رۆژی پێنجشەممە 19ی کانوونی یەکەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز دکتۆر محەمەد ئەلحسسان نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و شاندی یاوەری کرد.
لەم دیدارەدا باس لە هەنگاوەکان و دیالۆگی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کرا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و جەخت لەسەر پێویستیی پێکهێنانی کابینەی تازە و دەستبەکاربوونی لەم دۆخە سیاسییە هەستیارەی لەئارادایە کرایەوە.
هەر لەم دیدارەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پێشهات و گۆڕانکارییەکانی سوریا و ناوچەکە بە گشتی و باس لە مەترسیی سەرهەڵدانەوەی تیرۆر و بیری توندڕۆیی کرایەوە و ئەگەری دزەکردنی تیرۆرستان لە سوریا بە مەترسییەکی جددی دانرا کە کاریگەری بۆ سەر عێراق و ناوچەکە بە گشتیی دەبێت، هەر پەیوەست بەم باسەوە هەماهەنگیی ئەمنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی فیدڕال بە گرنگ زانرا.
هەردوولاش هیوایان خواست دۆخی سوریا ئارامی و سەقامگیری بەخۆیەوە ببینێت و کێشە و گۆڕانکارییەکان بە دیالۆگ و لێکتێگەیشتن لە بەرژەوەندیی گەلانی سوریا بگات بە چارەسەر.