هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 29, 2024

ئه‌مڕۆ دوایین گه‌ڕی قۆناغی یه‌كه‌می خولی نایــــابی كوردستان به‌ڕێوه‌ده‌چێت

ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌، له‌ گه‌ڕی پازده‌یه‌م و كۆتایی قۆناغی یه‌كه‌می خولی نایابی تۆپی پێی كوردستان، حه‌وت یاریی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، سه‌رجه‌میان له‌ یه‌ك كاتی دیاریكراو به‌ڕێوه‌ناچێت، هه‌ندێك یاریی كاتژمێرك زووتر له‌ گه‌ڕه‌كانی رابردوو به‌ڕێوه‌ده‌چیت، به‌شێك له‌ یانه‌كان هه‌وڵی گه‌یشتن به‌ پێشه‌نگ و نزیكبوونه‌وه‌ له‌ ریزبه‌دی پێشه‌وه‌ ده‌ده‌ن، به‌شێكی دیكه‌شیان ده‌یانه‌وێت له‌ ناوچه‌ی مه‌ترسیدار دووربكه‌ونه‌وه‌، رۆژنامه‌ی هه‌ولێر هه‌موو گه‌ڕێك شه‌ن و كه‌وی یارییه‌كان ده‌كات و دواین زانیاری ده‌خاته‌ڕوو.

ئارارات له‌ یارییه‌كی به‌هێزدا میوانداریی سه‌ید سادق ده‌كات
ئارارات له‌ یاریگه‌ی خۆی رووبه‌ڕووی سه‌یدسادق ده‌بێته‌وه‌، تیپه‌كه‌ی ئه‌نوه‌ر محه‌مه‌دی راهێنه‌ری ئارارات دۆخی له‌سه‌رتای خوله‌كه‌ باشتره‌، هه‌وڵی بردنه‌وه‌ ده‌دات، چونكه‌ به‌ بردنه‌وه‌ ره‌نگه‌ بگاته‌ خانه‌ی سێیه‌می ریزبه‌ندییه‌كه‌، دلاوه‌ر شینۆ و عه‌لی عه‌زیز و سه‌فین عه‌بدولخاڵق له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی ئاراراتن، 18 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی حه‌وته‌من.
سه‌ید سادق، ئه‌و تیپه‌ی كه‌س حه‌زناكات رووبه‌ڕووی ببێته‌وه‌، به‌هۆی به‌هێزی یاریكردنیان و خێرای و فشاركردنیان بۆ سه‌ر تیپی به‌رامبه‌ر، كێشه‌ی تیپه‌كه‌ی ره‌مزی ساڵح له‌ گۆڵكردن دایه‌، كه‌ ناتوانن هێرشه‌كان له‌ كۆتاییدا به‌ گۆڵ كۆتایی پێبهێنن، 18 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی شه‌شه‌من، یارییه‌كی دواخراویشیان له‌گه‌ڵ برایه‌تی ماوه‌.

