پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 5, 2024

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان: لە ساڵی ٢٠١١ وە هەر جارە و بە بیانوویەک کۆنگرەی یەکێتی مامۆستایان ناکرێت

سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، باس لەوە دەکات لە ساڵی ٢٠١١وە هەرجارە و بە بیانوویەک کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایان ناکرێت و داواش دەکات لە زووترین کاتدا کۆنگرەی یەکێتییەکەیان ببەسترێت.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە کەناڵەکانی ڕاگەیاندنی وت؛ دەبوو ساڵێک بەر لە ئێستا لە 3-12-2023، هەڵبژاردنی یەکێتی مامۆستایانی کوردستانمان لە 12 لق بکردبایە، بەڵام بەهۆی کۆمەڵێک هۆ، هەڵبژاردن نەکرا.”
لە بەیاننامەکیشدا، فراکسیۆنی زەردی یەکێتیەکە ، ئاماژە بەوە دەکات؛ ڕۆژی 3-12-2024، ساڵێک بەسەر ئەو وادەیە تێپەڕی کە بڕیار بوو لە 3-12-2023، هەڵبژاردنی یەکیتیی مامۆستایانی کوردستان بکرێت، بەم بۆنەیەوە فراکسیۆنی زەردی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، لە ڕوانگەی هەستکردن بەبەرپرسیارەتی نیشتیمانی و پیشەییانەی خۆی، جەخت لەسەر هەڵبژاردن دەکاتەوە.”
دەشڵێن؛ دەبێت بەزووترین کات وادەی نوێی هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دیاری بکرێت و هەموو لایەنەکان پێوە پابەند بن.”
ئەوەشیان خستووەتەڕوو؛ دواهەمین کۆنگرەی یەکێتیی مامۆستایان لە ساڵی 2011 کرا، لەو ساڵەوە تاوەکو ئێستا، چەندین جار بڕیار دراوە هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایان بکرێت، بەڵام هەرجارە و بە بیانووێک هەڵبژاردن نەکراوە.”
هەر لە کۆنگرەکەیدا، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، بای لە بابەتی دواخستنی مووچە کرد و ڕایگەیاند؛ ئێمە مافی خۆمانە هەموو مانگێک مووچەی خۆمان وەرگرین، بەڵام بایکۆتکردن بەهیچ شێوەیەک نە لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستانە نە لەبەرژەوەندیی مامۆستا و فەرمانبەرانە، چونکە ئەمە دەبیتە زیانگەیاندن بە منداڵەکانمان و ئیش و کارەکانی ڕۆژانەمان، هەروا زیانی ئابووریی لە هەموومان دەدات.”
باسی لە ڕووداو و پێشهاتەکانی سووریا و دۆخی کوردانی ڕۆژئاوا کرد و ڕایگەیاند؛ ئەوەی لای ئێمە گرنگە، چارەنووسی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستانە، لەگەڵ هاوپیشەکانمان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە گفتوگۆداین، چونکە خوێندن لەوێ وەستاوە، بەهۆی شەڕی حەلەبەوە، بۆیە لەو بارەوە هەردوولامان ڕێککەوتووین نامە بنێرین بۆ ڕێکخراوی “نێودەوڵەتی بۆ پەروەردە” بۆ ئەوەی بەزووترین کات فریای کوردستانییەکانی شاری حەلەب و دەورووبەری بکەون.”
جەختیشی کردەوە، ئێمە لە فراکسیۆنی زەردی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارەتی سەرشانمان، داوا لە سەرجەم لایەنەکان بەشدار لە یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکەین، هەرچی زووە وادەیەک بۆ دیاریکردنی هەڵبژاردن و کۆنگرە دەستنیشان بکرێت، چونکە هیچ هۆیەک بۆ نەبەستنی کۆنگرە نابینین و هەلومەرجەکە لەبارە بۆ هەڵبژاردن و بەستنی کۆنگرە.”
باسی لەوەشکرد، حکووەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانیان دەکات بۆ بەستنی کۆنگرە و وتی: حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش پێداگیرە لەسەر بەستنی کۆنگرە، هاوکات خواستی زۆرینەی مامۆستایانیشە، ئێمە وەکو فراکسیۆنی زەرد، سەرەڕای ئەوەی پۆستی سەرۆکی یەکێتییەکە و چەندین پۆستی دیکەی ئەو یەکێتییەمان لایە، لەهەمووان ڕژدترین بۆ بەستنی کۆنگرە.”