رێژەی هەڵاوسان لە توركیا بەرزتر بووەوە

 

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەڵکشانی رێژەی هەڵاوسان لە توركیا بووەتە هۆی ئەوەی، نرخی خۆراك و هەموو پێداویستییەكانی ژیان لە توركیا بەرز ببێتەوە، ئەمەش هاووڵاتیانی نیگەران كردووە.

بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی دەزگای لێكۆڵینەوەی (ENAG)ـی توركی بڵاوی كردووەتەوە، رێژەی هەڵاوسان لە ٢٠٢٤دا ٤.٦٪ بەرز بووەتەوە، بەمەش رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە ٨٦.٧٦٪.
نرخی خۆراك لە توركیا تا دێت گرانتر دەبێت، ئەمەش لە كاتێكدایە كە لە هەموو جیهاندا نرخی خۆراك دابەزینی بەخۆیەوە بینیوە.
ئەگەرچی وەزارەتی دارایی و ئابووریی توركیا بڵاوی كردەوە، توركیا یەكێكە لەو وڵاتانەی كە بەها ئابوورییەكەی ٤٪ بەرز بووەتەوە، بەڵام شارەزایانی بواری ئابووریی لە توركیا دەڵێن، با لەڕووی ئابوورییەوە گەورە بێت، گەر كاریگەریی لەسەر ژیانی خەڵك و دابەزینی نرخی خۆراك نەبێت هیچ سوودێكی نییە.
دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردووەتەوە، رێژەی هەڵاوسان لە توركیا ٦٠٪ـە، بەڵام دەزگاكانی بێلایەن و هەروەها ئەوانەی سەر بە ئۆپۆزسیۆنن، باس لەوە دەكەن كە هەڵاوسان گەیشتووتە ١٢٠٪.
لە تازەترین لێكۆڵینەوەشدا لەبارەی هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا كە دەزگای لێكۆڵینەوەی (ENAG)ی توركی كردوویەتی، رێژەی هەڵاوسان ٨٦.٧٦٪ـە.
بەگوێرەی زانیارییەكان، توركیا دووەم وڵاتە لە جیهاندا دوای ئەرژەنتین كە رێژەی هەڵاوسانی بەرزە، ئەمەش كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ژیانی خەڵك كردووە.
كاریگەریی سیاسیی بە دوای خۆیدا هێناوە
بە هۆی ئەو گرانییەی رووی لە توركیا كردووە و هاووڵاتیان هەراسان بوونە، ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەزگاكانی راپرسی لە توركیا بڵاوی دەكەنەوە، ئاكەپە و مەهەپە كە هاوپەیمانیی یەكترین، نایانەوێت توركیا بچێتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە، چونكە دەزانن دەدۆڕێن و ئەو بەرزی هەڵاوسانە و گرانی نرخی خۆراك، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر سندوقی دەنگدان دەبێت، بۆیە تا رەوشی ئابووری باش نەبێت، رەجەب تەیب ئەردۆغان، توركیا ناباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختەوە.
دوای ئەوەی لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی و پەرلەمانی ئاكەپە بردیەوە، بەڵێنیان دا كە هەڵاوسان لە توركیا بهێننە خوارەوە، بەڵام ئەوە یەك ساڵ و نیوە هەڵاوسان لە بری ئەوەی كەم بێتەوە زیاتر بەرز دەبێتەوە، هەروەها نرخی خۆراكیش رۆژبەرۆژ بەرزتر دەبێتەوە، ئەمەش دەنگدەری توركیای بێئومێد كردووە و زۆربەیان گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی كە ئاكەپە توانای نەماوە رەوشی ئابووری باش بكات، بۆیە بە گوێرەی تازەترین راپرسی كە (مێترۆپول) كردوویەتی، ٥٥٪ی گەلی توركیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكەن.