ئەمڕۆ خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەی هەمواری یاسای بودجەی عێراق دەکرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لەگەڵ تەواوبوونی پشووی زستانەی پەرلەمانی عێراق دەست بە کۆبوونەوەکان دەکرێتەوە و ئەمڕۆ دووشەممە خوێندنەوە بۆ کۆمەڵێک پڕۆژەیاسا دەکرێت کە پێشتر پێشکەشی ئەنجوومەنەکە کراون یان یاسان و پێویستیان بە دووبارە هەموارکردنەوە هەبووە. گرنگترین ئەو پڕۆژەیاسایانەی خەڵکی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی پەسندکردنی دەکەن هەمواری یاسای بودجەیە کە لە لایەک دەبێتە هۆی دووبارە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان و لە هەمان کاتدا بەرزبوونەوەی پشکی بودجەی کوردستان لە ١٢.٦٧ دوازدە پۆینت شەست و حەوت لەسەدەوە بۆ سەرووی چواردە لەسەدا.

یاسای بودجەی عێراق لە ساڵی ٢٠٢٣ بۆ سێ ساڵ نووسرا و پەسند کرا و ئەو کات بڕیار درا یاساکە هەموار بکرێتەوە و لەگەڵ گۆڕانکاری و خەرجییەکان بگونجێندرێت. لە کۆتاییەکانی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پڕۆژە یاسای هەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی فیدراڵی کرد. بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە دوای مانگ و نیوێک لە تێپەڕینی خوێندنەوەی یەکەم پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژە یاساکە بکات.
بەپێی مادەی دوازدەی هەمواری یاساکە کە لە سەرەتای مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی لەسەری دەربڕی و پەسندی کرد، پێویستە تێچووی بەرمیلێک نەوتی دەرهێنراو لە هەرێمی کوردستان بۆ کۆمپانیاکان لە شەش دۆلارەوە بۆ شازدە دۆلار بەرز بکرێتەوە و ئەگەر پەسند بکرێت ئەوا ئەگەری زۆرە دووبارە دەست بە هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێتەوە کە لە ٢٥ی شوباتی ساڵی ٢٠٢٣ەوە وەستاوە. هەنگاوێک کە سوودێکی زۆری ئابووری بە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.
خاڵێکی تر کە یاسای ئەمساڵی بودجەی عێراق لە دوو ساڵی ڕابردوو جیا دەکاتەوە پێوەستە بە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیی عێراق کە لە یاسای بودجەدا بە ١٢.٦٧% دوازدە پۆینت شەست و حەوت لەسەدا دیاری کرابوو و پێویست دەکات دەرەنجامی سەرژمێریی ساڵی ڕابردوو بکرێتە پێوەر بۆ دەستنیشانکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق.
بەپێی دەرەنجامی سەرژمێریی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان کە لە ڕۆژانی بیست و بیست و یەکی مانگی تشرینی دووەمی ساڵی ڕابردوو بەڕێوەچوو دەرکەوت ژمارەی دانیشتووانی عێراق بریتییە لە چل و پێنج ملیۆن و چوارسەد و حەوت هەزار و هەشتسەد و نەوەد و پێنج کەس و ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستانیش شەش ملیۆن و سێسەد و حەفتا هەزار و شەشسەد و شەست و هەشت کەسە.
بەپێی ئەو دەرەنجامە ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بۆ سەرووی چواردە لەسەدا بەرز بووەتەوە و ئامارەکان دەیسەلمێنن ڕێژەکە ١٤.٠٢٩ لەسەدایە و لەچاو ئەو ڕێژەیەی لە یاسای بودجەدا بۆ هەرێمی کوردستان دیاری کرابوو زۆر بەرزترە.
رێژەی پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بودجەی عێراق بە ١٢.٦٧% دوازدە پۆینت شەست و حەوت لەسەدا دەستنیشان کرابوو و بەراوردەکە لەگەڵ دەرەنجامە نوێیەکە دەیسەلمێنێت ڕێژەکە ١.٣٣% یەک پۆینت سی و سێ لەسەدا بەرز بووەتەوە.
دیار نییە قەرەبووی خورانی ئەو پشکە لە بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵانی ڕابردوو دەکرێتەوە یان نا، هەر چەندە حکوومەتی عێراق تەنانەت ئەو ڕێژە لە بودجەیەشی نەنارد کە لە یاسای بودجە بۆ ساڵەکانی ٢٠٢٣ ٢ و ٢٠٢٤ جگیر کرابوو. بەغدا تەنیا بەشێک لە بودجەی بەکاربردنی ناردووە و هیچ بودجەیەکی پێوەندیدار بە وەبەرهێنان و پەرەپێدانی پارێزگاکان لە بەغداوە بەدەستی هەرێمی کوردستان نەگەیشتووە ئەوە سەرەڕای نەناردنی مووچەی مانگی دوازدە.
خەڵک چاوەڕوانن بەغدا کۆتایی بە سیاسەتی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان بهێنێت و لە چوارچێوەی یاسا و دستووری فیدراڵی شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکات و لە بەرانبەردا هەرێمی کوردستانیش ئەرکەکانی خۆی بەرانبەر بەغدا جێبەجێ بکات کە گرنگترینیان رادەستکردنی رۆژانە چوارسەد هەزار بەرمیل نەوتە بە سۆمۆ دوای دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت.