یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 24, 2024

لەم هەفتەیەدا هەوڵەکانی شاندی پارتی بۆ پێکهێنانی حکوومەت دەست پێدەکات

پارتی دیموکراتی کوردستان، وەکو خاوەن گەورەترین فراکسیۆن لە خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، شاندێکی بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ حزبە سیاسییەکان لەبارەی پێکھێنانی کابینەی دەیەم پێکھێناوە و سەردانی لایەنەکان دەکات. گوتەبێژی پارتی، ڕایگەیاند، سەردانەکانی ماوەی ڕابردوویان بۆ لایەنەکان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ نەبووە، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی، سەردانەکانیان بۆ ئەو مەبەستە دەست پێ دەکەن. دەشڵێ، دۆخەکە ھەستیارە و پارتی دەیەوێت ھەموو لایەنەکان شان بدەنە ژێر بەرپرسیارێتی و بەشدارییان ھەبێت لە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان.

پارتی دیموکراتی کوردستان کە زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستھێناوە و ٣٩ کورسی بردووەتەوە، خۆی بە خاوەنی حکوومەتی داھاتوو دەزانێت بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەم بڕیارە سەردانی سەرجەم لایەنە براوەکان بکات. ھۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسی سەرۆکایەتیی شاندەکە دەکات، پشتیوان سادق، ئەندامی مەکتەبی سیاسی، ئومێد سەباح و دڵشاد شەھاب، ئەندامی شاندەکە دەبن و لە چەند ڕۆژی داھاتوودا دەست بە گەڕی یەکەمی سەردان و کۆبوونەوەکان دەکەن.
سەرۆک بارزانی لە پێنجەم کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژھەڵاتی نێوەڕاست لە زانکۆی ئەمریکی لە دھۆک ئاماژەی بە ھەڵبژاردنی خولی شەسەمی پەرلەمانی کوردستان کرد، کە ٢٠ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ کرا و گوتی، ھەڵبژاردنێک کە ٧٢٪ـی خەڵکی کوردستان بەشدار بوون تێیدا و ئەنجامەکانیشی دیار بوون، ئێمە ئومێدەوارین کە لەمەودوا، ھەموو لایەنێک مامەڵە لەگەڵ ڕەوایی بکەن، ئەو ڕەواییەی کە میللەت داویەتی.
سەرۆک بارزانی باسی لە کاتی دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی پێکھێنانی حکوومەت کرد و گوتی: ھەر لەم ڕۆژانەدا دوای ئەوەی کە ئەنجامەکان بە شێوەیەکی فەرمی لەلایەن کۆمیسیۆنەوە ڕادەگەیێندرێن، دەست بە گفتوگۆ دەکرێت لە نێوان ھەموو لایەنەکان بۆ ئەوەی ھەرچی زووترە پەرلەمان دەستبەکار بێت و ھەنگاوەکانی دیکەشی بەدوادا بێن.
سەرۆک بارزانی، ئومێدی خواست لە داھاتوودا یەک ھەرێم، یەک پەرلەمان، یەک ھێزی پێشمەرگە لە کوردستان ھەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ڕۆژنامەی “ھەولێر” ئەم ھەفتەیە شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گەڕێکی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەست پێ دەکات، ئەمە لە کاتێکدایە پارتی لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا سەردانی چەند لایەنی سیاسیی کردووە، لەم گەڕەشدا سەردانی لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکات و دەیەوێت حکوومەتێک پێک بھێنرێت کە زۆرترین لایەن تێیدا بەشدار بن. بەرپرسانی پارتی دەڵێن، بۆ پێکھێنانی کابینەی دەیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڤیتۆمان لەسەر ھیچ حزبێکی سیاسیی نییە.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەمیانی بەڕێوەچوونی کۆڕبەندی مێپس لە شاری دھۆک، ئاشکرای کرد، سەردانی پێشووی پارتی بۆ لای لایەنە سیاسییەکان، بۆ پێکھێنانی حکوومەت نەبووە، بەڵکو ئامانج لێی ڕەواندنەوەی ئەو نیگەرانییانە بووە کە ڕەنگە ھەندێک لایەن ھەیانبووبێت.
بـەگوتەی ئەو بەرپرسەی پارتی، دۆخەکە ھەستیارە و پارتی دەیەوێت ھەموو لایەنەکان شان بدەنە ژێر بەرپرسیارێتی و بەشدارییان ھەبێت لە بنیاتنانەوەی دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان.
مەحموود محەممەد، باسی لەوەش کرد، دوای پەسەندکردنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ڕەزامەندیدان لەسەر ئەنجامەکان، شاندی پارتی بە سەرۆکایەتیی ھۆشیار زێباری، دەست بە سەردانی لایەنەکان دەکات.
کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا بە شێوەیەکی فەرمی ئەنجامی ھەڵبژاردن پەسەند دەکات، ئەو کات بەرچاو ڕوونییەکی زیاتر بۆ لایەنە سیاسییەکان دروست دەبێت لەبارەی ھەنگاوی داھاتوویان.
٣٠-١٠-٢٠٢٤ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ٢٠-١٠-٢٠٢٤ـی پەرلەمانی کوردستانی بڵاوکردەوە، ژمارەی کورسیی لایەنە سیاسییەکان بەپێی ئەنجامی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان، ٣٩ کورسی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ٢٣ کورسی، جووڵانەوەی نەوەی نوێ، ١٥ کورسی، یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان ٧ کورسی، ڕەوتی ھەڵوێست ٤ کورسی، کۆمەڵی دادگەریی کوردستان ٣ کورسی، بەرەی گەل ٢ کورسی، بزووتنەوەی گۆڕان ١ کورسی، ھاوپەیمانیی ھەرێمی کوردستان ١ کورسی، کۆتای پێکھاتەکان ٥ کورسی، لەم ھەڵبژاردنەدا کە پەرلەمانی کوردستان لە ١١١ کورسییەوە کرایە ١٠٠ کورسی و کورسی کۆتای پێکھاتەکانیش کرایە پێنج کورسی، دووانیان لە پارێزگای سلێمانی، دوو لە پارێزگای ھەولێر و ئەوی دیکەشی لە پارێزگای دھۆک ھەڵبژێردرا.