پۆلیسی هەولێر ڕایگەیاند، ڕووداوی دزرانی ماتۆڕسکیلی ئافرەتە هۆڵەندییەکە کۆنە و چەند کاتژمێرێک دوای دزرانی، دۆزراوەتەوە و ڕادەستی خاوەنەکەی کراوەتەوە.
پێنجشەممە، 26-12-2024، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پۆلیسی هەولێر لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد: “دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، کە ئافرەتێکی بە ڕەچەڵەک هۆڵەندی وەکوو گەشتیار سەردانی هەرێمی کوردستانی کردبوو و لە ڕێکەوتی 16-11-2024، لە یەکێک لە هۆتێلەکانی شەقامی 60 مەتریی شاری هەولێر ماتۆڕسکیلەکەی دزراوە، پاش ئاگادارکردنەوەمان دەست بەجێ تیمەکانمان دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.”
پۆلیسی هەولێر باسی لەوەش کردووە “دوای بەدواداچوون و بەدەستهێنانی زانیاری، توانیمان لە ماوەی کەمتر لە چەند کاتژمێرێکدا ماتۆڕسکیلەکەی بۆ بدۆزینەوە، لە کاتێکدا چەند مەترێک لە شوێنی مانەوەی دوور خرابووەوە و ماتۆڕسکیلەکەی لەکار کەوتبوو، دواتر ڕادەستی خاوەنەکەی کرایەوە.”
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی هەولێر “ناوبراو هیچ سکاڵایەکی یاسایی تۆمار نەکردووە و لێکۆڵینەوەی پۆلیسیش سەبارەت بەو ڕووداوە بەردەوامە.”