هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 15, 2024

دۆن کیخۆت سوارچاکی شێتی، شۆڕشگێری یاخی

دەشێ هەردوو چەمكی (شێتێتی) و (یاخیبوون) لە زەقنەبوونەوەی تێرنەبوونێكی بەردەوامی دەروونی و واقیعی جێگیری نەریتگەرادا كورت بكەینەوە. تاك بیر لە تەسكردنەوەی سنوورەكانی ناخ دەكاتەوە و كۆمەڵگا بیر لە كۆنترۆڵكردنی بەهاكانی رزگاری دەكاتەوە. شێتی سنووری تێرنەبوونی ناخی تاكی داهێنەرە، یاخی رێگای رزگاری نیشانی كۆمەڵگای مرۆڤایەتی دەدات. یەكەمیان ئازادكردنی تاكە لە كۆمەڵگا و دووەمیان ئامانجی بەدەستهێنانی رزگارییە لە واقیعی جێگیر. ئازادكردنی تاك هەوڵێكە بۆ ئەوەی ببی بەوەی كە خۆت دەتەوێ، بەدەستهێنانی رزگاری پەیوەندی بە دەربازبوون لە پێدراوە چەسپاوەكان هەیە. كەواتە شێتی و یاخیبوون وەك بەردەوامی گۆڕان و سەیرورە، ئازادی و داهێنان، داهێنان و رزگاری لەنێو یەكتردا لە گەشەدان.
كاراكتەری ڕۆمانی دۆن کیخۆتی نووسەری ئیسپانی (میگێل دو سێرڤانتێس) هێمای تێپەڕاندنی دابونەریتی باوی چەسپاو و سەیرورە و گۆڕانە، دژی شەپۆلە چەسپاوەكانی واقیعە، لە دەریای بێ سنووری ئازادیدا. ئەو رۆمانە باسی ژیانی نەجیبزادەیەکی ئیسپانی دەکات، کە ناوی (ئەلونسۆ کیشانو)یە و تەمەنی سەرووی پەنچا ساڵە، لەگەڵ خوشکەزایەکی و خزمەتکارێکی، لە گوندێكی هەرێمی (لامنتشا)دا دەژین. دۆن کیخۆت دوای خوێندنەوەیەكی زۆر، کردە بوونی مرۆیی خۆی بەسەر واقیعدا واڵا دەكات، لە رێگای بیروڕاكانییەوە هەوڵدەدات بە کردە، وەك سوارچاکێك داکۆکی لە دادپەروەری و چەوساوەکانی جیهان بكات، ئەو جیهانەی كە بەهاکانی گۆڕان و سەیرورە ناس ناكات. ئەم چیرۆکە سەرسوڕهێنەرە بۆتە ئایکۆنێکی فەلسەفی و ڕۆشنبیریی کە نووسەران و فەیلەسوفان بەردەوام وزەی لێوەردەگرن.

