‎سایکۆپاتی (psychopaths)

و:پەری محەمەد

‎سایکۆپاتی (psychopaths)

ناوی کتێب: Surrounded by Psychopaths

‎ Surrounded by Psychopaths واتا دەورەدراو بە کەسانی سایکۆپات؛ جا کەسانی سایکۆپات کێن؟
‎ئەوەی ئێمە دەیزانین دەربارەی کەسانی سایکۆپات ئەوەیە کە کەسانێکن کە پێیان ئاساییە کەسانی تر ئازار بدەن و زۆر دڕندە و خراپکارن و کەسانێکن هیچ رەفتارێکیان بە مرۆڤی ئاسایی ناچێ بەڵام لەم کتێبەدا ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە کە بابەتەکە بەم جۆرە نیە و روونی دەکاتەوە کە سایکۆپاتی زۆر لەوە بڵاوترە کە ئێمە پێمان وایە هەیە، تەنانەت لە سەدا دوو بۆ پێنجی خەڵکی ئەگەر بە رێژەیەکی کەمیش بێت سایکۆپاتیان تێدایە یان هەندێک لە رەفتارەکانی سایکۆپاتیان تێدایە، خۆ ئەگەر گوتمان تەنها سەدا دووی خەڵکی بە تەواوی سایکۆپاتن ئەوا دەکاتە لە هەر سەد کەسێک کە دەیانناسی دووانیان سایکۆپاتن واتا دەکاتە پەنجا کەس لە دەورو بەرەکەت بژمێرە یەکێکیان کەسێکی سایکۆپات دەردەچێ.
جا ئێستا با تێبگەین سایکۆپاتی لە راستیدا چیە و چۆن کەسانی سایکۆپات بناسینەوە؟
1.هەستی هاوسۆزییان نیە؛ (نازانن گەر هەستی کەسی بەرامبەریان بریندار بکەن).
2.هەستی شەرمکردن و هەستکردن بە تاوانیان نیە.
3.گرینگترین شت بە لایانەوە ئامانجەکەیانە گەر ناڕەواش بێ.
4.قسەزانن و بڕوابەخۆبوونی لەڕادەبەدەریان هەیە.
5.بە وردەکاریەوە پلان دادەڕێژن بۆ هەڵخەڵەتاندنت.
‎بە گشتی کەسانی سایکۆپات ئەوانەن گەرهاتو شتێکیان خستە مێشکی خۆیان دەبێت ئەم شتە جێبەجێ بکەن گرنگ نیە چەندە فڕوفێڵ دەکەن چەندە کاری خراپ دەکەن هەتاوەکو ئەو شتەی کە دەیانەوێت بەدەستی بێنن، دەبێت بەدەستی بێنن دەشتوانن بەدەستی بێنن لەبەر ئەوەی کە زۆربەی ئەوانەی کە سایکۆپاتن کەسایەتیەکی سەرنجڕاکێشیان هەیە و توانایەکی باشیان هەیە لە قەناعەت‌پێکردن بە کەسی بەرامبەر، هەر لەبەر ئەوە تواناکانی خۆیان بەکار دێنن بە حوکمی ئەوەی کە هەستکردن بە تاوانیان نیە، ئەو توانستەیان بەکار دێنن بۆ ئەوەی کەسانی تر هەڵبخەڵەتێنن هەروەها قۆرغیان بکەن.
‎دەکرێ ئەو کەسانەی کە سایکۆپاتن رەفتاری توندوتیژیان لێ بوەشێتەوە بەڵام مەرجیش نیە هەموو کەسێکی سایکۆپات، توندوتیژانە رەفتار بکات بەڵکو دەکرێ زۆربەی کات بە شێوازێکی بەرنامە بۆ داڕێژراو هەنگاوەکانیان هەڵدەهێنن بە شێوەیەک کە کەسی بەرامبەر هەست نەکات کە ئەو سایکۆپاتە دەیەوێ هەڵی بخەڵەتێنێ و بۆ مەرامی خۆی بەکاری بێنێ.
