ئازاد سرێشمەیی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق:کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خوولی نوێی پەرلەمانی عێراق، بە کراوەیی دەمێنێتەوە و، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک نییە

بڕیارە ئەمڕۆ خولی نوێی پەرلەمانی عێراقیەکەم کۆبوونەوەی خۆی ساز بکات، لە کاتێکدایە تاوەکو ئێستا نە کورد، نە شیعە و سوننە بەربژێرانی خۆیان بۆ پۆستەکانی سەرۆکایەتیی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆمار و سەرۆکوەزیران دەستنیشان نەکردووە، ئەمە لە کاتێکدایە بەپێی دەستوور دەبێت لەو دانیشتنەدا سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکانی هەڵبژێردرێن، لە دانیشتنەکانی دواتریشدا دەنگ بە بەربژێری دوو سەرۆکایەتییەکەی دیکە دەدات.

ئازاد سرێشمەیی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و چاودێری سیاسی، لە دیدارێکدا لەگەڵ هەولێر دەڵێت، بەپێی ئەزموون و مێژووی عێراق دوای رووخانی رژێم هیچ کاتێک وا نەبووە کە لەیەکەم کۆبوونەوە هەموو کێشەکان یەکلا ببنەوە. دەشڵێ، هەر کاتێک پارتی و یەکێتی، لایەنەکانی دیکەش بەیەکڕیزی چووبنە بەغدا زۆر شتیان بۆ کورد بە دەست هێناوە.
پارتی و یەکێتی بەیەک پاکێج روویان لە بەغدا کردووە، کێ لەگەڵ مەرج و داواکارییەکانی بوو، کورد باوەشی بۆی کراوە دەبێت، وەرەقەیەکی کاری هاوبەشیش ئامادە کراوە، بودجە، دۆخی ناوچە دابڕێندراوەکان و مافە دەستوورییەکانی کورد سێ لە خاڵە سەرەکییەکانی ناو وەرەقەی کاری هاوبەشی پارتی و یەکێتییە، چۆنیەتیی دابەشکردنی پۆستە سیادییەکان و لە سەرووشیان سەرۆککۆمار و پارێزگاری کەرکووک تەوەرێکی دیکەی دانوستاندنەکانی داهاتوویان دەبێت.

  • بۆ کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمان چیت هەیە؟
  • بەپێی ئەزموون و مێژووی عێراق دوای رووخانی رژێم هیچ کاتێک وا نەبووە کە لەیەکەم کۆبوونەوە هەموو کێشەکانیەکلا ببنەوە، چونکە وەکو لە دەستووردا هاتووە دەبێت لەیەکەم کۆبوونەوەدا سەرۆک و دوو جێگرەکەی سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرێن، ئەگەر رێککەوتن نەبێت لە نێوان لایەنەکان مانای وایە دوا دەخرێت، تا ئێستاش هیچ شتێکی وا روون نیە کە لایەنەکان رێک کەوتوون، بەتایبەتی سوننەکان کە پۆستی سەرۆکی پەرلەمان مافی ئەوانە، بۆیە بە بۆچوونی من کۆبوونەوەی پەرلەمان بە کراوەیی دەمێنێتەوە.
  • سیناریۆیەکانی پێکهێنانی حکوومەت چۆن دەبێت؟
  • دەبێت حکوومەت لەسەر بنەمای دیموکراسی و تەوافوقی پێک بێت، زۆربەی لایەنەکان بەشداری حکوومەت بن، لایەنی کەم ئەو حزبانەی دەسەڵاتیان هەیە، ئەگەرنا هەر کەسێک ببێتە سەرۆکوەزیران سەرکەوتوو نابێت، وەکو ئێستا دەبینین مستەفا کازمی، سەرۆکی حکوومەتە، بەڵام دەسەڵاتی بەسەر حەشدی شەعبیدا نییە، هەموو ئەوانەی کەلە هەڵبژاردن دەنگیان بە دەست هێناوە، دەبێت بەشدار بن لە حکوومەت، بەو شێوەیە نەبێت، بەشێوەی زۆرینە جا بە هەر ناوێک بێت سەرکەوتوو نابێت لە عێراق.
  • دۆخی عێراق و ناو ماڵی شیعە چۆن دەبینی؟
  • هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەن شیعە بەر لە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانیەکڕیزبن و لەسەر پێکهێنانی حکوومەت لێکگەیشتنیان هەبێت، بەڵام تادێت ناکۆکییەکانی نێو ماڵی شیعە زەقتر و قووڵتر دەبنەوە، پێداگریی رەوتی سەدر لەسەر پێکهێنانی حکوومەتی زۆرینە رێگرە لە پێکهێنانی حکوومەتی سازان و رێککەوتنی ناوخۆیی، تا ئێستا لە نێوان دوو گرووپەکەی شیعە رێککەوتن نییە، سەدر تا ئێستا بە مافی خۆی دەزانێت حکوومەت پێک بهێنێت، پێکهێنانی حکوومەت لەلایەن خودی سەدر بە تەنیا لە عێراق سەرکەوتوو نابێت، ناکرێت، لەبەر ئەوەی نیوەکەی دیکە چەکیان بە دەستەوەیە، گروپی گەورەن، دێرینن ناکرێت هەموو ئەوانە پەراوێز بخرێن، ئەوەی لە مێشکی سەدرییەکان هەیە حکوومەتێکی زۆرینەی نیشتمانییە، واتە لەگەڵ زۆرینەی سوننە و کورد حکوومەت پێک بهێنن، ئەوەش لە عێراق سەرکەوتوو نابێت، چونکە عێراق لەسەر بنەمایی دیموکراسی، تەوافوقی دروست بووە، نەک لەسەر بنەمای دیموکراسی زۆرینە.
  • کارنامەی پارتی و یەکێتی چۆن دەبینی تا چەند گرنگە لایەنە کوردستانییەکان بە یەکڕیزی روو لە بەغدا بکەن؟
  • مایەی دڵخۆشییە کە پارتی و یەکێتی بەیەک بەرنامە بەشداری لە حکوومەتی عێراق دەکەن، هەر کاتێک پارتی و یەکێتی، لایەنەکانی دیکەش بە یەکڕیزی چووبنە بەغدا زۆر شتیان بۆ کورد بە دەست هێناوە، ئەمجارەش ئەو نیەتە هەیە، ئەگەر بەو شێوەیە بچن زۆر شت بە دەست دەهێنن، چونکە بەرنامەکەیان کوردستانییە، داکۆکی لە مافەکانی کورد دەکەن کە لە دەستووردا هاتووە جێبەجێ بکرێن، دەبێت ئەرک و مافەکانی هەرێمی کوردستان دیار بێت، هەر چەندە پێشتریش رێک کەوتوون، بەڵام جێبەجێ ناکەن، دەبێت ئەمجارە داکۆکی لەسەر ئەوە بکەن کە جێبەجێ بکرێت، دواتر کە حکوومەتیان گرتە دەست پەشیمان ببنەوە و کورد پەڕاوێز بخەن، چونکە بەشداری کردن لە حکوومەت بەو شێوەیە نابێت”.
ھەواڵی زیاتر