شەممە, تشرینی دووه‌م 23, 2024

هەولێر … “( 8 هەزار ) هاوڵاتی سوودمەند بوونە لە ڕێگەپێدانى زەوى سندووقى و حەرەمى گوند و فراوانکردنى “

 

ئه‌مڕۆ چوارشەممە 2024.11.13، لە سەر فەرمان و ڕەزامەندى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون و چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندى هەژاران و کەمدەرامەتان، ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە دیوانى پارێزگا، لە ڕێورەسمێکدا وەک قۆناغى نۆیەم ( 150 ) ڕێگەپێدانى دیکەى دروستکردنى خانووى لە سەر زەوی سندووقی ڕادەستى خاوەنەکانیان کرد.

لە ڕێورەسمەکەدا، کە بەڕێوەبەرى خانووبەرەى میرى پارێزگا ئامادەى بوو، پارێزگارى هەولێر، دەستخۆشى لە لیژنەى پارێزگا کرد و گوتى: “بابەتى زەوى سندووقى بەشێکى دیکەیە لە خزمەتگوزارییەکان، کە دوا بە دواى فەرمانى رێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، دەستى پێکراوە، بۆبە بەناوى خۆمان و بەناوى ئێوەوە سوپاسى ڕێزدار مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەین بۆ چارەسەرکردنى گرفتی زەوییە سندووقیەکان لە بەرژەوەندی هەژاران و کەمدەرامەتان، ئومێدى دەکەین لە زووترین کاتدا بتوانن دەست بە دروستکردنى خانووەکانتان بکەن و ببن بە خاوەن خانووى خۆتان”.

جێگەى باسە، لەسەر فەرمانى سەرۆکى حكومه‌تی هه‌رێمى کوردستان، وه‌ك كارئاسانی بۆ هاووڵاتیانى هەژار و کەم دەرامەت، لە پێناو نەهێشتنی گرفتی نیشتەجێبوون، بڕیارى تەملیککردن و مۆڵەتپێدان بۆ دروستکردنى خانوو لە سەر زەوی سندووقى دراوە و لە سنوورى پارێزگاى هەولێر تاوەکو ئێستا زیاتر له‌ ( 8 هەزار ) هاوڵاتیی سوودمەندبوونە و ڕێگەپێدانیان پێدراوە خانوو لە سەر ئەرزى سندووقى دروستبکەن و خانووەکانیان لە نێو حەرمى گوند دروستبکەن و نۆژەن بکەنەوە، هێشتاش بەشیکى زۆرى مامەڵەى دیکەى هاوڵاتییان لەلایەن لیژنەى پارێزگا ماوە.