لەم هەفتەیەدا لە سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر تیروپشك بۆ بەشێكی دیكەی ئەو كارتە زەوییانە دەكرێت كە دیاریكراون بۆ دابەشكردنیان بەسەر فەرمانبەر و خانەنشینانی شاری هەولێر.
بەگوێرەی زانیارییەكانی (كوردستان تیڤی) لە رۆژانی چوارشەممە و پێنجشەممەی ئەم هەفتەیەدا تیروپشك بۆ 5 هەزار كارتی زەوی دەكرێت بە مەبەستی دابەشكردنیان بەسەر فەرمانبەر و خانەنشینانی شاری هەولێر.
ئەو كارتە زەوییانە 3 هەزاریان لە سنووری سەرۆكایەتی شارەوانی هەولێر دەبێت، 2 هەزارەكەی دیكە لە شارەوانییەكانی دیكەی سەر بە پارێزگای هەولێر دەبێت.
بەگوێرەی پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڕیاردراوە زیاتر لە 200 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەر و خانەنشینان هەرێمی كوردستان دابەش بكرێت، لەو رێژەیەش تا ئێستا 12 هەزار پارچە زەوی دابەشكراوە و پڕۆسەكەش بەردەوامە.
لە سنووری پارێزگای هەولێر نزیكەی 70 هەزار پارچە زەوی دیاریكراوە بۆ ئەوەی بەسەر فەرمانبەر و خانەنشیانان دابەش بكرێت و پڕۆسەكەش بە شێوەی تیروپشك دەبێت.