پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 12, 2024

خاڵی وەرچەرخان بۆ ئایندەی سووریا

‎هاودەنگ فارووق
گۆڕانكاری گەورە لە سووریا هاتە كایەوە. بەچاوپۆشین لەوەی كێ لەگەڵ ئەو گۆڕانەیە و كێ لەدژیەتی، دواجار هەمووان مامەڵە لەگەڵ ئەمری واقیع و بارودۆخی سەرزەوی دەكەن. هەمووان سەیردەكەن، چی لەسەر زەوی دەگوزەرێت، نەك سەیری ئەوە بكەن چی لە ئایدۆلۆژیا و بیروبۆچوونی دەستە و گروپێكاندا هەیە. ئەمەش خاڵی وەرچەرخانە بۆ ئایندەی سوریا، ئەوەی پەیوەستە بەگەلانی سوریاوە ئەوەیە كە خۆیان بڕیاردەدەن بەچ شێوازێك وڵاتەكەیان بەڕێوەدەبن و، بەچ پێوەرێك دۆخەكە تێدەپەڕێنن و بەگوێرەی چ ڕێككەوتنێك مامەڵە لەگەڵ یەكتر دەكەن.
بەڵام ئەوەی بۆ خەڵكی دی لەدەرەوەی وڵاتەكە گرنگە، ئەوەیە تاچەندە سوریا دەبێتە هۆكاری ئۆقرەیی و ئاشتی لەناوچەكەدا، هەمووان پیرۆزباییان لە گەلی سوریا كردووە، لەنزیكترین هاوپەیمانەكانی سوریاوە، تاكو دوورترین نەیار، سەرجەمیان بۆ ئەم سەردەمە نوێیە، موبارەكباییان بۆ گەلی سوریا نارد. بەڵام سەرجەم یار و نەیارەكان لەئێستادا سەرنجی ورد دەدەن چاودێری دەكەن لەسەر ئەوەی سوریا چ ڕۆڵێك لەناوچەكەدا دەگێڕێت؟ ئایا سوریا بەم فۆرمە تازەیەوە، دەبێتە هۆكاری سەقامگیری، یان بەپێچەوانەوە.
سەبارەت بەگەلی كوردیش، وەك لە بڵاوكراوەكەی سەرۆك مەسعود بارزانیدا جەختی لێكراوەتەوە، چاوەڕوان دەكرێت، مافی سەرجەم پێكهاتەكانی گەلی سوریا بپارێزرێت و، هەمووان پێكەوە ڕێگایەكی ڕۆشن و ئایندەیەكی گەش كە شایستەبێت بە سەرجەم گەلانی سوریا بنەخشێنن.ئەمەش بەوەدەكرێت لایەنێكی كوردی واز لە تاكڕۆیی بێنێ و هەموو لایەنە كوردییەكان میساقی شەرەف مۆر بكەن و پێكەوە بڕیار لە یەكڕیزیی و ئامانجی هاوبەش بدەن.
لەڕاستیدا ئەم هیوا خواستنە، پێویستی بەوەیە بەكردەوە لەسەر زەمینەی واقیع جێبەجێ بكرێت. ئەوەش واتە كۆدەنگی لایەنەكانی ناو سوریا لەسەر هەڵبژاردنی ڕێگەی ئاشتی و دروستكردنەوەی نیشتمانێك بۆ هەمووان. سڕینەوەی ئەو ستەمانەی لەسەر گەلانی سوریا بەتایبەت نەتەوەی كورد هەبوون.
لێرەشدا پرسیارە قورسەكە دێتە پێشەوە: ئایا ئەم پرۆسەیە هێندە سادە و ساكارە، بەو ساناییە بەڕێوەبچێت؟ گرنگە هەمووان بیزانین كە ئەو هێز و لایەنانەی ڕژێمی بەشار ئەسەدیان لەماوەیەكی پێوانەیی زۆر كورتدا ڕووخاندا، بۆ خێر ئەو كارەیان نەكردووە، بەڵكو چاوەڕوانییان هەیە ڕۆڵی سەرەكییان هەبێت لە حكومڕانێتی تازەی سوریادا.
هەر لایەنێكیش تەعبیر لە سیاسەت و بەرژەوەندی خۆی دەكات و، بەو پێیەش داخوازی هەمەچەشن و پێكەوە نەگونجاو لە دەستەڵاتدارانی نوێی سوریا دەكرێت. هەر ئەوەش وادەكات بەرژەوەندی پێچەوانە بێتە كایەوەو، ئەوەش دەبێتە سەرەتای تێكچوونی هاوسەنگی و لێكخشانی زبری نێوان حوكمڕا تازەكانی سوریا.
لێرە بەدواوە، سەرجەم چاوەكان لەسەر ئەوەی، گەلی سوریا چۆن تەحەداكان بەڕێدەكات؟ چۆن حوكمڕانە تازەكانی ئەو وڵاتە هاوسەنگی نێوان هێزە هەرێمایەتی و نێودەوڵەتییەكان دەپارێزن؟ ئەم تاقیكردنەوەیە كاریگەری لەسەر ئایندەی دوور و نزیكی وڵاتەكە هەیە. دواتر: سوریا چۆن ڕۆڵی خۆی لە ناوچەكەدا ڕێكدەخاتەوە؟. وەڵامی سەرجەم ئەم پرسیارانە، جارێ ڕوون نییە، ئەگەرچی هەندێك سەرەداوی سەرەتایی لەبەردەستدان و، پێناچێت ڕێگەكە بەگوڵ و ڕەیحان چێنرابێت.