عومەر چنگیانی
خوێنەری بەڕێز! ئەم خاڵە گرنگەی لە ڕۆژی دواییدا “بە چاوی سەر خوا بینینە”، كێشمەكێشێكی زۆری لەسەرە لەلای زانایان و ئەوەی متمانەی خۆمە لێرەدا دەیبەخشمە جەنابتان، لە بەردەمیشمدا بەڵگەی زۆر هەیە و نامەوێ بابەتەكە درێژ بكەمەوە و لە ڕێتمی سادەییەتییەكەی خۆی دووری بخەمەوە.
دوای باسی خۆشبەختی بە بینینی خوا شادبوونی بڕواداران لە ڕۆژی دواییدا، لە ئایەتی “بیستوچوار و بیستوپێنج”دا باسمان لە بەشێكی تری مرۆڤەكان بۆ دەكات و دەفەرمێت:
“هەر لەو ڕۆژەدا دەموچاوگەلێكی تر هەن كە تێك چوونە و پڕن لە ترس؛ خەمۆك و تۆقیون و، وای بۆ دەچن لەو ڕۆژەدا دەگەن بە دەرد و ئازاری پشتشكێن.”
گومان لەوەدا نییە كە ئەم سیفەتی خۆشی و ناخۆشییە بۆ مرۆڤەكان و وەپاڵدانییە پاڵ چاوەكانیان، جۆرێكی ترە لە جۆرەكانی ڕەوانبێژی و موجیزەی قورئان، كە ئێمە لێرەدا هێندەی لە بارەوە دێژین و گۆڕەپانی زۆرجۆری لێتێگەیشتنەكان واڵایە بۆ دوای ئێمەیش وەك بۆ ئێمە واڵا بووە تا بە ئێمە گەیشتووە.
دوای ئەوەی پەردەی لەسەر چاوی خەڵكانێك لا دا و كەوتە باسی هەندێك لە مرۆڤەكان كە لە ڕۆژی دواییدا حاڵی بێ حاڵیان چۆن دەبێت، جارێ تر وەك شێوازە تایبەتەكەی قورئان خۆی، دیمەنگەلێكی بیرهێنەر و لە هەمان كات هەردەم بینراوی دەوروبەری مرۆڤەكان دەكاتەوە شوێنی پەندلێوەرگرتن و، دەفەرمێت:
“نا وا نییە كە ئەم مرۆڤە هەر وا بە ئاسانی خۆ بەدەستەوە بدات و پەند وەربگرێت!؟ ئاخر ئەو كاتەی دەكەوێتە گیانەڵا و بە دەم دەرچوونی ڕۆحیەوە ئەملاولای ملی ڕەق دەبێ و دەوروبەرەكەی بەو شێوە دەیبینن كە چۆن ئازار دەچێژی و ناتوانن هیچی بۆ بكەن و بە ناچاری، دەكەونە پرسیار: ئەرێ كەسێك هەیە فریای ئەم نەخۆشە بكەوێ و “ڕوقیە” و دۆعای بەسەردا بخوێنی؟”
ئەو كاتەی وا دەزانێ كە ئیتر ئەمە قۆناغی كۆتاییە و لێكدابڕانی بۆ هەتاهەتایی جەستە و ڕۆحە لەم قۆناغەی ژیاندا”.
“ئەو كاتەی لە ترس و بیم و بە دەم ئازاری گیانكێشرانەوە لاقەكانی لێك دەئاڵێنێ و دانەچیڕەی پێ دەكەوێ”.
وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە ئەوەیە كە ئەوە ئەو ڕۆژەیە كە:
“لێخوڕین، ڕاكێشان لە ژوور و بەدەر لە ویستی تاكەكان، بۆ لای پەروەرێنتە”.
ئەمە دیمەنی ئەو شانۆیەیە كە لێرەدا پەردە لەسەر ئەم قۆناغەی هەڵدەداتەوە، “ڕاكێشان”، ئەو ڕۆژە بە تەنها بۆ بەردەم پەروەرێنتە و بەس؛ وەك دەبینین ڕستەی “بۆلای پەروەرێنتە”، كە لە ڕووی ڕێزمانی عەرەبییەوە پەیوەستە بە وشەی “مەساق” پێش كەوتووە، كە ئەمەیش بەڵگەی تایبەتمەندێتی دەگەیێنێت!
وەكچۆن لە پێشخستنی ڕستەی “ایاك” لە پێش “نعبد” و “نستعین” لە سوورەتی “فاتیحا”دا، بەڵگەی تایبەتمەندێتی بوو.
دەرەنجام، كەوابوو ڕۆژی لێپێچانەوە و گەڕانەوە بۆی، بەدەر لە خوای بێهاوەڵی تاك و تەنیا، لە ژێر ڕكێف و ویست و خواستی هیچ كەسدا نییە و ئیتر هەرچی دەگوترێ و دەنووسرێ لەبارەی ئەوەی لەو ڕۆژەدا كێ فریای كێ دەكەوێ و لەوێ ڕۆڵێكی پێ دراوە، وا نییە و تەنها دەسبڕەكانن بە ناوی ئایینەكانەوە كەوتوونەتە گیانی خەڵكی و، گوایە یەكێ دەستەبەری بەهەشت دەبێ و یەكێ دەستەبەری نەچوون بۆ دۆزەخ!
دێینەوە نێو سوورەتەكە كە تێماندەگەیێنێ ئەم نموونەیە باس لە كێ دەكا و، وەك پێمان بڵێ:
“دەزانن ئەو مردووەی باسی لێ دەكەین كێیە؟ ئەو كەسەیە كە “نە بڕوای بە ڕاستێتیی پەیامەكە هەبووە نە قورئان و پێغەمبەرەكەمانی بە هەق زانیوە!” ” صدق (سەددەقە) بەڕاستگێڕانە، نەك بە مانا “تصدق” خێری كرد یان خێركردن.
“نەك هەر هێندە و بەس نوێژیشی نەدەكرد!”
ببینن: “نوێژیشی نەدەكرد.”
ئاخر نوێژ، كە كۆڵەكەی ئایین و بەڵگەی بڕوادارییە، نابێ فەرامۆش بكرێت، چونكە خوای گەورە لە قورئانەكەی خۆیدا بە هەموو داڕشتنەكانی وشەكەوە “نەوەدونۆ” جار بەكاری هێناوە و بە تەنها بە وشەی “الصلاە” 67 جار و بەشێوەی فەرمان بۆ تاك “أقم الصلاە” پێنج جار، كە دەكرێ ئاماژەیەكی وردی زمانی ژمارەی قورئانی بێت بۆ پێنج نوێژەكە و بە شێوازی فەرمانی گشتیش “أقیموا الصلاە” دوانزە جار كە “پێنج كۆ دوانزە، دەكاتە حەڤدە” و ڕكاتەكانی نوێژی پێویست “واجب” لەسەر بڕوادار ڕۆژی حەڤدە ڕكاتە؛ ئیتر دوای قورئان كە ئەو هەموو فەرموودەیەی لەبارەیەوە هاتووە، نە كەمن و نە دەبێ بە كەمیش سەیر بكرێن.