هه‌ندرێن ده‌یه‌وێت له‌سه‌ر حسابی زاخۆ پارێزگاری له‌ پێشه‌نگ بكات
هه‌ندرێن ناتوانێت به‌ ئاسانی پارێزگاری له‌ پێشه‌نگ بكات، گه‌ڕی رابردووش به‌ هه‌ولێر دۆرا، ئێسته‌ دڵشاد مه‌عروفی راهینه‌ر بیر له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌، به‌ بردنه‌وه‌ له‌ زاخۆ پارێزگاری له‌ پێشه‌نگ بكات، حوسێن عه‌لی و شێرزاد محه‌مه‌دی كاپتن و یاسر قاسم له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی ئه‌م تیپه‌ن، هه‌ر كاتێكیش یاسر یاریی نه‌كات، هه‌ندرێن تووشی كێشه‌ی زۆر ده‌بێته‌وه‌، به‌ 17 خاڵ له‌ پێشه‌نگن.
زاخۆ، كێشوی گه‌وره‌ی له‌ برگریه‌، چونكه‌ 12 گۆڵی لێ كراوه‌ و ته‌نها 5 گۆڵی كردووه‌، به‌راورد به‌ وه‌رزه‌كانی دیكه‌ ئاستی دابه‌زیوه‌، به‌ڵام ئامانی ئه‌وان ته‌نها مانه‌وه‌یه‌ له‌ خوله‌كه‌، بۆیه‌ به‌ شێویه‌كی كه‌متر له‌ تیپكه‌ی خولی نایابی عێراقی گرینگی پێ ده‌ده‌ن، ته‌نها 13 خاڵی هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی سێزده‌یه‌م دێت.
دێربی به‌هێزی سلێمانی له‌ نێوان نه‌ورۆز و سیروانی نوێ ئه‌نجامده‌درێت
سیروانی نوێ به‌ راهێنه‌رایه‌تی رزگار عه‌لی ده‌یه‌وێت ئه‌و یارییه‌ بباته‌وه‌، له‌ولاشه‌وه‌ چاه‌وڕێی شكست یا یه‌كسان بوونی هه‌ندرێن ده‌كات، تا خۆی پێشه‌نگی خوله‌كه‌ بگرێته‌ ده‌ست، به‌ڵام ئه‌ركی ئاسان نییه‌، چونكه‌ یاریزانه‌كان باش شاره‌زای شێوازی یاریكردنی یه‌كترن، به‌هۆی هاوشاریشیانه‌وه‌ هه‌ستیارییه‌كی زیاتر له‌ یارییه‌كه‌ به‌دی ده‌كرێت، رزگار چاوی له‌وه‌یه‌ ئه‌ستێره‌ دیاره‌كانی ئاریان جه‌وهه‌ر و هه‌مزه‌ عه‌باس و په‌یام ئه‌حمه‌د و شادومان سه‌باح له‌و یارییه‌ رزگاری بكه‌ن، 26 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی دووه‌من.
نه‌ورۆز به‌ راهێنه‌رایه‌تی كامه‌ران عه‌لی كۆمه‌ڵێ یاریزانی لاوی له‌ پێكهاته‌كه‌ كۆكردووه‌ته‌وه‌، به‌ڵام پێچه‌وانه‌ی بۆچوونه‌كان ئاست و ئه‌نجامێكی باشیان تۆماركردووه‌، بۆیه‌ ده‌یانه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ سیروانی نوێ، باڵاده‌ستی خۆیان به‌سه‌ر یانه‌كانی سلێمانی دووپات بكه‌نه‌وه‌، 19 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی چواره‌من.
پێشمه‌رگه‌ی هه‌لێر له‌ به‌رزاییه‌كانی پیرمام میوانداریی برایه‌تی ده‌كات
پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر له‌ یاریگه‌ی خۆی له‌ پیرمام میوانداریی برایه‌تی ده‌كات، سه‌میر بابۆی راهێنه‌ر گه‌ڕی رابردوو له‌ دواین خوله‌كه‌كان له‌گه‌ڵ شێروانه‌ گۆڵی لێ كرا و تووشی سێیه‌م دۆڕان هات، بۆیه‌ ده‌یه‌وێت به‌ بردنه‌وه‌ له‌ سه‌وزپۆشه‌كانی هه‌ولێر باری لاسه‌نگی خۆی راست بكاته‌وه‌، ئامانجێكی دیكه‌شی له‌ بردنه‌وه‌ی ئه‌م یارییه‌ نزیكبوونه‌وه‌یه‌تی له‌ پێشه‌نگی خوله‌كه‌، هه‌ڤاڵ حه‌مه‌د و بژار مه‌هدی و دانا عوسمان له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ن، تیپه‌كه‌ی بابۆ 19 خاڵیان هه‌یه‌ و له‌ خانه‌ی سێیه‌من، یارییه‌كی دواخراویشیان له‌گه‌ڵ چه‌مچه‌ماڵ هه‌یه‌.
برایه‌تی به‌ راهێنه‌رایه‌تی سه‌مه‌د جه‌وهه‌ر له‌ دۆخێكی باش دانه‌، ئه‌و ئاسته‌ی له‌ یارییه‌كه‌كانی رابردوو پێشكه‌شیان كردووه‌، بووه‌ته‌ جێگه‌ی ره‌زامه‌ندی هه‌وادارانی تیپه‌كه‌، چونه‌كه‌ له‌ رووی هونه‌ریه‌وه‌، به‌ شێویه‌كی باش ده‌ركه‌وتوون، بیلال ساڵح و دانا كامه‌ران و كاردۆ كه‌مال و عه‌بدوڵڵا حه‌مه‌د له‌ خاڵه‌ به‌هێزه‌كانی سه‌مه‌د جه‌وهه‌رن، به‌ 17 خاڵ و یارییه‌كی دواخراو له‌ خانه‌ی هه‌شته‌من.

