ئێوارەى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.11.14، بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د.عەبدولفەتاح عەبدولرەزاق، بریکارى وەزارەتى خوێندنى باڵا و ژمارەیەکى تر لە بەرپرسانى حزبى و حکومى و سەرۆک و ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ و مامۆستایان و خانەوادە و کەس و کارى قوتابیان، ئاهەنگى دەرچووانى زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر بەڕێوەچوو.
لە ڕێورەسمەکەدا، پارێزگرى هەولێر وێڕاى پیرۆزبایی لە دەرچووان، خۆشحاڵى خۆى نیشاندا بە بەشدارى لە کەرنەڤاڵی دەرچوونی خولێکى دیکەى زانکۆی پۆلیتەکنیکى هەولێر، هەروەها دەستخۆشى لە سەرۆکایەتیی زانکۆى پۆلیتەکنیکى هەولێر و مامۆستایان و فەرمانبەرانى زانکۆکە کرد بۆ پێگەیاندنى نەوەیەکى نوێ بۆ کۆمەڵگە و ئاماژەشى بە پێشخستنی خوێندنى تەکنیکیدا، کە یەکێکە لە کارە گرنگەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و کۆڵەکەیەکى بنەڕەتیی سیستمی خوێندنە لە هەرێمى کوردستان بۆ ئامادەکردنی دەستی کاری خۆماڵی و درووستکردنی کارامەیی لە نێو گەنج و لاواندا.