بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی، فێستیڤاڵێک بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ لە شاری دھۆک دەکرێت، کۆمپانیا بەشدارەکانیش داشکاندن بۆ کەلوپەلەکانیان دەکەن. سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی دھۆک، دەڵێت: ئامانج لە فێستیڤاڵە ڕاکێشانی گەشتیاران و لێکنزیککردنەوەی ھاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی دھۆکە.
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی زایینی ٢٠٢٥ بە ھاوکاریی ژمارەیەک کۆمپانیا، فێستیڤاڵێکی تایبەت لە گۆڕەپانی تەلەفریکی شاری دھۆک ڕێکدەخەین.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای دھۆک، ئاشکراشی کرد: فێستیڤاڵەکە، بۆ ماوەی ١٠ ڕۆژ بەردەوام دەبێت، لە ڕۆژی ٢١ی ئەم مانگە دەست پێ دەکات تاوەکو ٣١ی مانگ بەردەوام دەبێت ئامانج لە فیستیڤاڵەکە، لێکنزیککردنەوەی ھاووڵاتییان و کۆمپانیاکانی پارێزگای دھۆک و نیشاندانی بەرھەمی کۆمپانیاکانە، ئامانجێکی دیکەمان لەم فێستیڤاڵە، ڕاکێشانی گەشتیارانە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستانەوە بۆ شاری دھۆک.
شوکری جەمیل، سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای دھۆک، گوتیشی: زۆرینەی وڵاتان لە ھەموو سەرساڵێکی نوێ ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە بۆ ھاووڵاتییانیان ڕێک دەخەن و سوودێکی زۆریان ھەیە.
سەرۆکی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی پارێزگای دھۆک، دەشڵێ: ٦٠ کۆمپانیای جۆراوجۆر بەشداریی فێستیڤاڵەکە دەکەن و بە ڕێژەیەک داشکان بۆ کەلوپەلەکانیان دەکەن.