گەنمی توركیا، زۆربەی بەرهەمی باكووری كوردستانە

پێشبینی دەكرێت، بۆ ساڵی 2022 گرانییەكی زۆر لە توركیا سەرهەڵبدات، ئەویش بە هۆی گرانی نرخی نان لەو وڵاتە، چونكە بەرهەمهێنانی گەنم كەمی كردووە و هەروەها هەڵاوسانی ئابوورییش بارگرانییەكی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتی توركیا و باكووری كوردستان.

بارش یاركەداش، رۆژنامەنووس لە توركیا، پێشبینی دەكات نرخی یەك نان لە توركیا ببێت بە دە لیرە، بەمەش گرانی روو لەو وڵاتە دەكات و كڕینی نان بۆ هەژاران ئەستەم دەبێت.
یاركەداش، ئاماژە دەدات ”توركیا ساڵانە پێویستی بە ٢٠ملیۆن تەن گەنم هەیە، كە بەشێكی زۆری ئەو گەنمە لە باكووری كوردستانە، بەڵام بە هۆی وشكەساڵی و قەیرانی داراییەوە، لەم ئەمساڵەدا تەنیا ١١ملیۆن تەن گەنمیان پێ بەرهەم دێت، ئەمەش دەرگا بۆ قەیرانێكی سەختی نان دەكاتەوە و پێشبینی دەكرێت یەك نان ببێت بە دە لیرە“.
پارەکە نرخی نان 70% گران بوو؛ یەك نان گەیشتە سێ لیرە و نیو و لە هەندێك شاری باكووری كوردستاندا وەكو (قارس)، تاکە نانێک بە چوار لیرەیە.
یاركەداش پێی وایە كورتهێنانی گەنم لە توركیا حكوومەت ناچار دەكات، گەنم لە دەرەوەی توركیا هاوردە بكات، هاوردەكردنیشی بە یۆرۆیە و بەمەش نرخی نان گران دەکەوێت.
زیاتر قسەی كرد و گوتی: ”جگە لەوەی، حكوومەت ناچارە گەنم لە ئەورووپا بكڕێت، بەڵام ئەو گەنمە پێویستە لە ئاشەکانی توركیا بكرێتە ئارد و ئاش و ئاسیاویش پێویستی بە كارەبایە تا كار بكات، نرخی كارەباش 50% زیاد بووە، واتە لە لایەك بە یۆرۆ گەنم دەكڕێت، كە زۆر دەكەوێت لەسەر توركیا و لیرەی توركی، لە لایەكی ترەوە، ئاشەوانیش ناچارە نرخی گەنم کردنە ئارد گران بكا، ئەویش لەبەر گرانی نرخی كارەبا، بۆیە هیچ دووچاری سەرسوڕمان نەبن، ئەگەر یەك نان ببێتە دە لیرە“
ئەوەی زیانی زۆر پێ دەگات، شارەكانی باكووری كوردستانە، چونكە قەیرانی دارایی لە توركیا زیاتر رووی لە باكووری كوردستانە، ئەویش بە هۆی زۆری رێژەی بێكاری و هەروەها بوونی وشكەساڵی، كە هەزاران جوتیاری بێكار كردووە.
سلێمان كوورووجو، جووتیارە لە مێردین، باس لە رەوشی خراپی ئابووریی خۆیان و ناوچەكە دەكات، بەوەی نرخی هەموو شتێك گران بووە، بە تایبەتی نان، ئەمەش وای كردووە هاووڵاتیان بۆ پەیداكردنی بژێوی ژیانیان زۆر ماندوو بن.
كوورووجو، پێشبینی دەكات نرخی نان زیاتر بەرز ببێتەوە، چونكە بەرهەمهێنانی گەنم زۆر كەمی كردووە، هەروەها بە هۆی قەیرانی داراییشەوە، سەدان جووتیار وازیان لە كاری جووتیاری هێناوە.
وەزیری كشتوكاڵی توركیا ئاماژە دەدات، توركیا نۆ ساڵ، توانی بەبێ ئەوەی گەنم لە هیچ وڵاتێكەوە هاوردە بكات، گەنمی ناوەخۆ بەشی هەموو توركیا بكات، بەڵام ساڵی پار، ٩ملیۆن و ٧٥٠ تۆن گەنمی هاوردە كردووە، كە بەهاكەی ٢ملیارو٣٦٥ملیۆن دۆلار بووە.

ھەواڵی زیاتر