فێستیڤاڵی ساڵی نوێی 2025 لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کرایەوە

دوێنێ شەو  بە ئامادەبوونی ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، فێستیڤاڵی ساڵی نوێ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەژێر قەڵای هەولێر کرایەوە.

لە ڕێوڕەسمەکەدا کە سەرۆکی شارەوانیی هەولێرو بەرێوەبەری گشتی گەشت و گوزاری هەولێر و بەرێوەبەری ژینگەی هەولێرو بەرێوەبەی کاروباری ناوخۆی پارێزگاو ژمارەیەکی تر لە بەڕێوەبەرانی شارەوانی و فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان ئامادەی بوون. فێستیڤاڵەكە لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێرەوە کرایەوە و چەند ڕۆژێک بەردەوام دەبێت.

لە فێستیڤاڵەکەدا چەندین گۆرانی کوردی پێشکەش کران و زیاتر لە 40 کۆشک و ستاندی كاسباكاران و كۆمپانیا ناوخۆییەكان دانراون و هەر یەکەیان خواردن و خواردنەوە و جلوبەرگ و کەلوپەلی دێرینی کوردەواری و بەرهەمەكانیان نیمایش دەکەن. وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پارێزگاری هەولێر بەشەکانی فێستیڤاڵەكەیان بەسەركردەوە و دواتر سەردانی بازاڕ و چایخانەی مەچكۆیان كرد.

فێستیڤاڵی ساڵی نوێ لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئامادەکاری بۆ کراوە و ڕێکخراوە بۆ ئەو چەند ڕۆژەی پشووەکانی ساڵی نوێ بەمەبەستی پێشوازی لە گەشتیارانی عێراق و دانیشتووانی شاری هەولێر و شارەکانی تری هەرێمی کوردستان.