هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

دەڵێی دەست بۆ پشکۆ دەبەم

حەمەسەعید حەسەن
شەهیدی ڕێی عیشقی خوا
کە وەسفی هەر شتێکمان کرد
بە شتێکی جوانتر لە خۆی
دەشوبهێنین،
هیچ لە ئەڤین جوانتر نییە
ئەڤین بە چی بشوبهێنین!
(سەمنوونی عاشق)
موحیبەت لە (ئونس و قورب و شەوق) پێک دێت. ئونس کە بەرهەمی خەڵوەتی درێژە، ئەوەیە: عاشق کە سۆفییە، دڵی بە مەعشووق کە خوایە، دەکرێتەوە و بە زەبری خۆشویستنی خوا، خۆشییەک دڵی داگیر دەکات کە دڵنیایی پێ دەبەخشێت و هەست بە تەنیایی و غەریبی ناکات. قورب: کە دەوای هەموو دەردێکە، شیرینیی بەهەشتی نزیکبوونەوەیە لە خوا، نزیکبوونەوەی ڕۆحی، نەک وەک شوێن. ئەوی لەم دونیا بەهەشتی نزیکبوونەوە لە خوای بە نسیب بووبێت، بە بەهەشتی ئەو دونیایش شاد دەبێت. شەوق: سەفەری دڵە بۆ لای مەحبووب، تامەزرۆییە بۆ دیداری خوا، ئەوی موشتاق (تامەزرۆ)ی دیداری خوا بێت، خەون بە (ویساڵ)ییەوە دەبینێت.
فەرموودەی قودسی، گوتەیەکە لە حەدیس باڵاتر و لە قورئان نەویتر. (خوا هەر کەسێکی خۆش بوێت، ئیدی ئەو کەسە بە چاوی خوا دەبینیت و بە گوێی خوا دەبیستێت.) ئەوە حەدیسی قودسییە و مەبەست لێی ئەو مەقامەیە کە تەنیا وەلی پێی دەگات. هەندێک لە سۆفییەکان بڕوایان بە نزیکبوونەوە لە خوا نییە، ئاخر هەوڵیان بۆ بەیەکبوونە لەگەڵیدا، نەک نزیکبوونەوە لێی. تامەزرۆیی بۆ خوایش (شەوق) ڕەت دەکەنەوە، چونکە تامەزرۆییی بۆ غائیب دەبێت، خوایش هەرگیز غائیب نابێت و لە شادەمار نزیکترە لێمانەوە. هەندێکی دیکە لە سۆفییان وای بۆ دەچن، تامەزرۆیی بۆ خوا، سنووری نییە و تا لێی نزیک ببینەوە، زیاتر دەرک بە گەورەیی و بە سیفەتە جوانەکانی دیکەی دەکەین.
تاقە ڕێگە بۆ نزیکبوونەوە، بە خۆ پاکژکردنەوە و بە توانەوە لە ناو سیفەتەکانی خوادا تێدەپەڕێت. دەهلەوی (١٧٠٣ – ١٧٦٢) گوتوویەتی: تا بە ئاگری ئەڤینی خوایی، نەبین بە هەڵم، لێی نزیک نابینەوە. غەزالی ئەو خۆشەویستییە پاکژەی بە درەختێک چوواندووە، ڕەگی لە زەوی، لقی لە ئاسمان و بەری لەناو دڵ و لەسەر زار. ئەوەی لە دڵدایە و ڕۆشن و ئاوەدانی دەکاتەوە، ڕەچاوکردنی فەرمانی خوایە، ئەوەیشی لەسەر زارە، ویردی ناوی خوایە کە تا زیاتر زیکری بکەین، خۆشەویستیمان بۆی زیاتر دەبێت.
گوێڕایەڵیی خوا ئەوەیە بە تەواوی خۆمان بدەینە دەست ویستی، ئیدی ئەو ویستە لە قازانجمان بێت، یان نا، ئاخر خۆشەویستی، نە بە خراپە لێی کەم دەبێتەوە و نە بە چاکە لێی زیاد دەبێت. ئەوە ئەرکی عاشقە، با مەعشووق دەریشی کردبێت، بەر دەرگاکەی بە ڕۆح بماڵێت. مردنیش چونکە لای خواوە دێت، سۆفی پێشوازیی لێ دەکات، ئاخر نەمانی پەردەیە لە نێوان مەخلووق و خالیقدا، چونکە مەرگی جەستە، ڕێ بۆ ژووانی عاشق و مەعشووق خۆش دەکات. کە فریشتەی مەرگ، دێت ڕۆحی ئیبراهیم بکێشێت، خۆی بە دەستەوە نادات، چونکە پێی وا دەبێت، خوا (خۆشەویست)ی خۆی ناکوژێت. کە دەنگێک لە دوورەوە پێی دەڵێت: (چۆن عاشق حەزی بە دیداری مەعشووق نییە؟) ئیدی خۆی بە دەست فریشتەی مەرگەوە دەدا. حەللاج بۆچی بە شەهیدی خۆشەویستی بەناوبانگە؟ چونکە وەک گوڵێکی گەشاوە، بەدەم خۆشی و سەماوە، بەرەو ڕووی مەرگ بووەوە، ئاخر سوور دەیزانی ئەوەی دەیکوژێت، شمشێری تامەزرۆیییە بۆ گەییشتن بە خوا، ئاخر دەیزانی شەهیدی ڕێی عیشقی خوا، بە نەمریی دەمێنێتەوە. شەبلی دەیگوت، خوا پێی گوتووم: ئەوی لەڕێی ئەڤینی مندا بکوژرێت، پادداشتی دەدەمەوە.
