سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

لەبارەی ئازادكردنی ئۆجەلانەوە ناكۆكن

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

لە چاوەڕوانیی كەسدا نەبوو دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لەناو پەرلەمانی توركیا باس لە ئازادكردنی عەبدوڵا ئۆجەلان بكات و هەروەها بڵێت پرسی چارەسەری بێتەوە بەرباس، بەڵام لەوڕووەوە بەئاشكرا ناكۆكی نێوان ئاكەپە و مەهەپە هەستی پێدەكرێت، بەتایبەت لەبارەی هاتنی ئۆجەلان بۆ ناو پەرلەمانی توركیا و لەوێ وتارێك پێشكەش بكات.

مەهەپە بۆیە بووە هاوپەیمانیی ئاكەپە لە ٢٠١٧، تا كۆتایی بە پرسی چارەسەری بهێنێت و لەوەشیاندا سەركەوتوو بوو، بەڵام دوای گۆڕانی بارودۆخی ناوچەكە و شەڕی غەززە، باخچەلی گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی پرسی كورد لە توركیا بەنێودەەڵەتی نەبێت و بۆخۆیان چارەسەری بكەن، بۆیە هەموو هەفتەیەك باسی دەكات و دووپاتی دەكاتەوە، كە ئۆجەلان لەناو پەرلەمانی توركیا وتارێك پێشكەش بكات و داوا بكات پەكەكە چەك دابنێت.
گوللەر، سەرۆكی فڕاكسیۆنی ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیا، ناكۆكی خۆیانی لەگەڵ مەهەپە ئاشكرا كرد، بەوەی ئەوان لەگەڵ ئەوەدا نین ئۆجەلان لەناو پەرلەمانی توركیا وتار پێشكەش بكات، چونكە بەهاتنی ئەو بۆ پەرلەمان توركیا ئارام نابێت.
باخچەلی، پێیوایە پەكەكە چەك دابنێت و لەبەرامبەردا ئۆجەلان ئازاد بكەن و سوود لە (مافی ئومێد) وەربگرت. مافی ئومێد، لە یاسای دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێی بۆ كراوەتەوە كە توركیا ئەندامە تێیدا و دەڵێت، هەركەسێك ٢٥ ساڵ زیندانی كرابێت، بۆی هەیە ئازاد بكرێت، بەو مەرجەی لەناو زیندان كاری لەسەر كرابێت كە ببێتە مرۆڤێكی ئاسایی و دووبارە ئەو تاوانەی كردوویەتی نەیكاتەوە، واتە ئەگەر ئۆجەلان ئازاد بكرێت، نابێت بگەڕێتەوە ناو سیاسەت.
ئەندازیاری پرسی چارەسەری لە توركیا، رەجەب تەییب ئەردۆغانە، كاتێك لە ٢٠١٣ بەفەرمی ئەو پرسەی هێنایە پەرلەمان و لەناو پەرلەمان لیژنەیەك پێكهێنرا و پاشان لەرێگەی چەندین كەسایەتی سیاسی كورد و تورك، پرسەكە هەنگاوی گەورەی بڕی.
ئەردۆغان، بۆیە داكۆكی لەپرسی چارەسەری دەكرد، تا هەدەپەش بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی توركیا لە پەرلەمانی بۆ سەرۆكایەتیی پشتگیری بكەن، بەڵام سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی ئەوكاتی هەدەپە، لە وتارێكی كورتدا لەناو پەرلەمانی توركیا بە ئەردۆغانی گوت: ”تا هەدەپە لەم وڵاتە نەفەس بدات، ناتكەین بەسەرۆك، ناتكەین بە سەرۆك و ناتكەین بەسەرۆك“، ئەمە ئەردۆغانی بێئومێد كرد، بۆیە دەستی خستە ناو دەستی مەهەپە و پرسی چارەسەری خستە ناو سەلاجەوە.
كاتێك باخچەلی باس لە پرسی چارەسەری كورد دەكات، بەشێوەیەك باسی دەكات، كە بۆ یەكەمجارە لە مێژووی توركیا، بەم شێوەیە لە كورد بێنە پێشەوە و خۆی كردووە بە ئەندازیاری چارەسەركردنی ئەو پرسە، ئەمەش ئەردۆغانی نیگەران كردووە، چونكە لە سەردەمی ئەردۆغاندا، واتە لە دوای ٢٠٠٣ەوە، كورد لە توركیا توانیویەتی هەناسەیەك هەڵمژێت و بەردەوام ئاكەپە و ئەردۆغان، شانازی بەخۆیانەوە دەكەن كە ئەوان نەبوونایە، تەنانەت گوێگرتن لە گۆرانی كوردیش قەدەغە دەبوو.
ئەگەرچی هێنانە بەرباسی پرسی چارەسەری زۆر بە گەرمی باسی لێوە دەكرێت، بەڵام هەنگاوی كرداری بۆ نەنراوە، یەكێك لە هۆكارەكانیش ئەوەیە، مەهەپە و ئاكەپە ناكۆكن لەبارەی پرسی چارەسەری و چۆنییەتی داننان بە نەتەوەی كورد لە توركیا. وەكوو ئەوەی چاودێرانی سیاسی باسی دەكەن، پێویستە ئاكەپە و مەهەپە لەوڕووەوە دانووستاندن بكەن و بەیەك پاكێج باسی پرسی كورد بكەن، كە دوو جار باخچەلی و ئەردۆغان كۆبوونەتەوە و لەوبارەیەوە گفتوگۆیان كردووە و نەگەیشتوونەتە ئەنجام.
وفوق ئێراس، پەرلەمانتاری پێشووی هەدەپە و سیاسییەكی بەناوبانگی توركیایە، سەردانی باخچەلی كردووە و ویستویەتی نییەتی بزانێت لەبارەی پرسی كورد. بەگوێرەی گوتەی وفوق بێت، باخچەلی پێی گوتووە بەرنامەیەكی فراوانیان بۆ پرسی كورد ئامادە كردووە، كە ئازادكردنی ئۆجەلانی تێدایە و هەروەها لە نووسینەوەی دەستووری تازەشدا زمانی كوردی دانی پێدا دەنرێت و دەبێتە زمانی فەرمی دەوڵەت لەپاڵ زمانی توركیدا. بەڵام تاوەكوو ئێستا بەفەرمی ئەو گوتانەی وفوق لەلایەن باخچەلییەوە پشتڕاست نەكراوەتەوە، تەنیا ئاكەپە رەتی دەكاتەوە و دەڵێت پرسی داننان بەزمانی كورد لە رۆژەڤ ئێمەدا نییە.