شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

سەرۆک بارزانی بەشداریی مێپس2024 دەکات

سەرۆک بارزانی بەشداریی لە پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) دەکات. 

ڕۆژی هەینی، 22-11-2024، پێنجەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس2024) لە زانکۆی ئەمەریکی – کوردستان لە شاری دهۆک؛ بە سپۆنسەری مێدیایی کوردستان24 دەست پێ دەکات و تاوەکوو ڕۆژی یەکشەممە، 24-11-2024، بەردەوام دەبێت.

لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان، هەر یەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان؛ ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و چەندان بەرپرسی دیکەی حکوومەتی و حزبی بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن.

د. هونەر عیسا، بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس ڕاگەیاند “کۆڕبەندەکە، بە هاوبەشیی لەگەڵ زانکۆکانی هارڤارد، کامبرێج، ئەتلەنتیک کاونسڵ، ویڵتۆن پارک و کرایسیس ڕیسپۆنس کاونسڵ بەڕێوە دەچێت.”

بەڕێوەبەری گشتیی کۆڕبەندی مێپس2024 ئاماژەی بەوەش کرد “لە چوارچێوەی ئەو پێنج هاوبەشە، نزیکەی 124 ئەکادیمیست لە 40 وڵاتی جیاوازە بەشداریی کۆڕبەندەکە دەکەن کە 73%ـیان بۆ جاری یەکەم بەشدار دەبن.” گوتیشی: “لە میانی کۆڕبەندەکەدا، ژمارەیەک پانێل و وۆرکشۆپ لەبارەی دۆخی ئێستەی جیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوە دەچن.”

د. هونەر عیسا، لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەشی خستە ڕوو، دەیان بەرپرسی حکوومەتی و حزبی لەناوخۆ و دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان بەشداریی کۆڕبەندی ئەمساڵی مێپس دەکەن.

کۆڕبەندی “مێپس”ـی ساڵی ڕابردوو، 20-11-2023، بەڕێوە چوو و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام بوو. لەو کۆڕبەندەدا، سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی هەنار و هەنگوینی کوردستانی بە دیاری دایە بۆریس جۆنسن، سەرۆک وەزیرانی پێشووتری بەریتانیا.