سێشەممە 19ی تشرینی دووەمی 2024، لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی، پێشوازیی لە باڵیۆز مەحموود فاروق عامر، کونسوڵی گشتیی میسر لە هەولێر کرد.
بارەگای بارزانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتە ڕوو “لە دیدارەکەدا کونسوڵی گشتیی مسر لە هەولێر پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆک بارزانی کرد و ڕایگەیاند ڕێژەی بەرچاوی بەشداربوونی خەڵک و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە کەشێکی ئارام و مەدەنیانە، دەستکەوتێکی گەورەیە و نیشانەی پێگەیشتوویی و پێگەی بەرزی هەرێمی کوردستانە لە عێراق و ناوچەکە. هەروەها ستایشی کولتووری پێکەوەژیان و ئاشتیخوازیی گەلی کوردستانی کرد و ڕۆڵی مێژوویی سەرۆک بارزانیی لە پاراستنی ئەو کولتوورە و قووڵتربوونی بەرز نرخاند.”
هەر لەم دیدارەدا، وەکوو ئەوەی لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە “سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکان نێوان گەلی کوردستان و گەلی میسر دا و ئەو پەیوەندییانەی بە مێژوویی و دۆستانە و کاریگەر وەسف کرد.” هەروەها سەرۆک بارزانی “وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی خەبات و قوربانیدانی گەلی کوردستان جەختی لە بەهێزکردنی فەرهەنگی پێکەوەژیان و ئاشتی کردەوە وەک تاکە ڕێگە بۆ کۆتایهاتنی نەهامەتی و ئازارەکانی گەلانی ناوچەکە”.
لە بەشێکی تری ئەم دیدارە، ڕۆشنایی خرایە سەر بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و هەروەها پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و سەردانەکەی ئەم دواییەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان بە هەنگاوێکی گرنگ بۆ هەماهەنگی و چارەسەربوونی کێشەکان لەقەڵەم درا.