هه‌ینی, تشرینی دووه‌م 22, 2024

ڕەخنەگرمان نییە یان ڕەخنەگری بە دڵی ئێوەمان نییە؟!

سەدیق سەعید ڕواندزی
نووسەرانی کورد، بەردەوام لە میانەی نووسین و دیدار و گفتوگۆکانیاندا، هەمیشە جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئێمە لە بنەڕەتدا شتێکمان نییە بە ناوی ڕەخنەی ئەدەبی، تاکو هەڵسەنگاندن بۆ دەقی شیعر و چیرۆک و ئەدەبیات بە گشتی بکات. ئەو بۆچوونە ڕەها و ڕەت کەرەوە و بێ ئەرگۆمێنتە، هەروەها نەدیتن و خۆبواردن لە ناوی دەیان ڕەخنە گر و ڕەخنە و توێژینەوە زاستی و ئەدەبی پڕ مەعریفیدا، لە ڕاستیدا بێئاگایی و تێنەگەیشتنە لە سرووشتی کاری ڕەخنەی ئەدەبی. ئێمە لێرەدا دوو شت دەبێ لە یەکتری جیا بکەینەوە، ئەوانیش دیدگای ڕەخنەیی، کە هەڵگڕی زمان و جیهانبینییەکی ڕەخنەیانە و هزریانەی جوان و شرۆڤەکاریانەیە، لەگەڵ ئەو ڕوانینە بۆ ڕەخنە کە نووسەرانی ئێمە مەبەستیانە و دەیانەوێت، کە ئەویش پەسن و پێدا هەڵگوتنە ! ئێمە ڕەخنەی زۆرباش و ڕەخنەگری بە توانا و قووڵمان لە نموونەی یەکەم هەیە، بەڵام لەوەی دووەمیان بێگومان ڕەخنە بە گشتی و ڕەخنەی ئەدەبیمان بە تایبەتی نییە. نووسەرانی ئێمە، ڕەخنەیەکیان دەوێت بەدڵی ئەوان نووسرابێت، بە ناو ڕەخنەیەک کە لە ناوەڕۆکدا هەڵگڕی پەسن و ستایش و شانامەو پیا هەڵدان بێت، هەر کاتێک ئەو جۆرە ڕەخنەیە لە تێڕوانینی ئەواندا نەبوو، ئیدی مانای وایە هەر لە بنەڕەتدا ڕەخنەمان نییە. لە دوای ڕاپەڕینەوە، کولتوورێکی نامۆ لە کۆمەڵگەی ئێمەدا سەری هەڵداوە، ئەویش ڕەتکردنەوەی هەموو شتێکە، ئەگەر لەگەڵ تێڕوانین و بیرکردنەوە و هەڵوێستی خۆمان نەگونجێت. ئەم کولتوورە، کە سەرەتا لە کایەی سیاسەتەوە سەر هەڵئەدات، دواجار دەپەرشێتەوە نێو کایەکانی دیکەی ژیان و ئەدەبیاتیش بە گشتی دەگرێتەوە. ئەو نەبینین و ڕەت کردنەوەیە، وای کردووە بەشێکی زۆری نووسەرانی ئێمە، تارمایەک بەڕووی ڕەخنەی ئەدەبیدا ببینن و ئیدی نەتوانن ئەوەی لەو دیو هەیە بیخوێننەوە. لێرەوەش ئەگەر ئەو بە ناو ڕەخنەیە ستایش و پەسن بێت،پیان هەڵبدات، بەدیدیچکی ڕەخنەییەوە نەخوێنرێتەوەو دلچیان ڕشابگیرێت، ئەوا لە ڕوانگەی نووسەرانی ئێمە بەگشتییەوە، ئەوا ئێمە ڕەخنەمان هەیەو بە پێچەوانەوەش. لێرەدا، وەک خوێنەرێک کە ساڵانیچکی زۆرو درێژە لەگەلچ کتێب دەژیم و هەموو ژیانم بە کتێب و خوێنەوە بەخشی، بە ژیانی کەسی و تایبەتی خۆشمەوە، ئەوا زۆر بە ڕاشکاوی و بوێرییەوە ئەوە دەڵێم، کە ئەدەبی کوردی بە هەموو ژانرەکانییەوە، هیچی کەمتر نییە لە ئەدەبیاتی دنیاو ئەگەر زیاتریش نەبێت! بڕۆن شیعری شاعیرانی بیانی ئەوانەی نۆبڵی ئەدەبییان وەرگرتووە و، شیعرەکانی شاعیرێکی کورد بخوێننەوە ـ ئەو کات دەزانین کە شیعری کوردی چۆنە. بۆ ژانرەکانی دیکەش بەهەمان شێوە، بە داخەوە کورد بەو پێیەی وەک نەتەوەیەک، بەردەوام لە ژێر ستەمێکی سیاسی و گەورەی نەتەوەیی و داگیرکاری دژمنان بووە، بەردەوام کەسیەتی و خاک و کولتوور و فەرهەنگی داگیر کراوە، ئیدی ئەم داگیرکارییە هەستێکی لای مرۆڤی کورد بە ئێستاشەوە دروست کردووە، کە خۆی وەک تاک نەتەوەکەی وەک