ئەمڕۆ هەینی، 6-12-2024، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە بەغدا و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ دەکات.
مێدیاکانی ناوخۆ ڕایانگەیاند، عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران، بە سەردانێکی فەرمی گیشتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و بڕیارە لەم سەردانەدا دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سووریا لەگەڵ بەرپرسانی عێراق تاوتوێ بکات.
سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کاتێکدایە ترسی تەشەنەسەندنی قەیرانی سووریا بۆ عێراق لە زیادبووندایە، ترسەکەش لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی دەیەی ڕابردووە کاتێک گروپە چەکدارەکان هاتنە ناو خاکی عێراق، بۆیە ئەمە ئێرانی نیگەران کردووە.
دوێنێ پێنجشەممە، ئاژانسی هەواڵی عێراقی بڵاوی کردەوە، ڕۆژی هەینی، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، بەسام سەباغ، وەزیری دەرەوەی سووریا و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتەکانی سووریا کۆ دەبنەوە.
ئەم کۆبوونەوە سێ قۆڵییە دوای ئەوە دێت کە گرووپە چەکدارە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سووریا کۆنترۆڵی هەردوو پارێزگای حەلەب و حەمایان کردووە و لە پارێزگای حمسیش نزیک بوونەتەوە.