هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئەمریکا پیرۆزبایی لە ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی نوێی په‌رله‌مانی عێراق دەکات


باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا پیرۆزبایی لە محەمەد حەلبوسی، حاکم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا کرد بەبۆنەی ھەڵبژاردنیان بە سەرۆک و جێگری یەکەم و جێگری دووەمی سەرۆکی په‌رله‌مانی عێراق.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک، پەیامێکی لەبارەی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی په‌رله‌مانی عێراق بڵاوکردەوە و تیایدا خۆشحاڵی خۆی نیشانداوە بە سازکردنی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی په‌رله‌مانی عێراق و رایگەیاندووە کە سازکردنی یەکەم دانیشتنی خولی پێنجەمی په‌رله‌مان بەشێکی دانەبڕاوە لە پرۆسەی دیموکراتییەت لە عێراق و سەرەوەریی نیشتمانی.
لە به‌شێكی دیكه‌ی پەیامەکەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا ھاتووە: پیرۆزبایی دەکەین لە محەمەد حەلبوسی بەبۆنەی ھەڵبژاردنەوەی بە سەرۆک و، ھەروەھا لە حاکم زاملی و شاخەوان عەبدوڵڵا بەبۆنەی ھەڵبژاردنیان بە جێگری یەکەم و جێگری دووەمی سەرۆکی په‌رله‌مان.
هه‌روه‌ها باڵوێزخانه‌ی ئه‌مریكا راشیگه‌یاندووه‌: بەڕچاوکردنی ئەو رۆڵە گرنگەی کە عێراق لە سەقامگیریی و ئاسایشی ھەرێمیی دەیگیرێت، ئومێدەوارین سەرکردەکانی عێراق و ئەنجوومەنی نوێنەران پەلە بکەن لە پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، بۆ ئەوەی حکوومەت بتوانێت ئەرکە گرنگەکانی لە پاراستنی دیموکراتییەت و سەرەوەریی نیشتمانیی جێبەجێ بکات و بەرەوڕووی ئەو ئاڵنگارییانەیش ببێتەوە کە لەئێستادا رووبەڕووی عێراق و ناوچەکە بوونەتەوە.
باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا راشیگەیاندووە کە ئومێدەوارن پێکھێنانی حکوومەتی نوێ، رەنگدانەوەی لەسەر ئیرادەی گەلی عێراق ھەبێت و ھەوڵەکانی لە پێناو چارەسەرکردنی ئاڵنگارییەکانی فەرمانڕەوایی، مافەکانی مرۆڤ، ئاسایش و ئابووریی لە عێراق بخاتەگەڕ.
لە میانی پرۆسەی دەنگدان بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی خولی پێنجەمی په‌رله‌مانی عێراق کە دوێنێ یەکشەممە  9-1-2022 ،كه‌ یەکەم دانیشتنی په‌رله‌مان بەڕێوەچوو، کاندیدی هاوبەشی فراکسیۆنی هەردوو هاوپەیمانیی تەقەدوم و عەزم، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی په‌رله‌مان و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سەدر، حاکم زاملی بە جێگری یەکەم و پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، شاخەوان عەبدوڵڵا بە جێگری دووەمی سەرۆکی په‌رله‌مان هەڵبژێردران.