سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

دانا شوانی

دانا شوانی

دەستەواژەی قەیران کە لە وشەیەکی پزیشکی یۆنانییەوە وەرگیراوە، ئاماژەیە بۆ بارودۆخێک، دۆخێک، یان قۆناغێکی مەترسیدار و نادیار، کە لەگەڵیدا هاوسەنگی نامێنێت و سەرهەڵدانی حەتمی بارودۆخ و ره‌وشی نوێ ڕادەگەیەنێت.
قەیرانی کۆمەڵایەتی (Social Crisis) بریتییە لە مەترسی و تێکدانی ئاڵوگۆڕی گشتی و ژیانی کۆمەڵایەتی، بەهۆی ئەو تێکچوون یان مەرجانەی کە لە بەشێک لە کۆمەڵگادا سەریان هەڵداوە؛ کە بەهۆی نەگونجانی ده‌زگا کۆمەڵایەتییەکان لەگەڵ یەکتر یان بەهۆی بێتوانایی دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانی بونیاد و دامەزراوە کۆمەڵایەتییەکان.
قەیرانی کۆمەڵایەتی ئاستی جیاوازی هەیە و ئاژاوەی کۆمەڵایەتی و ناڕێکی کۆمەڵایەتی و شۆڕشی کۆمەڵایەتی دەگرێتەوە. گۆڕانی بونیاده‌كان دەبێتە هۆی جیابوونەوەی ڕەفتار و پەیوەندییە هاوبەشەکان و لە ئەنجامدا پرۆسەی به‌کۆمەڵایەتیکردن تێک دەچێت و لە ئەنجامی قەیرانی کۆمەڵایەتیدا ده‌رده‌كه‌وێت. هه‌روه‌ها ئه‌گه‌ر گونجانی ده‌زگاكانى کۆمه‌ڵگا که‌م ببێته‌وه‌، کۆمه‌ڵگا تووشی قه‌یران و ئاژاوه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بێته‌وه‌. بەڵام ئەگەر گونجانی ده‌زگاكانى کۆمەڵگا تێک بچێت، ئەوا نەزمی کۆمەڵایەتی، نائارامی و ناڕێکخراوبوون ڕوو دەدات. ئەگەر قەیران لەسەر ئاستی دامەزراوەکان ببێتە هۆی لەناوچوونی بونیادی دامەزراوەکان، ئه‌وا شۆڕشە کۆمەڵایەتییەکان حەتمی دەبن.
قەیرانی کۆمەڵایەتی هەندێک جار تەنها بەشێک لە کۆمەڵگا دەگرێتەوە و پەیوەندی بە هەندێک بابەتی کۆمەڵایەتییەوە هەیە (وەک نائارامی بە هۆی کەمی کرێیەوە دروست دەبێت)، لەو حاڵەتەدا بە قەیرانی کۆمەڵایەتی دەوترێت بەشەکی؛ لەم حاڵەتەدا کۆنترۆڵکردن و ڕێنماییکردنی لەلایەن هێزی کۆمەڵایەتی باڵادەستەوە ئاسان دەبێت. بەڵام هەندێک جار قەیرانی کۆمەڵایەتی گشتییە، کە لەم حاڵەتەدا کاریگەری لەسەر هەموو بونیاد و دامەزراوەکانی کۆمەڵگایەک هەیە، بەهۆی دواکەوتن و پابەندییان بەو چاوەڕوانییە هەبووە سەبارەت بە پێشکەوتنی کۆمەڵگایەکی نوێ و پێشکەوتنخواز؛ لە ئاکامدا پشێوییەکی گشتی و ناهاوسەنگییەکی بەربڵاو لە کۆمەڵگادا ڕوودەدات، ئەمەش وا دەکات تێکچوونی نەزمی هەبوو و سەرهەڵدانی گۆڕانکارییە بنەڕەتییە (شۆڕشگێڕییەکان) کۆمەڵایەتییەکان پێشبینی بکرێت.
قەیرانی کۆمەڵایەتی گشتی بۆ ئەوە دروست دەبێت کە کۆمەڵگا توانای ڕێکخستن و پاراستنی نەزمی کۆمەڵایەتی نییە و هێزی ناوخۆی نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسانەی پەیوەستن بە پەرەسەندن و گەشەسەندنی خۆیەوە؛ بە واتایەکی تر، خودی بنیاتنانەوەکە لە قەیراندایە و ئەو پرسە کۆمەڵایەتیانەی کە سەرهەڵدەدەن هێندە بەربڵاون کە نەزمی کۆمەڵایەتیی دەخەنە مەترسییەوە. ئەگەر هێزێکی کۆمەڵایەتی باڵادەست لە بەرژەوەندی گۆڕانکارییەکان هەبێت و لە لایەکی دیکەشەوە چاکسازی کۆمەڵایەتی پێویست لە کاتی خۆیدا بکرێت، ئەوا قەیرانە کۆمەڵایەتییە بەربڵاو و گشتییەکانیش دەتوانن کۆنترۆڵ و ئاراستە بکرێن.
قەیرانە ئابوری و سیاسیەکان جۆرێکن لە قەیرانی کۆمەڵایەتی کە بە پشتبەستن بەو گرنگی و کاریگەریانەی لەسەر هەموو کۆمەڵگا هەیانە بەسەر گشتی و بەشەکیدا دابەش دەکرێن.
نموونەیەک بۆ ڕوونکردنەوەی سەرهەڵدانی دۆخێکی مەترسیدار و بڵاوبوونەوەی ده‌خه‌ینه‌ڕوو. مرۆڤ کۆمەڵێک پێویستی فیزیۆلۆژی هەیە، وەک پێویستی خۆراک، خانوو، جلوبەرگ و هتد، هەروەها کۆمەڵێک پێویستی ئایدیۆلۆژی هەیە، وەک پێداویستییەکانی پەیوەست بە بیرکردنەوە، بۆچوون، بەهاکان و پێداویستییە دەروونییەکان بەگشتی. ئەگەر بە ڕەزامەندی پراکتیکی هەریەک لە پێداویستییەکان ناوی ڕازیبوونی ڕاستەقینە و چاوەڕوانییەکانی پەیوەست بە پێداویستییەکان، ڕەزامەندی چاوەڕوانکراو، ئەم دیاگرامەی خوارەوە دەتوانێت نیشان بدات کە چۆن قەیرانەکە ڕوودەدات:
مەودای قه‌یرانه‌كان پێویستی به‌ چاوەڕوانییه‌كی زۆر هه‌یه‌، تا دۆخی ڕاستەقینەی پێداویستییەکان زیاتر بێت، ئه‌وا پێداویستی به‌ كاتی زیاتر ده‌بێ، هه‌ر بۆیه‌ تا دوورییەکە زیاتر بێت، قەیرانەکە گەورەتر دەبێت.