هونەرمەند دەشتی كەلهوڕی، (ئەشقی رابردوو)ـی بڵاو كردەوە

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

هونەرمەند دەشتی كەلهوڕی، نوێترین بەرهەمی خۆی بە ناوی ئەشقی رابردوو بڵاو كردەوە كە بەشێوەیەكی مۆدێرن كاری لەسەر كردووە.

ئەم بەرهەمە نوێیەی دەشتی كەلهوڕی لە هۆنراوەی سەید نوح عینایەتی ناسراو بە (نەبەز) موزیك و دابەشكردنی وەحید نەزەری، میلۆدی دەشتی كەلهوڕی خۆیەتی و بە شێوەی كلیپ بڵاوی كردەوە.
دەشتی كەلهوڕی لەم بەرهەمەیدا گۆڕانكاری لە ستایلەكەیدا كردووە و لەو بارەیەوە بە هەولێری راگەیاند، ئەو ستایلە، ستایلی مۆدێرنی پۆپی ئەمڕۆیە و لەگەڵ دنیای ئەمڕۆی تەكنیكدا زیاتر دەگونجێت، هەندێك هونەرمەندی جیهانیش ئەو ستایلە پێشكەوتووە بەكاردەهێنن.
ئەوەی جێی تێبینییە ئەم بەرهەمەی هونەرمەند دەشتی كەلهوڕی زیاتر ریتمێكی خێرای پێوە دیارە، لەو رووەوە وتی “من گۆرانی خێرام زۆر كەمە، بەڵام ئەم گۆرانییە ستایلی پۆپ و ریتمێكی خێرایە، پێشتریش گۆرانییەكی دیكەم هەر بۆ نەورۆز كرد كە دەبوو خێرا بێت، بەڵام بێگومان بەرهەمێكی دیكەم بەدەستەوەیە بە تەواوی كلاسیك و خاوە”.