەیگرنە بەر، بۆ ئەشكەنجەدانی پێغەمبەر و یارانی – دروود و سڵاوی خوایان لەسەربێ – ئەویش گەیشتە ئەوەی كە زۆر بێهیوا بێت لێیان و، ڕووی كردە نزا و پاڕانەوە لە خوا، بۆ ماوەیەكی زۆر لە “قنوت”ی نوێژی بەیانیدا دەیگوت: “خوایە گیان! قاتوقڕييەكی وەك قاتوقڕی و بێبارانییەکەی سەردەمی یوسف، نیشانی قورەیش بدە! یان دەیگوت: حەوت ساڵی وەك حەوت ساڵەكەی یوسف بێنە بەسەریاندا”.
ئەمە لە كاتێكدا بوو كە گەورەكانی قورەیش بە دەسەڵات و ساماندار بوون و، پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێ – دەیویست بۆ گەڕانەوەيان بۆ لای خوا قاتوقڕی و نەبوونییەكە ببێتە دەرس بۆیان.
جا وەك لە “فتح الباری شرح صحيح البخاري”1”دا هاتووە، خوای گەورە دوعاكەی لێ وەرگرت و ساڵێك وایان لێ بەسەرهات تا گەیشتە ئەوەی كە “مردارەوەبووگ” بخۆن و ئەبو سوفیان – كە هێشتا نەیاریشی بوو – هاواری هێنا بۆ لای پێغەمبەر – دروود و سڵاوی خوای لەسەر بێ – كە بپاڕێتەوە و خزمەكانی زیاتر تووشی نەهامەتی نەبن.
دووبارە وەك قورئان لە سورەتی “ئیلاف”دا باسی كردووە و، مێژوو باسی دەكا، قورەیش ساڵانە كاروانی بەرەو شام و حەبەشە چووە و، لە ڕێگای “سەنعا”وە بەرەو حەبەشە ڕۆیشتوون، لەوێ باس و خواسی ئەو پیاو چاكەیان پێ گەیشتووە كە زۆر بە بەزەیی بووە بۆ هەژاران و ساڵانە كە كاتی بەرهەم و دروێنە و ڕنینەوەی بەری باغەكانی هاتووە، هەژارانی بانگ كردووە بۆ ناو كێڵگە و ڕەز و باخ و زەوییەكەی و بەشی ئەوانی بە زیادەوە لێ داوە؛ بەڵام كاتێ كە كابرا مردووە و منداڵەكانی بوونەتە جێگرەوە و میراتبەر، ڕێگا پڕ لە بەزەییەکەی باوكیان بزر كردووە و ویستوویانە تەنها هەر بۆ خۆیان بێت و بەس.
بۆیە دوای مردنی باوكیان، منداڵەكانی كۆ بوونەتەوە و گوتوویانە: ئەگەر ئێمە لەسەر ڕێچكە و ڕێبازی باوكمان بمێنینەوە، زەرەر دەكەین و ئێمە هەم خۆمان ژمارەمان زۆرە و هەم منداڵیشمان زۆرن، بێتوئەگەر وەك باوكمان بكەین هەژار دەكەوین.
لێرەدا خوای گەورە ئەو داستانەی كە لە ناوچەیەكی نزیك لە خەڵكی شاری مەككە ڕووی داوە، دەكاتە پەند و بە خەڵكی ئەو سەردەمانەی مەكە و هەموو سەردەمێك و لە ئایەتی حەڤدە بە دواوەی سوورەتی (قەڵەم)ـدا دەفەرمێت:
“ئێمە ئەمانەمان تووشی تاقیكردنەوە كردووە، هەروەكچۆن خاوەنەكانی باغەكەمان تووشی تاقیكردنەوە كردووە [باخەکەی بە ناسراو ”معرفة” هێناوەتەوە، چونكە خۆیان دەیانزانی]، كە كۆبوونەوە و سوێندیان خوارد سبەینێ و لە بەرەبەیانێكی زوودا دەڕۆن بەروبوومی باغەكەیان دەچنن و دەڕنن و كۆی دەكەنەوە. هاوكات بەشی كەسیشی لێ نادەن.”
دەكرێ هەژدەهەمین ئایەتیش وا لێك بدرێتەوە كە “ئینشائەڵایش ناكەن”.
بیرهێنانەوەیەك لەسەر وتنی ڕستەی “ئینشائەڵا”:
ئەوەی لە ئایەتەكانی قورئان ورد ببێتەوە، نەخاسمە سەیری بیستوسێهەمین و بیستوچوارهەمین ئایەتی سوورەتی “كەهف” بكات، تێدەگات كە خوای گەورە لەوێڕا ڕوو لە خودی محەمەد پێغەمبەر دەكات – دروود و سڵاوی خوای لێ بێ – كە هەرگیز بۆ شتێك نەڵێی سبەینێ وا دەكەم تا نەڵێ ئەگەر ویستی خوای لەسەر بێت.
لە ئیسلامدا بەكارهێنانی ئەو ڕستەیە گرنگییەكی تەواوی هەیە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە بۆ هەمووشت بگوترێت، بۆ وێنە لە پاڕانەوە لە خوا دا هەرگیز ناڵیێی خوایە ئەگەر ویستت لەسەرێتی فڵان شتم پێ ببەخشە، یان فڵان شتم لێ بەدوور بگرە.
بۆ كارێك كە كەسەكە لە دوای قسەكردنەكەوە بە تەمایە ئەنجامی بدات، وا دەگوترێت و ئەوەیش دەبێ لێڕاهاتنی دەم نەبێ و بۆ تەفرەدانی بەرانبەر و لەخشتەبردن نەبێت، وەك لە دەمی زۆرێك لە خەڵكەوە دەیبیسین و دەیبنین!
هەربۆیە لێرەدا بە ئەركم زانی ئەو تیشكە بخەمە سەر ئەم بابەتە و بابەتەكە بۆخۆی لە نێو دووتوێی سەرچاوە فیقهییەكانماندا زۆر بە درێژی هاتووە، نەخاسمە لە باسی وتنیدا لە كاتی سوێند خواردن و بەتایبەتی تریش لە وتنی “لەفزی تەڵاق”دا، كە هەندێك لە شارەزایانی ئیسلام زۆر ئاسانكارییان لەوبوارەدا كردووە و جێگای كێبڕكێیەكی زۆر زۆرە و ئێرە شوێنی نییە.
پەراوێز:
“1”وەك لە ژمارە كردنەكەی لە نێو “فتح الباری” دا هاتووە، سەیری فەرموودەی ژمارە 961و962ی صحیح البخاری بكەن “باب دعاء النبي صلى الله عليه وسلم اجعلها عليهم سنين كسني يوسف”).