نەتەوە، ئەدەب و کولتوورە نەتەوەیەکەی زۆر بێ بەهاتر لە نەتەوەکانی دیکەی دنیا ببینێت، ئەم وەهمە، کە خۆمان بۆ خۆمان دروستمان کردووە، ئەو جیهانبینییەی لا دروست کردووین، کە ئێمە ئەدەب و زمان، مێژوو، قوربانیدان و تێکۆشانمان، داهێنان و نوێگەریەکانمان نەبینین و بڕوامان وابێت، کورد ڕۆماننووس، ڕەخنەگر، شاعیر و هونەرمەند و تیۆرناسی نییە و دەبێ هەمیشە بگەڕێتەوە بۆ کولتووری خۆر ئاوا، تا ڕایەک ل بارەی ئەدەبەکەی خۆی بڵێت. ئەم سڕینەوەیە، وەک ئەوەی بە ختیار عەلی بە نموونە لە کتێبەکانی (ئایدۆلۆژست) و (گوتاری مانەوە) و(زۆربەی نووسینەکانی دیکەی کاری لە سەر کردووە، بە داخەوە ئەوەندەی تر، دەرخەری ئەو هەستی حۆ بە کەمزانین و ڕقبوونەوە لە خود و کوردبوونی خۆمانە. بەختیار عەلی لە کتێبی (ئایدۆلۆژست)دا، کە ڕەخنە لە دیدی ئایدۆلۆژستانەی شاعیرانی کورد دەگرێت، خۆی زۆر ئایدۆلۆژستانە بیر دەکاتەوە و شیعری سەرەتای سەدەی بیستەمی ئێمە، بە شیعری ئامادەکاری بۆ تیرۆر و خۆتەقاندنەوە لەنیچو کورد دا دەناسێنێت. ئەم داگیرکارییە کولتوورییە، ئەم هەستی خۆ بە کەمزانیینە، گرێیەکی دەروونی گەورەیە، لە ناخ و سایکۆلۆژیای مرۆڤی کورد و ئێمە پێویستیمان بەوەیە، ئەو گرێیە لە ڕیشەوە بنبڕ بکەین، نەک قووڵتری بکەینەوە. لەو سۆنگەیەوە کورد نەک هەر ڕەخنەگر، شاعیر، وەرگێڕ و ڕۆماننووس و سیاسی باشی هەیە، بەڵکو زۆرباش و داهێنەرانەشی هەیە. هەر خوێنەرێک بە نموونە کارە ڕەخنەییەکانی ڕەخنەگر و زمانزانی دیار (حەمە سەعید حەسەن) بخوێنێتەوە، دەزانێت ئێمە جیهانبینییەکی چەند قووڵی کوردانەمان لە کولتووری ڕەخنە و ڕەخنەگرتن هەیە.
ئەگەر بەرهەمە ڕەخنەیەکانی نووسەرانی وەکو ڕێبوار سیوەیلی، عەتا قەرەداغی، کەمال غەمبار، دکتۆر محەمەد خدر مەولود، فاروق هۆمەر، دکتۆر بەحتیار سەجادی، عەبدولموتەلیب عەبدوڵا، ئازاد سوبحی، نەجات حەمید ئەحمەد، حەمە فەریق حەسەن، محەمەد تەها حوسێن، ئازاد ئەسوەد، ئەحمەدی مەلا، عەبدوڵا تاهیر بەرزنجی،، پەرێز سابیر، مەهاباد قەرەداغی، بەیان سەلمان، دکتۆر زاهیر لەتیف، نیان نەوشیروان، د کتۆر ئازاد حەمە، حەیدەر عەبدولرەحمان، حەمەسوار عەزیز، دیاری قەرەداغی، ئامانج غازی، بوشرا کەسنەزانی، عەبدوڵا سلێمان مەشخەڵ) و چەندین نووسەر و هونەرمەندی دیکە بخوێنێتەوە، زۆر باش درک بەو ڕاستییە دەکات، کە ئێمە نەک ڕەخنەگر، تەنانەت ڕەخنەگری زۆر تواناشمان هەن، کە هیچیان لە ڕەخنەگرەکانی دیکەی دنیا کەمتر نییە، بگرە زۆرتریشە، ئەمە وێرای چەندین قەڵەمی جوانی دیکەی ڕەخنەیی گەنجان، کە لە دوای ڕاپەڕین و لەم ساڵانەی دواییدا، لە نێوەندی ئەدەبی کوردی دەرکەوتوون و ڕەخنەگری ورد و بەسەلیقەن. ئەوەی ئێمە نیمانە، لە ڕاستیدا ڕەخنەیەکە کە بە دڵی نووسەرانی کورد بێت، نەک ئەوەی ڕەخنەمان نەبێت، بۆیە دەبێت ئەو دوو بۆچوونە لە یەکتری جیا بکەینەوە، هەروەها بە دیدگایەکی بێلایەنانە و ڕۆحێکی ڕەخنە وەرگرانەوە، بڕوانینە ڕەخنە ی ئەدەبی کوردی و ڕەخنەگرەکانی کورد، ئەو کات نووسەرانی ئێمە هەرگیز باس لەوە ناکەن کە کورد ڕەخنەگری ئەدەبی و هونەری نییە!