یەکشەممە, تشرینی دووه‌م 17, 2024

وەزارەتی پەروەردە لەبارەی سەرژمێرییەوە مامۆستا و فەرمانبەرانی ئاگادار دەکاتەوە

وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پاڵپشت بە نووسراوی وەزارەتی پلاندانان ژمارە (743) لە ڕێکەوتی (9/11/2024)، گشتاندنێکی کردووە بە ژمارە (32408) لە ڕێکەوتی (11/11/2024) سەرجەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانی ئاگادار کردووەتەوە، ڕەچاوی هۆکاری ئامادەنەبوونی ئەو مامۆستا و فەرمانبەرانە بکرێت کە لە پرۆسەی سەرژمێریدا بەشدارن.
لە گشتاندنەکەی وەزارەتی پەروەردەدا هاتووە، ئاسانکاری بۆ ئەو مامۆستا و فەرمانبەران بکرێت، کە لە ڕۆژانی سەرژمێریدا لەگەڵ دەستەی ئامار بەشدارن بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە، هەروەها ڕەچاوی هۆکاری ئامادەنەبوونیان بکرێت و بۆیان بە مۆڵەت هەژمار نەکرێت.
ئەمڕۆ شەممە 16ـی تشرینی دووەمی 2024، پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە 15 شارۆچکە، 46 شارەدێ و 350 گوندی سنووری پارێزگای هەولێر دەستی پێ کرد.
هەروەها بڕیارە لە 20 و 21ـی ئەم مانگە لە سەرتاسەری عێراق و هەرێمی کوردستان پرۆسەی سەرژمێری گشتیی دانیشتووان بەڕێوە بچێت.