واقیع
لەنێوان ئازادی و رزگاری
زۆرجار شێتی بە جیابوونەوە لە واقیع، یان ڕەتکردنەوەی واقیعی چەسپاو دادەنرێت. وەك چۆن ئازادی وەك شۆڕش هەندێ لە پێدراوەكانی ناسنامەی رزگاری رەتدەكاتەوە. ئەوەش بە ڕوونی لە شۆڕشە جیاوازەكانی دنیا و تەکنیکی گێڕانەوەی سێرڤانتسی رۆماننووس دەردەكەوێت. بەو مانایەش لای سێرڤانتس دۆن كیخۆتە مەحكومە بە خەیاڵ (هەموو شۆڕشەكانی دنیاش مەحكومن بە ئازادی)، بەڵام خەیاڵ (ئازادی) بۆ كوێمان دەبەن؟ لە پشت ئەو پرسیارە داهێنان (رزگاری) وەستاوە، داهێنان هەمیشە لە گۆڕان و سەیرورەی بەردەوامدایە. ئازادیش هەمیشە فۆرمەكانی رزگاری بەرەو جۆری دەبات. بە كورتی خەیاڵی داهێنان هونەری وێناكردنی سێبەرە وەك حەقیقەت، سێبەریش بەرهەمهێنانەوەی گەمەی نا- نواندنەوەیە! خەیاڵی ئازادیش دۆزینەوەی فۆرمە جیاوازەكانی رزگارییە و رزگاریش بەرهەمهێنانەوەی گەمەی نا- نواندنەوەیە.
جیاوازی رۆمانی دۆن كیخۆتە لە تەكنیكی گێڕانەوە و وەسفکردنی پاڵەوان لە هەموو رووییەكەوە (بەتایبەتی لایەنی دەروونیی و کۆمەڵایەتی، گرێی ئەدەبی، رەگەزی کتوپڕ) بەرجەستەیە. جیاوازی شۆڕش و ئازادی، لە ساتەوەختە چەسپاوەكانی رزگاری لە نا- نواندنەكانی خۆی بەردەوامە. چونكە داهێنان و رزگاری مرۆڤایەتی لە سەیرورەی بەردەوام گۆڕانی بەردەوامدایە.
شێتی تەقینەوەی فشارەكانی دەروونە و یاخی دنیا و ژیانێك ڕەتدەکاتەوە، کە مانای بەردەوامی
گۆڕانی قبوول نییە. بۆیە دەتوانین (ئازادی) بە حاڵەتی شێتبوون و یاخیبوون بە دژی واقیعی سەپاوی (رزگاری) بچوێنین، بەو مانایەش ژیان خەون و خەیاڵەكانی شێتی و رزگاری ناناسێت؟ دۆن کیخۆت پێماندەڵێت، ئەگەرچی ئیگۆی گوتاری ئازادی شۆڕشگێرانە لەگەڵ گوتاری ناسنامەی رزگاری پێكەوە لە گەشەی بەردەوامدان. كەواتە ژیان هەرگیز بەو مانایە نییە، كاتێ رزگاری خەیاڵی ئازادییمان پێشێل دەكات، قبوولی بكەین؟!
كەواتە چیرۆکی دۆن کیخۆتە وێنەی كاراكتەری سەرەكی وەك سێبەری شكاو بە دژی پاڵەوانی هەرگیز نەبەزیوو دەكێشێ. واتە ئەو گێڕانەوەیە جگە لە پاڵەوانی بەزیوو، مۆنۆلۆگ، دانانی رەگەزی فرە دەنگیی و گرێی ئەدەبی، كە بەشێکی زۆری رۆمانەکانی دنیای ئەمڕۆی تەنیووە و کاریگەری لەسەر زۆر لە کارە ئەدەبی و فەلسەفییەكان داناوە، زێدە حەقیقەتیش دەكاتە كەرەسەی گاڵتەپێكردن.
دۆستۆیڤسکی دەڵێت: سێرڤانتس قووڵترین و بەهێزترین نووسەری جیهانە. شانۆنووسی ناوداری فەرەنسی مۆلێر، فرانس کافکا، گراهام گرین، ژنە نووسەری ئینگلیزی چارلۆتە.. فرانس کافکا چیرۆكێکی بەناوی (حەقیقەتی شانشۆ پانسا) نووسیووە. تۆماس مان لە ڕۆمانی (چیای جادوویی) لەژێر كاریگەری بیرۆكەكانی سێرڤانتس، پاڵەوانێك هەڵدەبژرێ، کە لە کۆمەڵگاکەی دابڕاوە و لە گەشتێکی فەلسەفی ناوخۆیی لاسایی شێتی دۆن کیشۆت دەکاتەوە. ڕۆمانی (پاسەوان لە کێڵگەی شۆفان) سالینجەر، هەر لەژێر هەمان كاریگەری (کولین)ی پاڵەوانی هەوڵدەدات پاکی منداڵانە بپارێزێت، بۆ ئەوەش کەموکوڕییەکانی جیهانی ڕاستەقینە فەرامۆش دەكات.

