سەدیق سەعید ڕواندزی
ئەدەبیات بەرهەمی زمانە و زمانیش دەركەوتەیەكی دواتری ژیانی مرۆڤایەتییە و مرۆڤ لە سەرەتادا زمانی نەبووە، تەنها بە ئاماژە گوزارشتی لە پەیوەندی خۆی كردووە. مرۆڤ لە پێشەوەی زمانە و سەرەتا مرۆڤ بوونی هەبووە، دواتر بە هۆی گەشەكردنی ژیان و پێداویستی هەبوونی پەیوەندی بە دەورووبەرەوە، زمان دروست دەبێت.مرۆڤ بەرهەمی زمان نییە، زمان بەرهەمی مرۆڤت، ئەوە مانایەك بە زمان دەدات، خودی زمان نییە، بەڵكوو مرۆڤە، ئەم پەیوەندییە، سرووشتێك لە بارەی خۆی و زمان و خەیاڵ و بیركردنەوەكانی دێنێتە ئاراوە، كە مرۆڤ ویستێكی بۆ دەربڕین، گێڕانەوە، گوزارشتكردن لە خەون خەیاڵەكانی لە ڕێی زمانەوە هەبێت. بۆیە لە دوای زمان، ئیدی ژانڕە ئەدەبییەكان لە پێشدا زارەكییەكان و دواتریش ئەوانەی وەك دەق نووسراون، دێنە ئاراوەو لەو سۆنگەیەشەوە شیعریش وەك یەكێك لەو ژانڕانە، ڕێگەیەكی وێناكردن و گوزارشتكردن لە خەیاڵی و دنیابینی مرۆڤ بووە، ئەمەش سەرەتا لە داستانەوە دەست پێ دەكات و پاشان لە فۆڕمە ئەدەبییەكانی دیكەدا، ئەو خەیاڵ و وێنانە دەكەنە نووسین. مرۆڤ زۆرجار بۆ ئەوەی كەف و كوڵی ناخی و خەم و ئازارەكانی دەرببڕێت، لە بەر خۆیەوە ورێنەیەك دەكات و شتێك دەردەبڕێت كە ڕەنگدانەوەی ناخی پەنگخواردووی خۆیەتی. بێگومان ئا لێرەدا، هاوتەریب لەگەڵ گەشەكردنی ژیانی مرۆڤ و بەركەوتنی زیاتر و ئاڵۆزبوونی پەیوەندی و كرانەوەی زیاتر، ژانڕەكان وەك بە شێك لەو وێناكردن و دەربڕینانە دەبینرێن. شیعر، یەكێكە لە كۆنترین ژانڕە ئەدەبییەكان و پەیوەندییەكی هەمیشەیی و ڕوحی بە مرۆڤەكانەوە هەیە و هەموو ژانڕە هاوچەرخەكانی دیكەی ئەدەب لە شێوەی ڕۆمان و چیڕۆك و بیرەوەری و یاداشتانەمە و چەندانی تریش، لە دوای شیعر سەرهەڵئەدەن. ئەم پەیوەندییە مێژووییە، واقیعێكی كۆمەڵایەتی و هەستی لای مرۆڤ دروست كردووە، كە نەتوانێت بێ شیعر بژیت و شیعر نەخوێنێتەوە. ئێمە نانوانین نالی، مەحوی و پەشێو و شێركۆ بێكەس، نەخوێنیینەوە، بەڵام دەتوانین خۆمان لە دەیان چیڕۆك و ڕۆمانی سەردەم ببوێرین و نەیانخوێنینەوە، ئەمە بۆچی وایە؟ چوونكە شیعر بەشێكە لە ڕوح و هەستی مرۆڤ و خوێنەر. لێرەدا، پێگەی شیعر چەند لەلایەن شیعرنووس و شاعیرانەوە هەیە، ئەوەندە زیاتر لای خوێنەر، بابەتەكە ئەوە نییە خوێنەر مانای دیكە بە شیعر دەدەات، چوونكە خۆ هەموو خوێنەرێك بەو نیازە شیعر ناخوێنێتەوە و ئەو توانایەشی نییە، بەڵكوو ئەوەیە كە مرۆڤ هەر لە سەرەتاوە هەست و نەستی بە شیعر كراوەتەوە و شیعر لای، بۆتە پێداویستییەكی ڕوحی و هەستی لای. كەواتا پەیوەندی شیعر بە خوێنەرەوە، ئەو لۆژیكە دەسەپێنێت كە دەبێ شیعر بخوێنرێتەوە، ئەمە لەلایەك، لەلایەكی دیكەوە، شاعیران كە شیعر دەنووسن و بڵاویدەكەنەوە ئایا ئەمە هەر تەنها بەشێكە لە وێناكردن و دەربڕینی خەیاڵ و ئەندێشە و خەمەكانی ناخییان، یان مەبەست لێی گەیشتنە بە ئەویتر كە خوێنەرە؟ بێگومان مەبەست لێی خوێنەر و كردەی خوێنەوەی شیعرەكەیە. (سەلاح فایەق) كە لە باوكێكی توركمان و دایكێكی كورد لە كەركوك لەدایكبووە، لە كتێبی (پێنچ شار و دوو یادگە) كە دەقی دیمانەیەكی درێژە لەگەڵی، باس لەوە دەكات كە دوای ئەوەی دەچێتە فلیپین، كە وڵاتێكی دوورە دەست و دابڕاوە، لەوێ دا ئەبڕێت لە هەموو شتێك و بۆ ماوەی بیست و پێنچ ساڵ شیعر دەنووسێت، بێ ئەوەی بڵاویان بكاتەوە و كەس بیبینێت، ڕۆژنامەنووسێكی ژنیش پرسیاری ئەوەی لێ دەكات ئەی شیعرت بۆ كێ دەخوێندەوە، ئەویش دەڵێت( بۆ سەگەكەم كە ناوی شیریی بوو !) هەڵبەتە، سەگ لە شیعر ناگات، بەڵام ئەم شاعیرە قووڵ دركی بەوە كردووە كە شیعر ژانڕێكە پەیوەندی تەنها بە شاعیرەوە نییە، بەڵكوو بە ئەویترەوە هەیە، بۆیە هەر دەبێ كەسێك هەبێت چێژ لە شیعر ببینێت و بیخوێنێتەوە و گوێبیستی بێت. ئەو شاعیرانەی دەڵێن ئێمە شیعر بۆ خۆمان دەنووسین،، با بوێر و ڕاستگۆ و ڕاشكاو بن، دوای نووسینی هەر شیعرێك بڵاوی نەكەنەوە؟ تۆ كە شیعر بۆخۆت بنووسیت و باكت بە خوێنەر نەبێت، كەواتا پێویست بەوە ناكات هیچ خوێنەرێك شیعرەكانت ببینێت، مادام وایە، با شیعرەكانت هەر لای خۆت بن و بڵاویان مەكەوە. من زۆرجار، گوێبیستی ئەوە دەبم كاتێ شاعیرێك دەڵێت شیعرم بۆ خۆم دەنووسم، نەك بۆ خوێنەر كەچی سەرنجم داوە، هەر ئەو شاعیرە ئەگەر بۆی بلوێت ڕۆژانە شیعرێك دەنووسێت و هەر مینبەر و بڵاوكراوەیەك هەبێت، ئامادەیە بۆیان بنێرێت و تكاشیان لێ دەكات تەنها بۆی بڵاو بكەنەوە. ئەو شاعیرانەی بڕوایان وایە شیعر بۆ خۆیان دەنووسن، هێشتا لە پەیوەندی شیعر و خوێنەر، پیرۆزیی و مەزنی شیعر و ڕۆڵی لە ژیانی مرۆڤەكان نەگەیشتوون. ئەمانە لەو شاعیرانەن كە ترسیان لە ڕەخنە هەیە، ترسیان لەوەیە خوێنەر شیعرەكانییان بخویچنێتەوە و ڕەخنەیان بكات، ترسیان لەوەیە شیعرەكانییان نەچنە خانەی شیعرەوە بە مانا هونەرییەكەی، ئیدی بۆ ئەوەی خۆیان لەو ترسە و لەو بەرپرسیاریەتییە دەرباز بكەن، دێن دەڵێن ئێمە شیعر بۆ خۆمان دەنووسین، بەو مانایەی ئەمە پەیوەندی بە تۆوە نییە و هەر لە سەرەتاوە پێت دەڵێت مافی ئەوەت نییە قسە لەسەر دەقەكەم بكەی چوونكە ڕەنگدانەوەی ناخی خۆمە و پەیوەندی بە خۆمەوە هەیە. ئەگەر وایە، بوێر بەو شیعرەكانت وەك دەستنووس هەڵبگرەو بڵاویان مەكەوە.