كارزان گلی – ههولێر
داگیركردنی شام لەلایەن چەكدارانی تەحریر شام، هاوكێشەی سیاسی و هێزی لە سووریا گۆڕی، بەهۆی ئەوەی هێزەكانی (هەسەدە)، كە یەپەگە كاریگەرترینە لەناویدا دووەم زۆرترین خاكی لەژێردەستدایە لە سووریا، بۆیە چاوەكان كەوتە سەر ئەو هێزە و ئاییندەی كورد لە سووریا، چونكە پێشبینییەكان بۆ ئەوەن، دوای نەمانی بەشار ئەسەد، ئیدی تەحریر شام و سوپای میللی سووریا روو لە هەسەدە دەكەن و دەیانەوێت بەتەواوی لە سووریا لاوازی بكەن.
پێگەی هەسەدە لە رۆژئاوای كوردستان و بەشێكی خاكی سووریا زۆر بەهێزە، هۆكارەكەشی ئەو پاڵپشتییە سەربازییەیە كە ئەمریكا و وڵاتانی رۆژئاوا لێی دەكەن، هەروەها خاوەنی زیاتر لە ١٠٠ هەزار چەكدارە، بۆیە گۆڕینی بەرەی شەڕ بەرامبەر هەسەدە، رەنگە ماڵوێرانییەكی گەورە بەدوای خۆیدا بهێنێت و ملیۆنان هاووڵاتی ئاوارە ببن.
توركیا هەر لە سەرەتاوە لەرێگەی وەزارەتی دەرەوەی خۆیدا گوتی، هیچ پەیوەندییەكمان بەو پەلامارەی تەحریر شام نییە، بەڵام ئەو هێزە بەبێ پاڵپشتی و ئۆكەی توركیا ناتوانێت یەك هەنگاوی سەربازی بهاوێت. هەر توركیاش بوو لە ٢٠٢٠ و لە كۆبوونەوەی ئەستانا، ئاگربەستی لەبارەی ئیدلیب راگەیاند و نەیهێشت رووسیا و رژێمی ئەسەد، ئیدلیب لە دەستی تەحریر شام دەربهنێنن، بۆیە روونە كە توركیا ئەگەر بە نهێنییش بێت پاڵپشتی سەربازی و دارایی تەحریر شامە.
یەپەگە، لەلای توركیا وەكوو تیرۆرست ناسێنراوە، بەڵام ئەمریكا بەهاوپەیمانیی خۆی لە سووریا ناوی دەبات، بۆیە هەموو هەوڵێكی توركیا بۆ ئەوەیە، یەپەگە لە سووریا نەهێڵێت و كۆتایی پێبهێنێت، بۆ ئەمەش تەنیا چەكدارانی تەحریر شام و سوپای میللی سووریای لەبەردەستە، كە پێشتر ناوی سوپای سووریای ئازاد بوو، بەڵام ئایە بەبێ رەزامەندی ئەمریكا، توركیا دەتوانێت پەلاماری رۆژئاوای كوردستان بدات؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە دوو ئەگەر هەیە:
یەكەم/ رەنگە توركیا بیەوێت بە بەهێزكردنی تەحریر شام و سوپای میللی سووریا، بە هێزێكی گەورەوە بێتە سەر مێزی گفتوگۆ بۆ داهاتووی سووریا، بەتایبەت لە مانگی یەكی ئەمساڵ، دۆناڵد ترامپ دەبێتە سەركۆماری ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا و توركیا نایەوێت بەرامبەر بە ترامپ لاواز دەركەوێت، چونكە سیاسەتی ترامپ لەبارەی سووریاوە تاوەكوو ئێستا روون نییە.
ئەگەر ترامپ بڕیار بدات لە رۆژئاوا بكشێتەوە، ئەوكات توركیا بەئاسانی بەر دەبێتە گیانی یەپەگە و وەكچۆن عەفرینی داگیر كرد، رۆژئاواش دەخاتە ژێر ركێفی خۆی.
دووەم/ بەشێك لە چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، رەنگە رێككەوتنێكی نهێنی لە نێوان ئەمریكا و توركیا و ئیسرائیل هەبێت، بەوەی پەكەكە لە خاكی توركیا بێتە دەرەوە و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە، كە دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە چەندین جار داوای كردووە و تەنانەت داوای كرد عەبدوڵا ئۆجەلان، لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێك پێشكەش بكات و داوا بكات پەكەكە چەك دابنێت، چاودێرانی سیاسی پێیان وایە، ئەم پەیامەی باخچەلی بۆ ئەوەیە، لە بەرمبەردا پەكەكە بچێتە ناو یەپەگە، یاخود لە سووریا بە ناوێكی تر سیاسەت بكات و توركیاش چاوپۆشی لە دروستكردنی هەرێمێك بۆ كورد لە سووریا بكات.
پێشبینییەكان بۆ ئەوەن ئیدی بە كردار سووریا بەسەر سێ هەرێم دابەش دەبێت، هەرێمی سوننە و كورد و شیعە. رەنگە ئەو خاكەی خاكی عەرەبە و پەیوەندی بە رۆژئاوای كوردستانەوە نییە، بكەوێتە ژێر دەستی چەكدارانی نزیك لە توركیا و هەسەدەش رازی بێت، چونكە توركیا بە بەهانەی مەزاری شا سلێمان لە گوندی ئێشمە لە رۆژئاوای رووباری فورات، دەیەوێت مەنبەج و تەواوی رۆژئاوای فورات دابڕ بكات. بەهانەشی ئەوەیە، لە رێككەوتنی لۆزاندا هاتووە، كە تاكە خاك، لە ڕووی ئیدارییەوە سەر بە توركیایە و لە دەرەوەی خاكی خۆیەتی قەڵای جابەرە، چونكە مەزاری شا سلێمانی لێ بوو. دوای هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆ لە سووریا، توركیا لە ئۆپەراسیۆنێكدا مەزاری شا سلێمانی گواستەوە بۆ گوندی ئێشمە كە ١٨٠ مەتر لە توركیاوە دوورە، بەڵام هەر خاكی سووریایە، بۆیە رەنگە توركیا بە بەهانەی پارێزگاریكردن لەو مەزارە، مەنبەج و رۆژئاوای فورات داگیر بكات.