هه‌ڤپه‌یڤین – کامه‌ران حاجی ئه‌لیاس
خاتوونی شاعیر (سه‌لما تۆما کاکۆ)، یه‌کێکه له‌و شاعیرانه‌ی که له ماوه‌یه‌کی کورت‌دا له رێگه‌ی هه‌سته ناسکه‌کانیه‌وه خۆی خستۆته نێو ده‌ریای شیعره‌وه، ئه‌و به سێ زمان (کوردی، سریانی، عه‌ره‌بی) شیعر و په‌خشانه‌شیعر ده‌نووسێت؛ سه‌لما ده‌رچووی به‌شی ئاماری کۆلیژی کارگێڕی و ئابووریی زانکۆی مووسڵه، له ساڵی 1960 له شارۆچکه‌ی شه‌قڵاوه له‌دایک بووه، به‌ڵام زیاتر له شارۆچکه‌ی مه‌سیف سه‌لاحه‌دین و هه‌ولێر و عه‌نکاوه ژیاوه. ئێستا له‌گه‌ڵ هاوسه‌ر و منداڵه‌کانی له وڵاتی ئه‌ڵمانیا ده‌ژیێت؛ ئێمه به باشمان زانی له نزیکه‌وه هه‌ڤپه‌یڤینێکی ئه‌ده‌بی له‌گه‌ڵیدا ساز بده‌ین و، به چه‌ند پرسیارێک به‌سه‌رمان کرده‌وه.
- سه‌ره‌تا پێمان باش بوو باسی چۆنیەتیی ئاشناییت به دنیای شیعر بۆ خوێنه‌رانمان بکه‌یت؟
- من هه‌ر له قۆناغی خوێندنی سهرهتاییەوە شیعرم خۆش ویستووه و له وانه‌کانی کوردی و عه‌ره‌بی تا مامۆستا ده‌یخوێنده‌وه من ئه‌زبه‌رم ده‌کردن، له قۆناغه‌کانی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی زۆر حه‌زم ده‌کرد بنووسم، به‌ڵام به داخه‌وه ئه‌و کات و بواره‌م نه‌بوو سه‌رقاڵی شیعرنووسین و خوێندنه‌وه بم جگه له‌وه‌ی جارجار له‌ژێر کاریگه‌ری ڕووداوێک یا بۆنه‌یه‌ک هه‌ر بۆ خۆم شیعرێکم ده‌نووسی و ناوم ده‌نا وڕێنه، دواتر له‌به‌ر به‌رپرسیاریه‌تیی ماڵ و منداڵ و کاری فهرمانبهرایهتیم به یه‌کجاری له وڕێنهکردنیش چوومه‌وه تا ساڵی 2017 که بڕیاری مانه‌وه‌م له وڵاتی ئه‌ڵمانیا دا، له سای کاتی زیاتر و دابڕان له کاری فهرمانبهرایهتییەوە، کە فه‌یسبووکم دانا، سه‌یرم ده‌کرد وڕێنه‌کانم باشترن له زۆربه‌ی ئه‌و شیعرانه‌ی که له په‌یجه‌کان ده‌که‌وتنه پێش چاوم، ئه‌مه پاڵنه‌رێک بوو بۆ تاقیکردنه‌وه‌ی ئاستی نووسینم، سه‌ره‌تا هه‌ستم ده‌کرد شیعره‌کانم ته‌نیا دهردهدڵێکه بۆ ناو دنیای ڕۆحی خۆم دواتر به بڵاوکردنه‌وه‌یان هه‌ستم کرد هێواشهێواش تێکه‌ڵی ژیانم ده‌بێ و چێژ و خۆشی له نووسین و بڵاوکردنه‌وه‌یان ده‌بینم، له غوربه‌تدا بۆ من بوو به جۆرێک له ژیانکردن و تێڕوانینم بۆ خۆم و بۆ ژیان گۆڕا؛ له‌و کاته‌وه هه‌ست ده‌که‌م شیعر ده‌ستکاری ڕۆحم ده‌کات و پێم ده‌ڵێ بنووسه.
