له‌ ڕابردوو زه‌نگی مەترسی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ لە هەولێر, ئێستا دڵنیایی تا ٣٠ ساڵی دی

چواس خالید – هەولێر

 

له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوودا زه‌نگی مه‌ترسی كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاوی خواردنه‌وه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان لێدرا، به‌وه‌ی ئاستی ئاوی ژێر زه‌وی به‌ تایبه‌ت له‌ هه‌ولێری پایته‌خت تا چوار سه‌د مه‌تر دابه‌زی، جیا له‌ بنیاتنانی به‌نداو و پۆند، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ڕۆنانی پڕۆژه‌یه‌كی گرنگی ئاو، تا ٣٠ ساڵی دی دانیشتوانی ئه‌رخه‌یان كرد و ئێستا ڕشتانه‌ كار له‌ پڕۆژه‌كه‌ ده‌كرێت.

به‌پێی زانیارییه‌كانی ڕۆژنامه‌ی هه‌ولێر، له‌ چه‌ند ساڵی ڕابردوو هه‌ڕێمی كوردستان له‌به‌رده‌م مه‌ترسییه‌كی گه‌وره‌ی كه‌می ئاودا بوو، كه‌ به‌پێی داتاكان له‌ ساڵی ١٩٨٦ه‌وه‌ تا ئێستا، چوار سه‌د مه‌تر لە ئاستی ئاوی ژێرزه‌وی له‌ هه‌رێمی كوردستان دابه‌زیبوو، ڕێژه‌ به‌رزه‌كه‌ له‌ هه‌ولێری پایته‌خت بوو.
هه‌ولێری پایته‌خت، شازده‌ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی پێویسته‌، كه‌ به‌ هه‌ر سێ پڕۆژه‌ ستراتیژییه‌كه‌ی ئاوی ئیفرازی یه‌كه‌م و دووه‌م و سێیه‌م، سێزده‌ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو دابین ده‌كات و له‌ ڕێگه‌ی هه‌زار و دوو سه‌د و چل بیریشه‌وه‌ سێزده‌ هه‌زار مه‌تر سێجاكه‌ی دیكه‌ دابین ده‌كرێت.
دابه‌زینی ئاوی ژێرزه‌وی به‌و ڕێژه‌یه‌، زه‌نگی مه‌ترسییه ‌و ساڵانێكه‌ حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هاوشێوه‌ی كه‌رته‌كانی پیشه‌سازی و كشتوكاڵ و گه‌شتیاری، ڕشتانه‌ كار له‌ سێكته‌ری ئاودا ده‌كات و مه‌به‌ستیه‌تی هاووڵاتیانی له‌ ڕووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ی ئه‌گه‌ری كه‌م ئاوی و وشكه‌ساڵی ئه‌رخه‌یان بكات.
بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، جیا له‌ بنیاتنانی چه‌ندان به‌نداو و پۆند به‌ گوژمه‌ی قه‌به‌ بۆ گلدانه‌وه‌ی ئاوی باراناو، له‌ نێزیك شار و شارۆچكه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ ٨ی ئه‌یلوولی ٢٠٢٤، مه‌سرور بارزانی سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر دانا و له‌ مه‌ڕاسیمه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌، تا نزیكه‌ی ٣٠ ساڵی دیكه‌، گرفتی كه‌مئاوی له‌ شاری هه‌ولێر ناهێڵێت.
له‌ دوای دانانی به‌ردی بناغه‌ی پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر، ده‌ست به‌ ڕۆنان و جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌كه‌ كرا، له‌و كاته‌وه‌ ڕشتانه‌ كاری تێدا ده‌كرێت به‌ جۆرێك، ئێستا سێ شه‌فت و به‌ هه‌زاران كاركه‌ر و ئامێر كار له‌ بنیاتنانی ده‌كرێت، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ر له‌ واده‌ی دیاریكراو ته‌واو بكرێت و بخرێته‌ خزمه‌ت دانیشتوانی شاری هه‌ولێر.
پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر، به‌ گوژمه‌ی نزیكه‌ی چوار سه‌د و هه‌شتا ملیۆن دۆلار جێبه‌جێ ده‌كرێت، ماوه‌ی ته‌واوبوونی پێنج سه‌د و په‌نجا ڕۆژه‌، كه‌ به‌ته‌واوبوونی ١٠٠% گرفتی كه‌مئاوی له‌ شاری هه‌ولێر چاره‌سه‌ر ده‌كات.
پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر، پڕۆژه‌یه‌كی گه‌وره‌ی دابینكردنی ئاوه‌، كه‌ ڕۆژانه‌ چوار سه‌د و هه‌شتا هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو ده‌پاڵێوێت و بۆ هه‌ر كاتێك ٢٠-٢١ هه‌زار مه‌تر سێجا ئاوی خاوێێن دابین ده‌كات.
پڕۆژه‌كه‌ به‌ چوار هێڵی سه‌ره‌كی له‌ نێوان گه‌ڕه‌كه‌كانی شه‌قامی ١٢٠ مه‌تری و ١٥٠ مه‌تری جێبه‌جێ ده‌كرێت، له‌ هه‌ریه‌ك له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی داره‌توو، بنه‌سڵئوه‌، كه‌سنه‌زان، پیرزین، شاوێس، به‌حركه‌، عه‌نكاوه‌ و سێبیران و هتد…، لێی سودمه‌ند ده‌بن.
ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پشتی به‌ ئاوی زێی گه‌وره‌ به‌ستووه‌ و دوای پاككردنه‌وه‌ و پاڵاوتنی ئاوه‌كه‌ و فلته‌ركردن و كلۆركردنی به‌ ستانداری ڕێكخراوی ته‌ندروستی جیهانیی (WHO)، و عێراقی ده‌گه‌یه‌ندرێته‌ دانیشتوانی شاری هه‌ولێر.
جێبه‌جێكردنی پڕۆژه‌ی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر ئاڵۆزه‌، كه‌ دوو سه‌د كیلۆمه‌تر بۆڕی سپایڕۆڵ به‌ تیره‌ی سێ سه‌د ملیم، تا شه‌ش سه‌د ملیم به‌كار دێت و تێیدا دوو سه‌د و هه‌شتا كیلۆمه‌تر بۆڕی ئه‌سیلین به‌ تیره‌ی سه‌د و شه‌ست ملیم و ژوو سه‌د و بیست ملیم و دووسه‌د و په‌نجا ملیم بۆ به‌ستنه‌وه‌ پڕۆژه‌كه‌ به‌ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر هه‌یه‌.
پڕۆژه‌ی ستراتیژی فریاگوزاریی خێرای گه‌یاندنی ئاوی خواردنه‌وه‌ی بۆ شاری هه‌ولێر، ڕۆژانه‌ چوار سه‌د و هه‌شتا هه‌زار مه‌تر سێجا ئاو، بۆ گه‌ڕه‌كه‌كانی شاری هه‌ولێر ده‌نێرێت و به‌هۆیه‌وه‌ زیادتر له‌ هه‌زار بیری ئاو له‌ شاری هه‌ولێر داده‌خرێت و چیدی بۆ ئاوی خواردنه‌وه‌ی دانیشتوانی سودی لێ وه‌رناگیرێت، كه‌ به‌وه‌ش و بنیاتنانی چه‌ندان به‌نداو و پۆند و هتد…، ژێرخانی ئاوی ژێر زه‌وی پارێزراو و به‌رزتر ده‌بێته‌وه‌.