له‌ 2014ـی زایینییەوە ڕاخستنی فه‌رشی سوور بۆ پێشوازیی دیپلۆماتیک بوو به‌ مێژوو له‌ تورکیا

كارزان گلی – هه‌ولێر

له‌ دامه‌زراندنی کۆماری تورکیا له‌سه‌ر ده‌ستی مستەفا که‌مال ئه‌تاتورک (1920)، ڕاخستنی فه‌رشی سوور بۆ پێشوازی له‌ سه‌رۆکی وڵاتان و بۆنه‌ فه‌رمییه‌کانی ئه‌و وڵاته‌دا جێبه‌جێ کراوه‌ و له‌ پرۆتۆکۆلدا شوێنی بۆ کراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وکاته‌ی ڕه‌جه‌ب تەیب ئه‌ردۆغان سه‌رۆک وه‌زیرانی تورکیا بوو، ڕاخستنی فه‌رشی سووری بۆ ڕه‌نگی شینی ئاسمانی گۆڕی و له‌ ڕۆژنامه‌ی فه‌رمی ده‌وڵه‌تیش بڵاوی کرده‌وه‌.

ساڵی 2013 له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیراندا له‌ تورکیا، بڕیار درا که‌ له‌ بری ڕاخستنی فه‌رشی سوور بۆ پێشوازی له‌ سه‌رۆکی وڵاتان و، هه‌روه‌ها له‌ ڕێوڕه‌سمی سه‌ربازی و بۆنه‌ فه‌رمییه‌کاندا، فه‌رشی شین ڕابخرێت که‌ ئه‌وان پێی ده‌ڵێن (تورکواز).
ئه‌گه‌رچی ئه‌و بڕیاره‌ له‌ ڕۆژنامه‌ی فه‌رمیی ده‌وڵه‌تیش بڵاو کرایه‌وه‌، به‌ڵام له‌ 2015 په‌رله‌مانی تورکیا ده‌نگی له‌سه‌ردا و ئه‌ردۆغانیش له‌ 2014 بڕیاره‌که‌ی جێبه‌جێ کرد و ڕاخستنی فه‌رشی سووری له‌ تورکیا کرده‌ مێژوو و ڕه‌نگی شین جێگه‌ی گرته‌وه‌. ئه‌وکات بڵند ئارینج وته‌بێژی حکوومه‌تی تورکیا بوو، له‌ کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌وانیدا گوتی: “ره‌نگی تایبه‌تی تورکیا (تورکوازه‌) واته‌ ڕه‌نگی شین، ڕاخستنی فه‌رشی سوور له‌ زۆر شوێندا به‌کار دێت و له‌ شوێنی زۆر نابه‌جێیش هه‌ر ئه‌و فه‌رشه‌ سووره‌ ڕاخراوه‌، بۆیه‌ ئیتر هیچ پێویست ناکات له‌ تورکیا به‌کار بهێنرێت. ئێوه‌ به‌ ڕه‌نگی سوور ڕاهاتوون و ڕه‌نگه‌ بڵێن بۆچی ڕه‌نگی شین له‌ بری سوور، به‌ڵام ده‌بێت بزانن که‌ هه‌موو شتێک بنه‌مای خۆی هه‌یه‌ و ئێمه‌ له‌ ڕه‌نگی (تورکواز)ه‌وه‌ ده‌ستمان پێکرد”.
ده‌بێت ئه‌وه‌ش باس بکرێت، که‌ جگه‌ له‌ تورکیا سعوودیا و ئیرله‌ندای باکوورش له‌ بری ڕاخستنی فه‌رشی سوور، فه‌رشی سه‌وز ڕاده‌خه‌ن. به‌ڵام سعوودیا بۆ ئه‌و سه‌رۆکانه‌ی که‌ تایبه‌تن و له‌ ناوه‌خۆی سعوودیا گرنگی پێ ده‌ده‌ن، به‌ ڕاخستنی فه‌رشی سوور پێشوازی له‌و سه‌رۆکه‌ ده‌که‌ن. نموونه‌ پێشتر سه‌رۆکی ژاپۆن و