ئازادی
وەک ئامرازی بەدواگەڕانی رزگاری
دەتوانین لەو سەردەمەی كە تێیدا دەژین، سەردەمی مۆدێرنە، كاراكتەری دۆن کیخۆت نەک وەک شێت ببینین، بەڵکو وەک فەیلەسوفێک بیبینین، كە لە رێگای یاخیبوون بە دژی دابونەریتە سەپاوەكانی کۆمەڵگا، هەوڵی خۆ دۆزینەوە دەدات. ئازادی ناوەوە لەو چوارچێوەیەدا بۆ ئێمە وادەردەکەوێت، کە ئامرازێکە بۆ بەدەستهێنان و بەردەوامی ئازادی و رزگاری. (بۆ نموونە) فرۆید لە تیۆرە دەروونییەكانیدا پێشنیاری ئەوە دەکات، کە دابڕان لە واقیع دەتوانێ وەڵامێک بێت، بۆ پێداویستییە دەروونییە قووڵەکان و دەشێ هەوڵێک بێ، بۆ دەربازبوون لە فشارە ڕاستەقینەكانی ژیانی مرۆڤ. بەڵام دەبێ ژیان لە گۆڕانی بەردەوام و سەیرورەی بەردەوام دابێت.
جەنگە بەناوبانگەکەی دۆن کیخۆتەی سێرڤانتێس لە دژی (ئاشی با) جەنگی مرۆڤی مۆدێرنە لە دژی ئەو هێزە ستەمكارە زەبەلاحەی کە کۆنترۆڵی ژیان دەکات. ئایا ئەمانە هێمای سیستمی کۆمەڵایەتی و سیاسیین، کە تاک ناتوانێت بەرییان بگرێت؟ تێڕوانینی دۆن کیخۆتە بۆ ئەم کارگە زەبەلاحانە تەنها نیشانەی بەرفرەوانی خەیاڵ و شێتییەکەی نییە، بەڵکو نیشانەی بەرفرەوانی ئازادییەكە، كە هەمیشە دنیا وەک سیستەمێکی تەحەداكەر دەبینێ. میشێل فۆکۆ لە کتێبی مێژووی شێتی دووبارە چەمکی شێتی تاقی دەکاتەوە، کە تیایدا باسی شێتی وەک حاڵەتێکی یاخیبوون لە عەقڵانیەتی ڕەها دەکات.
دۆن کیخۆت وەک کارەکتەرێک دەمێنێتەوە، کە نوێنەرایەتی گەڕانی بەردەوام بەدوای خۆیدا دەکات، لە جیهانێکی ڕیالیزمی بێلایەندا. چیرۆکی ئەم شێتە، پرسیار لەسەر مانا و خەیاڵ، ئازادی و رزگاری، حەقیقەت و سێبەر.. دەوڕوژێنێت و خوێنەر بانگهێشت دەکات، بۆ بیرکردنەوە لە ژیان، بە شێوازێکی بەردەوام گۆڕاو و جیاواز. دەشێ لەو گێڕانەوەیەدا شێتی بانگەشەی ئازادی بەردەوام بێ و (ئاشی با) دەلالەت لە جێگیربوونی هەڵبژاردەكانی رزگاری بكات، کە مرۆڤی داهێنەر لە گەڕان بەدوای ناوەوەی خۆیدا پێی رازی نییە.

هەولێر 5/11/2024
…..
سەرچاوەکان:
– میغیل دی سیرفانتس. دون کیخوتە. ترجـمە عبدالرحمن البدوی. دار المدی للثقافة و النشر.سوریا.1998
– عبدالهادی سعدون. 400 عام علی روایة «دون كیخوته»: الفارس النبیل لا یزال یحارب طواحین الهواء!.
– دون كیشوت: فارس الجنون وحكمة التمرد علی الواقع- جمیل سلیم، 4 تشرینی دووەمی 2024.