بڕیارە لەسەر داوای دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، عەبدوڵا ئۆجەلان، سەرۆكی زیندانیكراوی پەكەكە، بهێنرێتە پەرلەمانی توركیا و لەوێ وتارێك پێشكەش بكات و داوا لە پەكەكە بكات چەك دابنێت. بەڵام هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان، گفتوگۆی زۆری لەناو یاساناساندا دروست كردووە و بەشێكیان پێیان وایە هاتنی ئۆجەلان بۆ پەرلەمان دژی یاساكانی توركیایە.
بڵند ئارینچ، سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی توركیا، پێی وایە پێویستە ئۆجەلان بەر لە هاتنی بۆ پەرلەمان، بەر لێبوردنی گشتی بكەوێت.
ئارینج، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ ئاژانسی (T24)ـی توركی، دەڵێت مادام باس لەوە كراوە ئۆجەلان سوود لە مافی ئومێد وەربگرێت، كە ئەو مافە لە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێی بۆ كراوەتەوە، كەواتە توركیا لەمەودوا دەچێتە ژێر باری بڕیارەكانی ئەو دادگایە، كە بۆ خۆی ئەندامە تێیدا.
دوای ئەوەی باخچەلی، لە وتارێكدا داوای كرد ئۆجەلان بێتە پەرلەمان و تارێك پێشكەش بكات، هەروەها سوود لە مافی ئەمێد وەربگرێت بۆ ئازادكردنی، پرسی چارەسەری هاتەوە بەرباس.
ئارینج دەڵێت: ”ئەگەربێتو بڕیار بێت ئۆجەلان لەناو پەرلەمانی توركیا وتار پێشكەش بكات، پێویستە بەر لێبوردنی گشتی بكەوێت، گەر ئەوە كرا، ئەوكات بیر لە هەموو شتێكی تر دەكرێتەوە. ناكرێت هەموو جارێك فڵان پارت دابخرێت، یان فڵان كەس لەسێدارە بدەن یان لە سێدارەی نەدەن، دەبێت ئەمە كۆتایی پێ بێت.“
بە بۆچوونی ئارینج، لەڕووی یاساییەوە ناكرێت ئۆجەلان بهێنرێتە پەرلەمان و وتار پێشكەش بكات، ئەمە مومكین نییە، بەڵام گەر لێبوردنی گشتی دەربچێت، ئەو رێگە یاساییە دەكرێتەوە.
ئەگەربێتو مافی ئومێد بەسەر ئۆجەلاندا جێبەجێ بكرێت، لێرەدا توركیا دەكەوێتە ژێر ئەو بەرپرسیارییەی كە پێوستە یاساكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا جێبەجێ بكات، بەمەش رێگە بۆ ئازادكردنی سەلاحەدین دەمیرتاش خۆش دەكرێت، چونكە هەمان دادگا دووجار داوای لە توركیا كردووە دەمیرتاش ئازاد بكرێت.
تاوەكوو ئێستا روون نییە، ئۆجەلان بەبێ ئەوەی لێبوردنی گشتی بۆ دەربچێت دەهێنرێتە پەرلەمان، یان بەر لە وتاردان ئازاد دەكرێت؟ بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، هەڵوێستی ئاكەپە و مەهەپە گرنگە و بڕیاری كۆتایی لای ئەوانە.
دەم پارتی، داوا دەكات سەرەتا گۆشەگیركردنی ئۆجەلان كۆتایی پێ بێت و دەرگای ئیمیراڵی بكرێتەوە، ئەوكات باس لە پرسی چارەسەری و رۆڵی ئۆجەلان بكرێت، بەڵام حكوومەتی توركیا، لەبارەی كردنەوەی دەرگای ئیمیراڵی هیچ لێدوانێكی فەرمی نەداوە.