ئه‌مریکا و هیندستان هاتوونه‌ته‌ سعوودیا و شا به‌ ڕاخستنی فه‌رشی سوور پێشوازی لێ کردوون. ته‌نانه‌ت له‌ ساڵی 2012 کاتێک ئه‌ردۆغان چوه‌ته‌ سعوودیا، به‌ ڕاخستنی فه‌رشی سوور پێشوازییان لێ کردووە، به‌ڵام له‌ پرۆتۆکۆلی سعوودیادا ڕاخستنی فه‌رشی سه‌وز بوونی هه‌یه‌ نه‌ک سوور. ئێرله‌ندای باکووریش فه‌رشی سه‌وز بۆ پێشوازی له‌ سه‌رۆکه‌کان ڕاده‌خات.بۆچوونێک هه‌یه‌ له‌باره‌ی گۆڕینی ڕه‌نگی فه‌رشی سوور بۆ ڕه‌نگی شین، ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئاڵای تورکیا ڕه‌نگی سووره‌، بۆیه‌ سووریان بۆ ئاڵاکه‌یان هه‌ڵبژاردوه‌، چونکه‌ ڕه‌نگی سووریان پێ سومبولی خوێنی شه‌هیده‌کانیانه‌. بۆیه‌ حکوومه‌تی تورکیا گوتوویه‌تی نابێت هیچ سه‌رۆکێک به‌سه‌ر ڕه‌نگی ئاڵاکه‌یاندا تێپه‌ڕێت، چونکه‌ ئه‌وه‌ سووکایه‌تییه‌ بۆ شه‌هید و ئاڵاکه‌یان، بۆیه‌ گۆڕیویانه‌ بۆ ڕه‌نگی شین و ئه‌و ڕه‌نگه‌ش بۆ تورکیا ڕه‌نگێکی تایبه‌ته‌، چونکه‌ کاتی خۆی عوسمانییه‌کانیش ئه‌و ڕه‌نگه‌یان پێ تایبه‌ت بووه‌ و له‌ زۆرێک له‌ بۆنه‌کاندا به‌کاریان هێناوه‌.
زۆربه‌ی حیزبه‌ تورکمانییه‌کانیش هه‌ر ڕه‌نگی شین بۆ ئاڵاکه‌یان به‌کار ده‌هێنن، نموونه‌ حیزبه‌ تورکمانه‌کانی هه‌رێمی کوردستانیش هه‌ر ئه‌و ڕه‌نگه‌یان کردووە به‌ سومبولی خۆیان.
تورکواز وه‌کو ڕه‌نگ له‌ ساڵی 1573 له‌ ئینگلته‌را دۆزراوه‌ته‌وه‌، به‌ڵام له‌گه‌ڵ تیپه‌ڕینی کات تورکیا ئه‌و ڕه‌نگه‌ی وه‌کو سومبولێک بۆ خۆی به‌کار هێناوه‌ و خۆی کردووە به‌ خاوه‌نی. هه‌روه‌ها چه‌ند مناره‌یه‌ک له‌ تورکیا دۆزراونه‌ته‌وه‌ که‌ ڕه‌نگی شین بووە، واته‌ تورکواز بووە و بۆیه‌ له‌ زۆرێک له‌ وڵاتانیش ئه‌و ڕه‌نگه‌ وه‌کو ڕه‌نگی تورک وێنا ده‌کرێت و وه‌سف ده‌کرێت.
له‌ سه‌رده‌می عوسمانییه‌کانیشدا، کاتێک مزگه‌وتێک دروست ده‌کرا، زۆربه‌ی جار ڕه‌نگی تورکوازیان به‌کار ده‌هێنا. له ڕووی پزیشکیشه‌وه‌ ئه‌و ڕه‌نگه‌ نه‌خۆش ئارام ده‌کاته‌وه‌، بۆیه‌ له‌ زۆرێک له‌ ژووری نه‌خۆشه‌کان دیواره‌کان به‌و ڕه‌نگه‌ بۆیه‌ ده‌کرێت. تورکواز له‌ ڕه‌نگی سه‌وزه‌وه‌ به‌رهه‌م هاتووە، واته‌ تێکه‌ڵه‌یه‌که‌ له‌ ڕه‌نگی شین و سه‌وز، تا شینێکی کاڵی لێ دروست بووە. هه‌روه‌ها تورکواز سیمبولی مانگی 12یه‌ له‌ ساڵدا.

ھەواڵی زیاتر