بەردەوام بەو متمانەت بەخۆت هەبێت

بەکر کەریم حەسەن
(مایا ئەنجیلوا) نووسەر و شاعیری ئەمریكی دەڵێ “هەر چەند بەهرەكانت بەكار بهێنی ئەوا زیاتر بەدەست دەهێنی”.
گومانی تێدا نییە مرۆڤ لە ژیانی ڕۆژانەی خۆیدا لەگەڵ كەسانی تر لە كۆمەڵگەیەك دەژیت و كەم تا زۆر بە پێی سروشتی كار و تایبەتمەندییەكانی ژیانی خۆی بەریەككەوتنی لەگەڵ كەسانی تر دەبێت لە ژیانی ڕۆژانەی ئاسایی چ لەكاتی كار و بەرپرسیاریەتی و پیشەیی جۆراوجۆر، یانیش لە هەر جۆرە بۆنە و دانیشتن و قسەكردن و ڕووداوەكاندا گفتوگۆ و ڕاوێژ و دەردەشە دەكرێت. لێرەوە بۆی دەردەكەوێت تا چەند كەسانی دەوروبەر پەیوەست و گرێدراو بە كاروپیشە و خزم و هاوڕێیەتی تا چەند دڵسۆز و پەرۆشن بۆی، یانیش تەنها سوتفە و قەدەر و ڕۆژگار بۆ ماوەیەك یان كاتێكی دیاری كراو كۆی كردینەوە بە ناچاری. بۆیە گرنگە مرۆڤ لە ئەنجامی هەڵسوكەوتی ڕۆژانەی ئاسایی لەگەڵ كەسەكانی تر بزانێ چۆن كارلێك و كاریگەری دروست دەكات لەگەڵ كەسانی تر تایبەت لە قسە و گوفتار و كردارەكانیان هەرگیز نەهێڵێ كاریگەری خراپ و نەرێنی لە سەر خۆی دروست بكات.
ئەوپەری متمانە و باوەڕی بە توانا و كەسایەتی خۆیی هەبێت، نەك كەسایەتی خۆی وا بەستە بكات بە قسە و گوفتار و كاردانەوەی كەسانی تر كە زۆر جار وابووە لە دڵەوە حەز بە سەركەوتن و پەرۆشی و هەوڵەكانت ناكەن، بەڵكو لە گرنگی بایەخ و دڵسۆزیت كەم دەكەنەوە. نایەنەوێ كەسێكی بەرهەمدار و چالاك و گورجوگۆڵ و پڕ كەسایەتی بەهێز و شارەزا بیت، هەمیشە حەز بە كەوتن و دۆڕان و داهیزرانت دەكەن. لەم بارودۆخانەدا پێویستە هەمیشە كەسێكی بەهێز و خاوەن متمانە و بڕوا بەخۆبوو بیت و بەردەوام بیت لە هەوڵدان و خۆ بەدەستەوە نەدەیت، یانیش بۆ ڕازیكردنی دڵی ئەم و ئەو خەریكی پاساوهێنانەوە و پاكانە بیت. یانیش نكۆڵی و حاشا بكەیت. نەخێر پێویستە بەردەوام بیت سوور بیت لە سەر پڕەنسیپە نەگۆڕەكان و لە سەر هەوڵەكان بەردەوام بیت و قسە و كردار و گوفتار و هەستی کەسانی تر نەتوانن ڕێگری لە دەستكەوتەكانت بكەن، توانا و بەهرە و هەوڵەكانت ببنە مایەی بەرهەمەكانت. دەگێڕنەوە جارێك كۆمەڵە بۆقێك بە یەكەوە دەڕۆیشتن لە ناكاو دوو لە بۆقەكان كەوتنە ناو چاڵێكی قۆڵ و كاتێك بۆقەكانی تر ئەو دوو بۆقەیان دیت كەوتوونەتە ناو ئەو چاڵە قوڵە مەحاڵە بتوانن دەربچن، پێیان گوتن مەحاڵە دەرچوونتان هەر چەند باز بدەن و هەوڵ بدەن ناگەنەوە سەر زەوی و لە ناو چاڵەكە دەمێننەوە، خۆتان ماندوو مەكەن و خۆتان بەدەستەوە بدەن و بمێننەوە لە ناو چاڵەكە و چاوەڕێ مردن بكەن، چونكە هەوڵدانتان بێ سوودە. یەكێكیان هیچی نەكرد و مرد، ئەوەی تر بەردەوام بازی دەدا و هەوڵی دەدا بێتە دەرەوە ئەوانیش پێیان دەگوت ناتوانی هەرگیز هەرچی بكەی كات بە فیرۆ دانە خۆ ماندوو كردنی خۆڕاییە هاواریان دەكرد بۆ خۆت ماندوو دەكەی و هەڵدەپەڕین و دەیانگوت ناتوانی لەم چاڵە قوڵە دەربچی، بەڵام ئەو توانی لە چاڵەكە دەربچێ و پێیان گوت چۆن توانیت دەربچیت ؟ سەریان سورما هەموویان كە دیتیان بۆقە (کەڕولاڵە) گوێی لە هیچ نییە و ناتوانێ‌ قسە بكات و ئەو وایدەزانی ئەوا بۆقەكانی تر هانی دەدەن و پاڵپشتی دەكەن بۆ دەرچوون لەم چاڵە، بەڵام ئەوان ورەو پەرۆشیان دەروخاند كەچی ئەو گوێ بیست نەبوو ئەگەر نا ئەویش هەوڵی نەدەدا و دەمرد. بۆیە گوێ بە قسەی خەڵكی مەدە و بەردەوام بە بڕوا و متمانەت بە توانا و خودی خۆت هەبێت قسەی خەڵك وەكو تاشە بەردی گەورە وایە ئەگەر بیخەیتە سەر پشتت ئەوا دەتشكێنێ‌، بۆیە ئەو تاشە بەردانە بخە ژێر پێیەكانت و بەرز بەرەوە و سەربكەوە، هەرگیز گوێ لە قسەی دۆڕاو ڕوخاو دوو ڕوو و قین لە دڵەكان مەگرە وە ئاوڕیان لێ مەدەوە كە لە دواوە بە جێ ماون، بەهێز بە توانای پەرۆشی و متمانە و ئاواتەكانی خۆت ئەوەندە بەسە بۆ ئەوەی بتوانێ‌ بەردەوام بی و سەر بكەویت بەرهەمدار و پڕ دەستكەوت بی.

ڕاوێژكار لە وەزارەتی پەروەردە
ماستەر لە كارگێڕیی پەروەردەیی