- باشه کێ بوون ئه‌وانه‌ی هاوکار و پاڵپشتی سه‌لما بوون له شیعرنووسیندا؟
- ڕاشکاوانه ده‌ڵێم به‌داخه‌وه هیچ هاوکار و پاڵپشتێکم نه‌بووه بۆ نووسینی شیعر جگه له هاندان و ده‌ستخۆشیه‌کانی هاوڕێیانی فه‌یسبووک نه‌بێت، به‌ڵکو ده‌توانم بڵێم نیمچه ڕێگریهکیشم لێکراوه به‌ڵام ئه‌وه ساردی نه‌کردوومه‌ته‌وه له نووسین و کۆڵم نه‌دا هه‌ر بۆیه تا ئێستا به‌رده‌وامم، ئه‌وه‌ی گرنگه بگوترێ له‌م دواییه‌دا مامۆستا(حه‌مه ئه‌حمه‌د جاف)ی شاعیر هانی ده‌دام و زۆر جار شیعره‌کانم پیشانی ئهودهدا بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاسته‌که‌یان و ڕاستکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌کانیان ئه‌گه‌ر هه‌بوایه، ئه‌وه‌ش بۆ من مایه‌ی دڵخۆشی بووه بۆیه لێره‌وه سوپاسی ده‌که‌م.
- سه‌لما تۆما به چه‌ند زمان شیعر ده‌نووسیت؟ئامانجت له شیعرنووسین چییه؟
- به هه‌رسێ زمانی سریانی و کوردی و عه‌ره‌بی شیعرم نووسیوه، به‌ڵام زیاتر به زمانی کوردی ده‌نووسم، به زمانی عه‌ره‌بی زیاتر په‌خشانم نووسیوه. ئامانجم له نووسینی شیعر به گشتی گه‌یاندنی په‌یامه، نووسین به زمانی کوردییش ڕێچکهشکێنییە بۆ هاندانی ئافره‌تانی کریستیان بۆ ده‌رخستنی تواناکانیان له بواری نووسین به زمانی کوردی که له کوردستان شک نابه‌م ژماره‌یان زۆر بێت.
- له شیعرنووسیندا پشت به وشه‌کان دەبەستی یان به هه‌ست یان به بابه‌ت؟
- من زیاتر پشت به هه‌ست ده‌به‌ستم، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نکۆڵی له‌وه ناکه‌م که هه‌ندێ جار به‌بێ ویستی خۆم بابه‌ت ده‌بێته ئیلهامی نووسینی چه‌ند ده‌قێکی شیعری.
- هۆنراوه‌یه‌کی دیاریکراوی شاعیرێک هه‌یه سه‌رنجی تۆی راکێشابێت و هیوات خواستبێت هی تۆ بووبا؟
- راستییه‌که‌ی به‌دیارکراوی شیعرێک نییه، به‌ڵام زۆرن ئه‌و شاعیرانه‌ی که ده‌ق و تێکسته‌کانیان سه‌رنجم ڕاده‌کێشن و هیوام ده‌خواست قوتابی وتابخانهی شیعری ئه‌وان بوومایه، تا لێیان فێر بام جوانتر بنووسم.
- وه‌کو شاعیرێک، چۆن ده‌ڕوانیته ئاستی شاعیرانی ئافره‌ت له کوردستان؟
- هه‌ڵسه‌نگاندنی ئاستی شاعیرانی ئافره‌ت له کوردستان بۆ من ئاسان نییە، چونکه ساڵانێکی زۆره ئافره‌تی کورد شیعر ده‌نووسێ و ئه‌وه زیاتر له بواری شیعرناسهکان نزیکه، به‌ڵام ده‌توانم بڵێم قه‌ڵه‌می ژن به‌رده‌وام له‌پێشکه‌وتندایه و به‌هۆی بوونی ئازادیی زیاتری ژنان به‌راوورد به ساڵانی پێشتر، ئازادی له نووسینی ده‌قی شیعریش زیاتر بووه‌و ژن ئێستا له هه‌موو ئه‌و بوارانه‌دا شیعر ده‌نووسێ که جاران ئه‌و بوێریه‌ی نه‌بوو بۆیان بنووسێ، به‌ڵام هێشتا نه‌گه‌یشتۆته ئه‌و ئاسته‌ی بتوانێ وه‌ک چه‌کی به‌ره‌نگاری به‌کاری بێنێ بۆ گه‌یاندنی ئازادانەی په‌یامی داکۆکی له هه‌موو مافه‌کانی خۆی.
- هیچ دیوانی شیعریت یان نامیله‌که‌ی شیعریت هه‌یه؟
- نه‌خێر، به‌ڵام ده‌مێکه کتێبێکی شیعرم به ناونیشانی (ملوانکه‌ی ئه‌وین) ئاماده‌ی چاپه و چاوه‌ڕێی ده‌رفه‌تێکم بۆ ئه‌وه‌ی له چاپی بده‌م.
- پرۆژەی نوێتان هه‌یه؟
- بوونی پڕۆژەی نوێ په‌یوه‌سته به ڕاده‌ی دڵنیایی له جێبه‌جێکردنیان به سه‌رکه‌وتوویی، بۆیه تا نه‌گه‌ن به‌و قۆناغه باسکردنیان به په‌سند نازانم.