سێشەممە, تشرینی دووه‌م 19, 2024

زیاتر له‌ ( 8 هەزار و 200 ) هاوڵاتی سوودمەند بوونە لە ڕێگەپێدانى زەوى سندووقى و حەرەمى گوند و فراوانکردنى “

 

ئەمڕۆ سێشەممە 2024.11.19، لە سەر فەرمان و ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، لە ڕێورەسمێکدا وەک قۆناغى دەیەم زیاتر لە ( 150 ) ڕێگەپێدانى دیکەى دروستکردنى خانووى لە سەر زەوی سندووقی ڕادەستى خاوەنەکانیان کرد.

لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە بەڕێوەبەرى خانووبەرەى میرى پارێزگا و لیژنەى پارێزگا کرد کە دڵسۆزانە کارەکانیان ئەنجامدەدەن و گوتى: “بابەتى زەوى سندووقى بەشێکى دیکەیە لە خزمەتگوزارییەکان، کە لەسەر فەرمانى رێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دەستى پێکراوە، بۆیە بە بەناوى خۆمان و بەناوى ئێوەوە سوپاسى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندی هەژاران و کەمدەرامەتان، ئومێدى دەکەین لە زووترین کاتدا بتوانن دەست بە دروستکردنى خانووەکانتان بکەن و ببن بە خاوەن خانووى خۆتان”.

جێگەى باسە، لەسەر فەرمانى سەرۆکى حكومه‌تی هه‌رێمى کوردستان، وه‌ك كارئاسانی بۆ هاووڵاتیانى هەژار و کەم دەرامەت، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون، بڕیارى تەملیککردن و مۆڵەتپێدان بۆ دروستکردنى خانوو لە سەر زەوی سندووقى دراوە و لە سنوورى پارێزگاى هەولێر تاوەکو ئێستا زیاتر له‌ ( 8 هەزار 200 ) هاوڵاتیی سوودمەندبوونە و ڕێگەپێدانیان پێدراوە خانوو لە سەر ئەرزى سندووقى دروستبکەن و خانووەکانیان لە نێو حەرمى گوند دروستبکەن و نۆژەن بکەنەوە، هێشتاش بەشیکى زۆرى مامەڵەى دیکەى هاوڵاتییان لەلایەن لیژنەى پارێزگا ماوە.