هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

پارێزگارى هەولێر: “هەموو ئامادەكارییەک بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری كراوە و هەولێر ئامادەیە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە”

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2024.11.14، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، بەیاوەرى هێمن قادر، جێگرى پارێزگار، بە مەبەستى لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە ئامادەکارییەکان بۆ چۆنیەتى بەڕیوەچوونى پڕۆسەى سەرژمێرى گشتیى لە سنوورى پارێزگاى هەولێر، سەردانى بەڕێوەبەرایەتى ئامارى هەولێرى کرد و لەلایەن دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەرى ئامارى هەولێر پێشوازى لێکرا.

لە کۆبوونەوەیەکەدا، لەگەڵ بەڕێوەبەر و دەستەى کارگێڕى بەڕێوەبەرایەتییەکە، دواى بە دواداچوون بۆ ئەرک و کار و ئامادەکارییەکانیان، تیشک خرایە سەر پێداویستى و کەم و کوڕییەکان و چۆنییەتیی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە و قۆناغەكانی، لەو بارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر، جەختى لە بەرێوەچونی سەرژمێریەکی سەرکەوتوو لە سنوورى پارێزگاى هەولێر کردەوە و ئاماژەى بەوەدا خواستى ئێمە ئەوەیە هەولێر لەو سەرژمێرییە پێشەنگ بێت، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەیی هەموو پاڵپشتى و هاریکارییەکى پارێزگاى هەولێرى نیشاندا.

پاشان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن، پارێزگارى هەولێر، وێڕاى دووپاتکردنەوەى ئامادەی هەموو هاوكارییەكی دەستەی ئاماری هەولێر لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێری، ڕایگەیاند: “هەموو ئامادەكارییەک بۆ بەڕێوەچوونی سەرژمێری لە سنوورى پارێزگاى هەولێر كراوە و ئێستا هەولێر ئامادەیە بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆسەكە”.

گوتیشى: “ئەو دڵەڕاوكێیەی كە سەبارەت بەڕێوەچوونی پڕۆسەی سەرژمێری لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەبوو، ئێستا نەماوە و تێبینییەكان چارەسەر كراون و داوا لە خەڵكی ئەو دەڤەرانە دەكەین كە ئێستا دانیشتووی هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژانی سەرژمێری بگەڕێنەوە ناوچەكانی خۆیان” و جەختیشی له‌وه‌كرده‌وه‌ كردەوە كە 20 و 21ـی ئەم مانگە هاتووچۆ قەدەغە دەبێت.

جێگەى باسە بڕیار وایە ڕۆژی 20ی ئەم مانگە، سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان لە عێراقدا بكرێت، ئەمەش لە دوای ئەوەی 27 ساڵە سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا نەكراوە.