‎لەم کتێبەدا ئەوەش روون دەکاتەوە کە هەرکەسێک کە بیەوێت قەناعەتت پێ بهێنێت راستەوخۆ ئەو کەسە سایکۆپات بێت خۆ ئەگەر دکتۆرەکەت قەناعەتت پێ بهێنێت بۆ ئەوەی واز لە خواردنێک بهێنیت لەبەر ئەوەی کە بۆ تەندروستیت خراپە ئەوا هەڵخەڵەتاندن نیە بەڵکو دکتۆرەکەت دەیەوێت بەرەو شتێکی باشت ببات؛ یان کاتێک دووکاندارێک کاڵایەکت پێ دەفرۆشێت و قەناعەتت پێ دەهێنێت و، لە راستیدا ئەو شتە سوود بە تۆ دەگەیێنێ و، کەڵکی لێ وەردەگری، بەڵام کاتێک هاوڕێیەکت یان لە شوێنی کارەکەت کەسێک بەزۆری کارێک یان شتێکت پێ دەکات و بە راستی تۆ حەزت لە ئەنجامدانی ئەو کارە نیە ئەوا تۆ قۆرغ کراویت و بەکار هێنراویت، دەبێت ئەوە بڵێین کە سایکۆپاتەکان زۆر لەوە زیاترن کە پێمان وایە لە دەوروبەرماندان تۆی خوێنەر لێرەوە بۆت دەردەکەوێت و بە دڵنیاییەوە ئێستا بیرت دەکەوێتەوە کە لە ماوەی ژیانتدا لەگەڵ چەند کەسی سایکۆپاتدا کارت کردووە یان ژیاویت و نەیشتزانیوە کە ئەوانە کەسانی سایکۆپاتن چونکە لەوانەیە تا ئێستا هیچ شتێکت دەربارەی سایکۆپاتەکان نەخوێندبێتەوە و نەتبیستبێت بەڵام بە خۆشحاڵیەوە لەم وتارەداو و، لەم کتێبەدا فێر بووین کە چۆن بیانناسیەوە و چۆن خۆمانیان لێ بپارێزین.
‎چۆن نەبینە قوربانی دەستی سایکۆپاتەکان؟
1.خۆناسین (هۆشیاری خودی).
2.‎واتا خۆت بەباشی بناسی و لایەنی باشی و خراپی خۆت بزانی چوونکە ئەگەر خۆتت ناسی ئەواناهێڵی کەسانی تر خاڵە لاوازەکانت لەدژی تۆ بەکاربهێنن.
3.‎بتوانی کەسانی هەڵخەڵەتێنەر یان سایکۆپات بناسیتەوە و چۆن رەفتاریان بناسیتەوە.
4.کارکردن لەسەر بەهێزکردنی کەسایەتی.
5.‎واتا متمانەبەخۆبوون و زیادکردنی توانای متمانەبەخۆکردن تا زیاتر بتوانی خۆت لەوکەسانە بپارێزی وەنەبیە ئامانجی کارە خراپەکانیان.
6.‎مەهێڵە هەستەکانت بەکار بهێنن.
‎لەبەرئەوەی ئێمە مرۆڤین و هەست و سۆزمان بەرامبەر دەوروبەرمان هەیە زۆر جار ئەو هەستو سۆزانەمان بەکاردەهێنرێت لەلایەن دەوروبەرمانەوە بۆ زۆر مەرامی تایبەت و ویستی خۆیان بۆیە دەبێ ئاگادار بین کە هەستەکانمان بەکار نەهێنرێت.
‎لێرەدا ئەوەی گرینگە بزانین سایکۆپاتی نەخۆشی دەرونی نیە بەڵکو وەکو ئۆتیزم پەیوەندی بە چالاکی و شێوازی کارکرکردنی مێشکی ئەو کەسەوە هەیە لەوانەیە بۆ ئۆتیزم هەندێک راهێنان و چارەسەری هەبێت بەڵام بۆ سایکۆپات ئەوەش نیە بۆیە کاتێک دڵنیا بوویتەوە کە کەسێک سایکۆپاتە ئەوە لێی دوور بکەوەرەوە باشترە چونکە تۆ ناتوانی ئەو کەسە بگۆڕیت.
‎لە کۆتاییی کتێبەکەدا نووسەر باسی چەند شێوازێکی قۆرغکردن دەکات کە زۆر گرینگن بیانزانین :
