کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:سەنتەری چالاکی و پاراستنی منداڵان لە قەڵادزێ دەکەینەوە

کوێستان محەممەد، وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئیدارەی ڕاپەڕین، ڕایگەیاند؛ لە ئیدارەی ڕاپەڕین ماڵی داڵدەدانی ئافرەتانی هەڕەشەلێکراومان کردەوە، دواتر بەشی دووەمی دایەنگەی ڕانیەمان کردەوە کە نۆژەنمان کردووەتەوە، پاشان لە قەڵادزێ سەنتەری چالاکی و پاراستنی منداڵانمان کە نۆژەن کردووەتەوە، دەکەینەوە.

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وتیشی؛ بەشی دووەمی دایەنگەی ڕانیەمان نۆژەن کردووەتەوە، کە هیواداربووین بیکەینە سەنتەری ئۆتیزم، گوتیشی: پێشتر بەشی هەرە زۆری سەنتەرەکانی چالاکی و پاراستنی منداڵان لە خانەقین و تا زاخۆ، داخرابوون و درابوونە چەند وەزارەتێکی دیکە، بەڵام ئێستا زۆربەمان وەرگرتووەتەوە و هەموومان کردووەتەوە. ئێستا لە زۆربەی قەزاکان و شارەکان سەنتەری چالاکی و پاراستنی منداڵانمان کردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە بۆیە بایەخمان بە کردنەوەی ماڵی داڵدەدانی ئافرەتان داوە، چونکە هەندێک جار کێشەی بچووک لە نێوان کچ و باوک، خوشک و برا و هاوسەران ڕوو دەدات، ئەوکات دەکرێت توێژەرەکانمان کێشەکە چارە بکەن، بەبێ ئەوەی پەنا ببرێتە بەر دادگا.
وتیشی؛ لەکاتی چارەکردنی کێشەکە ئەگەر پێویستی کرد ئەو کەسەی کێشەی هەیە، یەک دوو ڕۆژیش بمێنێتەوە بۆ ئەوەی نەبرێتە دادگا، تاوەکو کێشکەیان چارە بکرێت، دەشڵێت بە گوژمەی 26 ملیۆن دینار ئەو شێڵتەرەمان دروس کردووە، هەروەها 10 فەرمانبەر و هەشت پاسەوانمان بۆ دامەزراندووە. ئێمە لێرە ئەو ئافرەتانە ئەپارێزین و کێشەکانیان چارە دەکەین.

ھەواڵی زیاتر