چه‌مچه‌ماڵ دۆزه‌خه‌كه‌ی بۆ میوانداریكردنی دهۆك گه‌رم كردووه‌
چه‌مچه‌ماڵ له‌ یاریگه‌ی خۆی میوانداریی دهۆك ده‌كات، تا ئێسته‌ هیچ یانه‌یه‌ك نه‌یتوانیوه‌ له‌م یاریگه‌یه‌ سێ خاڵ بباته‌وه‌، بۆیه‌ وه‌ك دۆزه‌خی تیپی میوان سه‌یر ده‌كرێت، ئه‌رسه‌لان جه‌لالی راهێنه‌ر سه‌رباری گۆڕینی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ پێكهاته‌ی تیپه‌كه‌ به‌ڵام ئاست و ئه‌نجامی باش بووه‌، ئێسته‌‌ به‌ 18 خاڵ و یارییه‌كی دواخرا و له‌ خانه‌ی پێنجه‌م دێت.
دهۆك، یه‌كێك له‌ تیپه‌ سه‌رسه‌خته‌كانی ئه‌و قۆناغه‌یه‌، ئه‌وه‌ی چاوه‌ڕواننه‌كرا و بێت ئه‌و ده‌توانێ بیكات، وه‌ك چۆن له‌ نێو یاریگه‌ی سیروانی نوێ له‌و تیپه‌ی برده‌وه‌، ره‌نگه‌ هه‌مان سیناریۆش له‌ دژی چه‌مچه‌ماڵییه‌كان دووباره‌ بكاته‌وه‌، به‌ 17 خاڵ له‌ خانی نۆیه‌م دێن.

ده‌ربه‌ندیخان و شێروانه‌ به‌یه‌ك ده‌گه‌ن
ئه‌م وه‌رزه‌ دۆخی ئه‌م دوویانه‌یه‌ ناجێگیره‌ و ئاستیشیان له‌یه‌كتر نزیكه‌، به‌وپێیه‌ی ده‌ربه‌ندییه‌كان به‌ 16 خاڵ له‌ پله‌ی یازده‌یه‌م دێن، تیپه‌ كه‌لارییه‌كه‌ش به‌ 15 خاڵ له‌ پله‌ی دوازده‌یه‌می ریزبه‌ندی ده‌بینرێت.
بردنه‌وه‌كه‌ی هه‌فته‌ی رابردووی یانه‌ی شێروانه‌ له‌ دژی پێشمه‌رگه‌ی هه‌ولێر دۆخی ده‌روونی یاریزانانی یانه‌ كه‌لارییه‌كه‌ی باشتر كردووه‌، به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌ربه‌ندیخان یاریی رابردوویان به‌رامبه‌ر سه‌یدسادق دۆڕاندووه‌ و پێویستیان به‌ سه‌ركه‌وتنه‌ له‌ یارییه‌كه‌ی ئه‌مڕۆیان بۆ ئه‌وه‌ی به‌هێزه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ نێوململانێیه‌كانی ئه‌م وه‌رزه‌ی خوله‌كه‌.
یانه‌ی ده‌ربه‌ندیخان ئه‌م یارییه‌ له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی ده‌كات، ئه‌مه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی وه‌رزی رابردوو ئه‌م وه‌رزه‌ ده‌ربه‌ندییه‌كان زۆرترین خاڵی له‌ نێو یاریگه‌ی خۆی له‌ده‌ست داوه‌، به‌ جۆرێك له‌ كۆی 7 یاری له‌ نێو یاریگه‌ی خۆیان 2 شكست و 2 به‌رامبه‌ربوون و 3 بردنه‌وه‌یان هه‌یه‌، له‌ كۆی 21 خاڵ، 11 خاڵیان ده‌ستخستووه‌.
له‌ به‌رامبه‌ردا شێروانه‌ ئه‌م وه‌رزه‌ به‌پێچه‌وانه‌ی وه‌رزی رابردوو، ئه‌نجامه‌كانی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی باشتر بوو به‌ به‌راوردی نێو یاریگه‌ی خۆی، به‌ڵام ئه‌م وه‌رزه‌ شێروانه‌ هیچ یارییه‌كی له‌ ده‌ره‌وه‌ی یاریگه‌ی خۆی نه‌بردووه‌ته‌وه‌ و ته‌نیا 3 سه‌ركه‌وتنی هه‌یه‌ هه‌ر 3 سه‌ركه‌وتنه‌كه‌ له‌ نێو یاریگه‌ و له‌به‌رده‌م هانده‌رانی بووه‌.