كوردێك تەواوی قورئانی پیرۆزی بۆ سەر زمانی ئاماژە وەرگێڕا

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

مامۆستایەكی خەڵكی هەولێر ماوەی هەشت ساڵە لە مزگەوتی ئەحمەد دەرماناوەی هەولێر، گوتاری هەینی بۆ نابیسان وەردەگێڕێت، لە دوایین كاریدا تەواوی قورئانی پیرۆزی بۆ سەر زمانی ئاماژە وەرگێڕاوە و هەر 30 بەشەكەی قورئانیش لە سێ بەرگدا كۆ كراوەتەوە؛ وەك خۆی دەڵێت دوای ئەوەی فەتوای لیژنەی باڵای فەتوای هەرێمی كوردستانی بۆ دەرچووە، ئێستا توێژی نابیسایانیش دەتوانن قورئان وەكو مرۆڤی ئاسایی بخوێننەوە و خەتمی بكەن.

عێزەدین حامد لە دایك بووی ساڵی 1978 شاری هەولێرە و دەرچوونی كۆلێژی شەریعەیە؛ ئێستا مامۆستای وانەی ئایینە لە یەكێك لە قوتابخانە ئامادەییەكانی شاری هەولێر و چوار كەس لە ئەندامانی خێزانەكەی نابیسان و ئەمەش هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی خزمەت بەو توێژە بكات.
ئەو مامۆستایە جگە لە گوتاری هەینی، پێشتریش بە پێی توانست و بە شێوەی ئاماژە ئایەتەكانی قورئانی بۆ وەرگێڕاون، بەڵام ئاخری توانیی تەواوی قورئانیان بۆ وەربگێڕێت و هەزار دانەشی لێ چاپ بكات، وەكو خۆی دەڵێت پرۆژەكەم پرۆژەیەكی گەورەی ئایینی بوو، بۆیە كاتی پرۆژەكەم تەواو بوو یەكێتیی زانایانی كوردستان پێیان گوتم: هەقە ناوت بخرێتە ناو پەرتووكی گینسەوە، کە ژمارە پێوانەییەكانی لێ دەنووسرێتەوە.
لە دیمانەکیدا لە گەڵ هەولێر لە بارەی بیرۆكەی پرۆژەكەیەوە ئەو گوتی: هەستم دەكرد كە نابیساکان بێ بەشن لە خوێندنی قورئان، ئەوانیش وەكو مرۆڤی ئاسایی ڕەنگە حەزیان كردبێت كە قورئان بخوێنن بەڵام ڕێگایەك نەبووە كە ئاسانكارییان بۆ بكات، جگە لەمەش لە كەناڵی یوتوبیش چەند جارێك ئەوەم پێش چاو كەوت كە چەند سوڕەتیكی كورت وەك ( الناس و الاخلاص و الفلق ) لەلایەن هەندێك خەڵكەوە كراوەتە زمانی ئاماژە بەڵام نەمبینی قورئان بە تەواوەتی وەبگێرێتە سەر ئاماژە، بۆیە ئەمە وایكلێكردم بە جۆش و گڕوتینی زۆرەوە كاری لەسەر بكەم، پرۆژەكە كارێكی زەحمەت و 5 ساڵانەیە بەڵام من شەو و ڕۆژم كردە یەك تا بۆ ماوەی 2 ساڵ تەواوی بكەم،بەڵام ئەو دوو ساڵ هەموو كاتی خۆم تەرخان كرد تا پڕۆژەكە تەواو بكەم، بە پێی بەدواداچوونیش بۆم دەركەوت كە من یەكەمین كەسم لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی كە تەواوی قورئانم وەرگێرابێتە سەر زمانی ئاماژە .
ئەو مامۆستایە گوتیشی كاتێك پرۆژەكەم دەست پێكرد، پەیامەكەم تەنها ئەو نەبوو كە تەنها نابیسایەكی شاری هەولێر سوودی لێ ببینن، بەڵكو پەیامەكەم ئەوە بوو كە تەواوی نابیسایانی جیهانی ئیسلامی سوودی لێ ببێن، بۆمن گرنگە لە داهاتوو ببینم كە نابیسایەكی ئوردونی و ئیماراتی و میسری یان هەر وڵاتێكی دیكەی ئیسلامی سوود لە پرۆژەكەم ببینێت. من بەردەوام ئایەتێك لە بن گوێمدا دەزرنگێتەوە كە ئەویش (إنما المؤمنون إخوە ) لەبەر ئەوەیش كارەكم بۆ مرۆڤایەتییە بۆیە ئامادەم لەگەڵ هەر چاپخانە و دامەزرواوەیەكی وڵاتانی ئیسلامیدا دابنیشم تاكو زۆرترین نابیسا لەسەر ئاستی جیهانی ئیسلامی سوود ببین لە پرۆژەكەم.
ئەو مامۆستایە دەڵێت: بە نزیكەی دوو مانگ دەبێت كە پرۆژەكەم تەواو بووە لە ڕێوڕەسمێكدا بڵاو كرایەوە، خۆشحاڵم كە دەبینم فیدباكێكی باشم لەلایەن نابیساکانەوە بۆ هاتۆتەوە، نابیستە هەبووە لە خۆشیان گریاوە، نابیسایەک پەیامی بۆ ناردووم پێی ڕاگەیاندووم لە دوای هاتنی قورئانەكە وا هەست دەكات كە ماڵەكەی ڕووناك بۆتەوە.
ئێستا خواست لەسەر ئەو قورئانە زۆرە لە زۆربەی شارەكانی خوارووی عێراق داوام لێ كراوە كە بۆیان ڕەوانە بكەم، بەڵام توانای من سنووردارە، لە قوناغی یەكەمدا تەنها 1000 لێ چاپ كردووە، ئەویش دانەم بە هاوكاریی دۆست و هاوڕێکانم؛ ئەو تیراژەیش بەشی ئەو خواستە زۆرە ناكات.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا عێزەدین دەڵێت: پرۆژەكەم مەزنە و دەتوانرێت بە سەدەقە جارییەكی گەورە لە قەڵەم بدرێت، هەندێك جار هێندە دڵم بە پرۆژەیە خۆشە و گریانم هاتووە، دەستخوشیی زۆرم بۆ دێت، هەندێك خێرخواز پێم دەڵێن خێرێكی وەهات كردووە كە ڕەنگە كەمتر نەبێ بە قەد ئەو خێرەی خەلیفە ڕاشیدەكان بۆ كۆكردنەوەی قورئان ئەنجامیان دا.
لە كۆتایی قسەكانیدا عێزەدین دەڵێـت ڕاستە ئەو كارەی من كردوومە پەیامەكەی مرۆڤایەتی و ئاینی و بۆ كارێكی خێرە، بەڵام لە هەمان كاتیش ویستم ئەوە بڵێم كە گەلی كورد مللەتێكی موسڵمانە، دەتوانی هاوشانی مللەتانی جیهانی ئیسلامی خزمەتی ئایینەكەیان بكەن، هەروەها دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئێمەی نەوەكانی سەلاحەدین ئەیووبی، لەسەر ئاستی وڵاتی جیهانی ئیسلامی چەندین موفەكیر و زانا و مامۆستای مەزنمان هەیە. هەر یەكێك لەوانە بە شێوازێكی سەردەمیانە خزمەتێكی بەرچاوی ئاینینی ئیسلامیان كردووە.