(نزار زێوەیی) سەرپەرشتیاری گروپی هونەریی لوڕ: زۆرینەی كارمان بۆ گەنج و دەنگی نوێ بووە، بۆیە ناوەندێكیشین بۆ پێگەیاندنی هونەرمەند

گروپی هونەریی لوڕ ماوەی 14 ساڵە لەشاری سلێمانی لەلایەن چەند موزیسیانێكەوە دامەزراوە، كاری ئەم گروپە زیاتر زیندووكردنەوەی بەرهەمی فۆلكلۆرییە، بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە ساڵیادی نوێی گروپەكەیان بكەنەوە.

نزار زێوەیی، سەرپەرشتیاری گروپی هونەریی لوڕ بە “هەولێر”ـی راگەیاند : “دروستبوونی گروپەكەیان پێویستییەكی گرنگ بووە، نەك لەبەرئەوەی چەند موزیسیانێك لەڕێگەی موزیكەوە خەریكی بزنس یان كاتبەسەربردن بن، بەڵكو هەم لەڕووی نیشتمانی و هونەرییەوە پێویست بوو، سەرەتا هەڵبژاردنی ناوەكە پەیامێكی نیشتمانییە كە لوڕ پێكهاتەیەكی سەرەكی كوردە، بەداخەوە لەهەردوو وڵاتی عێراق و ئێران و لەژێر فشاری سیاسەتی هەردوولا ئەم پێكهاتەیە تەعریب كرابوو، بەڵام ئەوان ویستویانە بڵێن ئەم پێكهاتەیە زیندوون و كوردن.
ناوبراو روونیكردەوە لەڕووی هونەرییەوە ویستیان ئەو زاراوانەی لەكوردستان هەن، گرێیان بدەنەوە بۆ ئەوەش هەستان بەئاڵوگۆڕكردنی زاراوەكان لەسەر میلۆدییە هاوبەشەكان، بۆ نموونە گۆرانیبێژیان لەسلێمانی هەڵبژاردووە كە گۆرانی لوڕ بڵێت، لە لوڕستان گۆرانیبێژیان هێناوە گۆرانی كرمانجی بڵێت و هی دیكەش كە تاڕادەیەكی باش سەركەوتوو بوون.
ئەم گروپە زیاتر كار لەسەر زیندووكردنەوەی موزیكی سوننەتی و فۆلكلۆری كوردی دەكەن، لەو رووەوە نزار زێویی دەڵێت، دروشمی یادی ئەمساڵیان (پاراستن و گەشەپێدان و داهێنانە)، لەبەرئەوەی راگرتنی كلتوری وڵات هەر بە هێزی چەكدار نییە، بەڵكو بە زمان، جلوبەرگ و كلتوری و هونەرە، ئەگەر كلتور و زمان نەبوو ناتوانین بڵێین نەتەوەین و وتی “وەك كورد ئەوانەمان هەیە و لەڕوی زمان و هونەر و جوگرافیاوە دەوڵەمەندین، لەڕووی سیاسییەوە لاوازین، دەمانەوێت بڵێین ئێمە خەبات بۆ پاراستنی هونەر دەكەین و گەشەی پێبدەین و داهێنانیش بكەین، تائێستا نزیكەی شانزە ئەلبوممان هەیە كە سەرجەمیان فۆلكلۆرن و داڕشتنی نوێمان بۆ كردوون و بەدەنگێكی تازە و جیاوازتر تۆمارمان كردوون”.
سەبارەت بەوەی تا چەندێك هەوڵیان داوە گەنجی ئەمڕۆ گوێ لە بەرهەمەكانیان بگرن، سەرپەرشتیاری لوڕ ئاماژەی بەوەكرد كە ئەوە دوو لایەنەیە، یەكێكیان راگەیاندن و سیاسەتی گشتی وڵاتە و ئەوەی دیكەش تاكەكانن، ئەوەی لەسەر ئەركی گروپەكانە ئەوان لەزۆر شوێندا گۆرانی خۆیان دەبیننەوە و یەكێك لەبەرهەمەكانیان لەوڵاتی رووسیا دكتۆرای لەسەر خوێنراوە كە گەنجێكی گەرمیانییە.
هەروەها وتی: “بەڵام سیاسەتی گشتی وڵات كە حكوومەت بەڕێوەی دەبات گرفتی تێدایە و زۆربەی وڵاتانی رۆژهەڵاتیش كار بۆ ئەوە دەكەن میللەت ناهۆشیار بێت بۆ ئەوەی زیاتر بمێننەوە، بۆیە چۆن پێشمەرگە وڵات دەپارێزێت، بۆیە پێویستە گەنجانیش وا پەروەردە بكرێن كە ئەو بەرهەمانەش بەشێكن لە كلتورمان و دەبێت بیپارێزین”.
نزار، مەرجی سەرەكی بۆ ئەو گۆرانیبێژانە ئاشكراكرد كە كاریان بۆ دەكەن و وتی : “مەرجمان ئەوەیە لەچوارچێوەی داب و نەریت و كلتوری كوردەواریدا كار بكەن، لەڕووی دەنگیشەوە هەوڵمان داوە دەنگ دروست بكەین، زۆرینەی كارمان بۆ گەنج و دەنگی نوێ بووە، بۆیە ناوەندێكیشین بۆ پێگەیاندنی هونەرمەند”.
لەساڵانی رابردوو سەرەڕای قەیرانی دارایی، بەڵام ئەم گروپە لەكاركردن هەر بەردەوام بوون، نزار زێوەیی جەختیكردەوە كە بۆ پاڵپشتی دارایی پشتیان بە سێ سەرچاوە بەستووە یەكێكیان كار و چالاكی خۆیان بە داهاتێكی كەم و تەنانەت گیرفانی خۆشیان بۆ داهاتی گروپ دادەنێن، پاشان خەڵكی دڵسۆز و سەرمایەدار كە روویان لێدەنێن زۆربەی كات هاوكاریانن، ئیدارەی گشتی یەكێتیش بەپێی پێویست هاوكاری كردوون كە هەرچەندە ئیشی حزبیش نییە هاوكارییان بكەن، بەڵكو ئەركی وەزارەتی رۆشنبیرییە كە بە دروستی بە كارەكەی خۆی هەستێت تا ئەوانیش ئەو لۆدە لەسەر ئەو خەڵكە لابەن.
بەبۆچوونی ئەو موزیسیانە كە ئایا دۆخی ئەمڕۆی فۆلكلۆری كوردی ئایا زیندووە یان بەرەو لەناوچوونە، دەڵێت دوو جۆر خەڵك هەیە، یەكێكیان بە دروستی گوێ لە موزیك و گۆرانی دەگرێت و بەشێكیش هیچ باكگراوندێكی رۆشنبیری نییە و تەنها كات بەڕێ دەكات، هیوادارن ئەو هونەرمەندانەی كاری نوێ دەكەن بەڕێگەیەكی زانستی ئیستیغلالی ئەو گوێگرە تازانە بكەن بە هۆنراوە و میلۆدی دروست.

ھەواڵی زیاتر