بەگوێرەی شیعری سۆفییانە، عاشق کەسێکە چێژ لەو بەڵایانە دەبینێت کە لەلای مەعشووقەوە بۆی دێن، عاشق کەسێکە هەر کە بیری لە مەعشووق کردەوە، دەرد و بەڵا و ئازاری لە بیر بچێتەوە. مەحبووب لای سۆفی هەم دەردە و هەم دەوا، ئاخر بێجگە لەوی برینداری کردووە، کەسی دیکە ناتوانێت چارەسەری بکات. کە خوا تووشی بەڵامان دەکات، ئەوە بەڵگەیە بۆ ئەوەی لێمانەوە نزیکە و بەپێی گوتەی حەللاج، خوا ئەوانە تووشی بەڵا دەکات کە خۆشی دەوێن، تا ئەڤیندار لە غەیری مەحبووب، پشتی بە کەسی دیکە قایم نەبێت. بۆچی پەیامهێن و وەلی زیاتر لە کەسانی دیکە تووشی بەڵا دێن؟ چونکە خۆشەویستی خوان و لێیەوە نزیکن.
بەڵا چییە؟ هەمان (بەڵێ)یە کە ڕۆح لە (بەڵێن)نامەی یەکەمدا، لە (قالوا بلا)وە گوتوویەتی و پێشەکی پەیمانی داوە، تا ڕۆژی پەسڵان، پێشوازی لە هەموو بەڵایەک بکات کە لای خواوە دێت. وەک چۆن گەنم دوای هاڕین و بە هەویربوون و برژاندن، ئینجا دەبێت بە نان، ڕۆحی ئینسانیش دوای ئازار و ئەشکەنجەی زۆر، ئینجا پێدەگات، هەر بۆیە سۆفی (داوای ڕەحمەت ناکات، عاشقێکە شەیدای زەحمەتە.) ئەو ڕەحمەت و زەحمەتە، کە خاڵێک لێکیان جودا دەکاتەوە، گەمەکردنێکی شاعیرانەیشە لەگەڵ ئەو دوو وشەیەدا.
کە عیشق دێتە ناو ئەدەبیاتی سۆفییەوە، ئەهلی سوننە پێی سەغڵەت دەبن، ئەوە فەخرەددینی عێراقی (١٢١٣ – ١٢٨٩ز) بوو، لا إلە إلا ألـلەی گۆڕی بە لا إله إلا العشق. شیعری ئەڤینداریی پاکژ کە لە سەرەتاوە زادەی خۆشەویستیی ئیفلاتوونی بوو، بۆ نێو ئەدەبیاتی سۆفییانەیش پەڕییەوە، هەرچەندە دوژمنانی ئەوەیان ڕەت دەکردەوە، خۆشەویستی بکەوێتە نێوانی ئینسان و خواوە. مانییەکان پێیان وابوو، ڕۆحی ئینسان گەردێکە لە نووری خوا، لە جەستەدا دیلە، ڕۆژێک دەگەڕێتەوە بۆ لای سەرچاوەکەی، بۆیە نەیارانی ئەڤینی سۆفییانە، قسەکردن لەسەر ئەڤینی نێوان ئینسان و خوایشیان، دەبردەوە سەر بیروڕای (مانی)یەکان و بە کوفریان دەزانی.(*)
(*) (مانی) عاریفێکی مەجووس بوو، گوایە بە دوازدە ساڵی وەحی بۆ هاتووە. پێی وابوو کە ڕۆح لە جەستە ڕزگاری بوو، بۆ لای خوا هەڵدەکشێت. مانی ددانی خێری بە بودا و زەردەشت و عیسادا دەنا، بەڵام مووسای پەسەند نەدەکرد. ٢١٦ی زایینی کوژرا.