ئەرجومەن هەورامی: ئەگەر هاوكاری بكرێم چەند بەرهەمێكم ئامادەیە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

هونەرمەند ئەرجومەن هەورامی دەڵێت، خەزێنەیەكی گەورەی هونەری كوردی و هەورامیی لایە و ئەگەر لەڕووی ماددییەوە هاوكاری بكرێت چەند بەرهەمێكی نوێی ئامادەیە.

هونەرمەند ئەرجومەن هەورامی زیاتر لە 30 ساڵە سەرقاڵی كاری هونەرییە و زیاتریش بە بەرهەمی هەورامی بەناوبانگە و لە ناسراوترینیان (قاسم خان) كە ساڵانی نەوەدەكان بڵاوی كردەوە و دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو، بەڵام ئێستا لەبەر باری خراپی دارایی، ناتوانێت بەرهەمی نوێ بڵاو بكاتەوە.
ئەرجومەن هەورامی لە دیدارێكی (هەولێر) ئاماژەی بەوە دا كە نزیكەی 10 ئاوازی نوێ و چەند بەرهەمێكی فۆلكلۆریشی ئامادەیە و ئەگەر هاوكاری بكرێت كاریان لەسەر دەكات.
هەولێر: ماوەیەكی زۆرە بەرهەمی نوێت نییە، ئەوە چۆن؟
ئەرجومەن هەورامی: وەك دەزانن ئێمە لە سەرەتای نەوەدەكانەوە دەستمان بە كاری هونەری كرد و تائێستاش بەردەوامین، بەڵام كە هونەر چووە چوارچێوەیەكی بازرگانییەوە، پێویستی بە لایەنی داراییە، ئەوەی پشتگیری دارایی هەبوو لە كاروانی هونەر دانەبڕا، بەڵام ئەوانەشی كە بێناز بوون و ئەو پشتگیرییەیان نەبوو وەك ئێمەومانان لە كاروانەكە دابڕاین، هەرچەندە ئێمە خەزێنەیەكی گەورەی هونەری كوردی و هەورامیمان لایە و لە سنگماندا ماوەتەوە، بەڵام بواری دەربڕینی نییە.
هەولێر: وتت بێناز كراوین، كێ بێنازی كردوون؟
ئەرجومەن هەورامی: بەداخەوە، دیارە كۆمەڵێك خەڵك دەبینی حكومەت بۆتە پشتگیرێكی گەورە بۆیان، ئێمەش ناتوانین وەك پێویست كاری هونەری بكەین، جاران هەر ئەو موزیسیانەی كە كاریان بۆ دەكردین، ئێستا بە بڕە پارەیەكی زۆرتر كارمان بۆ دەكەن ئەوەش مافی خۆیانە لەبەرئەوەی بژێوی ژیان قورستر بووە.
هەولێر: ئەگەر هاوكاری بكرێیت، چەند بەرهەمی خۆتت هەیە؟
ئەرجومەن هەورامی: بێگومان كاری زۆرمان هەیە نزیكەی 10 ئاوازی خۆم هەیە، جگە لە بەرهەمی فۆلكلۆریش، چونكە خەزێنەیەكی زۆری فۆلكلۆری هەورامیشمان لایە.
هەولێر: با واز لە حكومەت بهێنین، ئەی كۆمپانیاكان بۆچی هاوكاریتان ناكەن؟
ئەرجومەن هەورامی: راستییەكەی ئەگەر ئێمە گۆرانییەكە تۆمار بكەین، رەنگە كۆمپانیاكانیش سپۆسنەری كلیپەكە بكەن.
هەولێر: رۆژان زیاتر بە چییەوە سەرقاڵیت؟
ئەرجومەن هەورامی: هونەرمەندان هەر لە مامۆستا حەسەن زیرەكەوە تائێستا هەر بە نەهامەتی ژیاون، وەك خۆیشم نەبێتە كڕووزانەوە، بەڵام كارم نییە و لە ڕووی تەندروستییشەوە باش نیم، تەنها كوڕەكەم كار دەكات و بژێویمان دابین دەكات.