پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 14, 2024

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان: پێكەوە دەتوانین ڕووبەڕووی گۆڕانی ئاووهەوا ببینەوە

پاش ئه‌وه‌ى نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، لەسەر بانگهێشتى فه‌رميى ئيلهام ئه‌ليێڤ سه‌رۆكى ئازه‌ربايجان گه‌يشته‌ باكوى پايته‌ختى وڵاته‌كه‌، دوێنێ سێشه‌ممه‌، به‌شداريى له‌ ڕێوڕه‌سمى كردنه‌وه‌ى كاره‌كانى كۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌يه‌كگرتووه‌كان بۆ گۆڕانى ئاووهه‌وا (COP29)دا كرد.

له‌ په‌راوێزى چالاكييه‌كانى كۆنگره‌كه‌دا، سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى، چاوى به‌ ژماره‌يه‌ك له‌ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان كه‌وت كه‌ له‌ كۆنگره‌كه‌دا به‌شدارن. كاره‌كانى COP29 تا 22ى ئه‌م مانگه‌ به‌رده‌وام ده‌بن و تيايدا وڵاتانى به‌شدار ده‌رباره‌ى چۆنيه‌تيى پاراستنى گۆى زه‌وى له‌ كاريگه‌رييه‌كانى گۆڕانى ئاووهه‌وا و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى، ده‌كۆڵنه‌وه‌.
له‌ لايه‌كى ديكه‌وه‌، سه‌رۆكی هەرێمی کوردستان، نێچيرڤان بارزانى، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و سه‌ركرده‌ى وڵاتان، به‌شداريى له‌ ئێواره‌خوانێكى به‌ڕێز سه‌رۆكى ئازه‌ربايجاندا كرد كه‌ بۆ ميوانانى COP29 ساز كرابوو.
هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ په‌يامێكدا له‌سه‌ر تۆڕى ئێكس، سوپاسى سه‌رۆكى ئازه‌ربايجانى كرد بۆ بانگهێشته‌كه‌ى‌، هه‌روه‌ها پيرۆزبايى له‌ حكوومه‌ت و گه‌لى ئازه‌ربايجان كرد بۆ ميوانداريكردنى سه‌ركه‌وتووانه و ڕێكوپێكى كۆنگره‌كه‌.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان،لە پەیامەکەیدا، دەڵێت؛ خۆشحاڵم كە لە كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ گۆڕانی ئاووهەوا لە باكو بەشداری دەكەم.
ئەوەشی خستووەتەڕوو؛ ئەم كۆبوونەوە ساڵانەیە دەرفەتێكی گرنگە بۆ ئەوەی بەرەو داهاتوویەكی سەقامگیرتر هەنگاوی كاریگەر بنێین.
هەر لە پەیامەکەیدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەوەشی وتووە؛ پێكەوە دەتوانین ڕووبەڕووی گۆڕانی ئاووهەوا ببینەوە و هەسارەیەكی تەندروستتر بۆ نەوەكانی داهاتوو جێ بهێڵین.
دوێنێ، به‌ ئاماده‌بوونی نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و سەرکردە و سەرۆک و کەسایەتییە کاریگەرییەکانی جیهان، رێوڕه‌سمی كردنه‌وه‌ی بیست و نۆیه‌مین كۆنفرانسی گۆڕانی کەشوهەوا ناسراو بە کۆپ بیست و نۆ ده‌ستی پێكرد.
له‌ كۆنفرانسه‌كه‌دا 190 سه‌ركرده‌ و سه‌رۆكوه‌زیر و نوێنه‌ری وڵاتان له‌ كۆپ 29 به‌شدارن و كۆنفڕانسه‌كه‌ش ماوه‌ی 11 رۆژ به‌رده‌وام ده‌بێت.