سوپای ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانییاندا لە سووریا، دوو ئەندامی داعش کوژراون و یەکێکی دیکەش بریندار بوو.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس ڕایگەیاند “هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا هێرشێکی ئاسمانییان لە پارێزگای دێرەزوور لە سووریا کرد و بەهۆیەوە دوو ئەندامی داعش کوژران و یەکێکی دیکەشیان بریندار بوو.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “تیرۆریستانی داعش لە بارهەڵگرێکی گواستنەوەی چەک و تەقەمەنیدا بوون.”
ئاماژەی بەوەش دا، ئەم هەڵمەتە لە ناوچەیەک کراوە، پێشتر لە ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا و هێزەکانی ڕووسیادا بووە.
لە کۆتایی بەیاننامەکەدا هاتووە “هەڵمەتەکە، لە چوارچێوەی پابەندبوونی بەردەوامی فەرماندەیی ناوەندییە بە هاوکاریی لەگەڵ هاوبەشەکانی ناوچەکە، بۆ پەکخستنی و لاوازکردنی هەوڵە تیرۆریستییەکان لە پلاندانان و ڕێکخستنی هێرش دژی هاووڵاتیانی مەدەنی و کارمەندانی سەربازیی ئەمەریکا، هاوپەیمانەکانی و هاوبەشەکانی لە ناوچەکە و دەرەوەی ئەو وڵاتە.”
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە بەیاننامەکەدا ڕایگەیاند “لە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا، پێنجشەممەی ڕابردوو، دوو ئەندامی داعش کوژراون، کە یەکێکیان سەرکردە بووە.”
لە بەیاننامەیکەدا هاتووە “لە 19ـی کانونی یەکەمدا هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا هێرشێکی چڕیان کرد و ئەبو یوسف، ناسراو بە مەحموود، لە پارێزگای دێرەزوور لە سووریا لەناو برا.”