ڕەنگکردنی قژ و بەرهەمە جوانکارییەکان بۆ ئافرەتی دووگیان سەلامەتن ؟

دكتۆرلانە هیدایەت پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ئافره‌تان و منداڵبوون سه‌باره‌ت به‌ كاریگه‌رییه‌كانی ره‌نگكردنی قژ بۆ ئافره‌تی دووگیان‌ ده‌ڵێت:

به‌پێی توێژینه‌وه‌ زانستی نوێ بەکارهێنانی ماددە کیمیاوییەکانی وەک بۆیەی ڕەنگ کردنی قژ و ماددەی خاوکەرەوەی قژ وەک (کیراتین و پرۆتین …هتد)بۆ ئافرەتانی دووگیان زیانبەخشە، چونکە بەکارهێنانیان دەبێتە هۆی دابەزاندنی ئاستی هەندێک لە هۆرمۆنەکان وەک هۆرمۆنەکانی( ئیسترۆجین و پرۆجیسترۆن )،کە لە ماوەی دووگیانیدا پێویستە ڕێژەی ئەو هۆرمۆنانە لە ئاستێکی بەرزدا بێت، کەمی ڕێژەی ئەو هۆرمۆنانە دەبێتە هۆی چەند کێشەیەک وەک (سستی گەشەی کۆرپەلە،لەدایکبوونی پێشوەختە،کەمی کێشی کۆرپەلە).
بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە هەندێک لە بەرهەمەکان ماددەی(Endrocin Disruptors) تیا بەکاردەهێنێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریە زیانبەخشەکانی بەرهەمە جوانکارییەکان، هەرچەندە ئەم ماددەیەش کاریگەری زیانبەخشی تری دەبێت وەک زیادکردنی کێشی دایکەکە، وە لە داهاتوودا دەبێتە هۆی ئەوەی منداڵەکە لەتەمەنی پێگەیشتندا زووتر دەگاتە قۆناغی باڵغبوون.
هەروەها تێبینی ئەوە کراوە کە ئەو ئافرەتە دووگیانانەی بەرهەمەکانی خاوکەرەوەی قژیان بەکارهێناوە بەڕێژەیەکی زیاتر دووچاری شێرپەنجەی سنگ دەبنەوە، لەهەمانکاتدا دەبێتە هۆی سنووردارکردنی گەشەی کۆرپەلە لە سکی دایکیدا.
ئافرەتانی دووگیان ئەگەر یەکێک لەو بەرهەمانەیان بەکارهێنابوو وە بێئاگابوون لە زیانەکانی پێویستە سەردانی دکتۆر بکەن وە پشکنین بکەن بۆ زانینی بەرز ونزمی ئاستی هۆرمۆنەکانیان و کاریگەریەکانی لەسەر کۆرپەلەکە.
لەکۆتاییدا پێشنیارمان ئەوەیە کە خانمانی دووگیان یاخود ئەو خانمانەی پلانیان هەیە بۆ دووگیان بوون وریابن لە بەکارهێنانی هەر بەرهەمێک کە بۆ جوانکاری بەکاریدەهێنن.

ھەواڵی زیاتر