•‎چەرخوفەڵەکی ستایشکردن واتا (بۆنموونە کاتێک تۆ لە شوێنێک کار دەکەیت و بەڕێوەبەرەکەت زۆر ستایشت دەکات و کارەکانت بەگرینگ دادەنێت و بەردەوام پێتدا هەڵدەڵێت بەڵام لەناکاو دەوەستێ لە هەموو شتێک و، هیچ وشەیەکت پێ ناڵێت و، تەنانەت سڵاویشت لێ ناکات، بەڵام لەناکاو رۆژێک دێت و کارێکت پێ دەڵێ، تۆش لە تواناتدا نیە بەدڵیشت نیە بەڵام دەیکەیت بۆ ئەوەی وەکو پێشتری لێ بێتەوە لەگەڵت، بەم شێوازە بەڕێوەبەرەکەت تۆی بەکار هێنا و قۆرغی کردی.
•سارد و گەرم واتا (بۆ نموونە تۆ لەگەڵ کەسێکدا دەبی بە هاوڕێ بە ماوەیەکی زۆر کەم خۆشەویستیەکی زۆرت پێ دەدات و هۆگری خۆیت دەکات بەڵام دوایی لەناکاو سارد دەبێتەوە و دوور دەکەوێتەوە، کاتێک دەچیتە لای بۆ ئەوەی هۆکارەکە بزانی داوای شتێکت لێ دەکات یان کارێکت لێ دەکات و ناچارت دەکات بیکەیت تۆش بۆ دووبارە گەڕانەوەی ئەو کەسە وەکو پێشتر ئەنجامی دەدەی ئەوەش دەبێتە شێوازێکی تری قۆرغکردن کە وا دەکات تۆ دوای بکەویت).
•گۆشەگیرکردن واتا (ئەو کەسە سایکۆپاتە وا لە کەسەکە دەکات کە دەستبەرداری هەموو دەوروبەرەکەی ببێت تەنانەت کەسە نزیکەکانیشی و خێزانەکەشی وا دەکات لە کۆمەڵگا داببرێت و تەنها کەسە سایکۆپاتەکەی بۆ بمێنێتەوە تەواوی پەیوەندیە کۆمەڵایەتیەکانی لەم کەسەدا دەبینێتەوە بەم شێوازەش ئەو کەسە سایکۆپاتە هەر خراپەیەک دەیەوێت لەگەڵیدا دەکات و بە خراپی لەگەڵی هەڵسوکەوت دەکات بەڵام ئەو کەسە ناچار دەبێت لێی قبوڵ بکات چونکە بەس ئەوی لەگەڵ ماوەتەوە لە کۆمەڵگای دەوروبەری کەسی تری نیە بچێتە لای).
•سەرلێشێواندن واتا (ئەو کەسەی سایکۆپاتە وات لێ دەکات گومان لە ئەقڵی خۆت بکەی و، باوەڕیشی پێ دەکەی چونکە خۆشت دەوێت و وا دەزانی دڵسۆزی تۆیە؛ بۆ نموونە کاتێک رەفتارێک یان کارێک دەکات کاتێک رۆژی دواتر تۆ دەچیتە لای و پێی دەڵێیتەوە نکۆڵی لێ دەکات و پێت دەڵێت کە وی ئەو شتەی نەکردووە، واتا لێرەدا گومانت بۆ دروست دەکات کە تۆ هەڵە بیت و وات لێ دەکات کە باوەڕ بکەی کە تەواوە و، وی ئەو شتەی نەکردووە لە کاتێکیشدا کە کردوویەتی).
‎لە کۆتاییدا ئەمانجی ئەم کتێبە و ئامانجی ئێمە لەم وتارەدا ئەوە نیە کە ئێوە بترسێنین لەوەی کە دەوروبەر کەسانی سایکۆپاتی لێ هەیە، کە لەوانەیە لە خێزانەکەت یان هاوڕێکانت یان شوێنی کارەکەت هەبن بەڵکو ئامانجمان ئەوەیە هۆشیارتر بن و بتوانن ئەو کەسانە بناسنەوە لە کۆمەڵگادا و نەکەونە ژێر کاریگەرییان و قۆرغتان بکەن.

‎* نووسەر: تۆماس ئیرکسن

ھەواڵی زیاتر