هونەرمەندی گۆرانیبێژ، شاخەوان بەکر، نوێترین گۆرانی خۆی بە ناوی “مەکەن مەنعی عاشقان” بڵاو کردەوە.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ، شاخەوان بەکر، دەربارەی بڵاوکردنەوەی بەرهەمە نوێیەکەی بە “ڕۆژنامەی هەولێر”ی ڕاگەیاند: ئەم بەرهەمە نوێیەم لە تێکستی شاعیر ناوی گەورە ئەحمەد کۆرە کە ئێستا لە ژیان نەماوە، ئەم شیعرە چەند سەدەیەک پێش ئێستا نوسراوە، گۆرانییەکە لە ئاوازی مامۆستا فەرهەنگ غەفورە، کاری مۆسیقا لە وڵاتی تورکیا لەسەر دەستی ژەنیارە باشەکانی تورکیا کار بۆ ئەم بەرهەمە کراوە، کاری دابەشکردنی میوزیک سەرکان تانک کە ژەنیارێکی توانایە و کوردی تورکیایە کاری دابەشکردنی بۆ کردووە.
گوتیشی: لەم بەرهەمە تێکەڵبوونێکمان دروست کردووە، مەقامی هەولێر و کەرکوکمان ئاوێتەی یەکتر کردووە، لە رووی دەنگ و مەقام هیوادارین خەرمانێکی تەڕ و بەرهەمێکی جوانتر بخەینە سەر هونەری کوردی، لەم کلیپە چەند ئەکتەرێکی توانا بەشداری کردووە، کلیپەکە لە دەرهێنانی خۆمە و کاری کلیپ و وێنەگرتنی محەمەد مەرزانی کاری بۆ کردووە.
هونەرمەندی گۆرانیبێژ شاخەوان بەکر، خەڵکی کەرکوکە، ماوەیەکی زۆرە دەستی بە کاری هونەری کردووە و خاوەنی چەند بەرهەمێکە و تا ئێستایش بەردەوامە.