مامۆستایانی وانەبێژ:سەرۆکوەزیران سەرەڕای دڵسۆزیی بۆ پەروەردە و فێرکردن، خەمخۆر و دڵسۆزە بۆ مافی مامۆستایان

دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ کرد و لە نزیکەوە گفتوگۆی لەگەڵ کردن و گوێی لە داواکانیان گرت، بڕیاریدا ٣٨ هەزار مامۆستای وانەبێژ، بە گرێبەست دابمەزرێنێت. ئەو بڕیارەش بووە جێگای سوپاس و پێزانینی مامۆستایانی وانەبێژ و بەڕێوبەرانی پەروەردەکان.

دوێنێ، مامۆستایانی وانەبێژ گردبوونەوە و خۆشحاڵی خۆیان بە بڕیارەکەی سەرۆکوەزیران دەربڕی و بە ناوی سەرجەم مامۆستایانەوە سوپاسی سەرۆکی حکوومەتیان کرد و بە دڵسۆزی کەرتی پەروەردە و دڵسۆزیی مامۆستایان ناویان برد.
دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ، لە گردبوونەوەکەدا لێدوانیان بۆ کەناڵەکانی ڕاگەیاندن دا و ڕایانگەیاند؛ ئەم بڕیارەی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی بە “هەنگاوێکی گرنگ و گەورە لە پرۆسەی پەروەردە و فێرکردندا” دەزانین، گرێبەست کردنی نزیکەی 38 هەزار مامۆستای وانەبێژ بڕیارێکی ئازا و بوێرانە بوو کە بووە جێگەی ڕەزامەندی و دڵخۆشی هەزاران خێزان و گەنجی ئەم نیشتمانە” .
وتیشیان: ئەم بڕیارە سەلمێنەری ئەوەیە سەرۆکی حکوومەت سەرەڕای دڵسۆزیی بۆ پەروەردە و فێرکردن، هەروەها خەمخۆر و دڵسۆزە بۆ مافی مامۆستایان”.
ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژ کرد و گوێی لە داواکاری و خواستەکانیان گرت و هەر لەو دانیشتنەدا بڕیار دامەزراندنی وانەبێژانی بە گرێبەست دا.
سەرۆکی حکوومەت لە دانیشتنەکەدا بە دەستەی نوێنەرانی مامۆستایانی وانەبێژی ڕاگەیاند؛ هەندێک کەس لە بەغدا هەوڵی برسی کردنی خەڵکی کوردستان دەدەن و هانی حکوومەتی فیدراڵی دەدەن مووچە ڕەوانە نەکات و دێنەوە کوردستانیش هەوڵی جووڵاندنی مامۆستایان و هاووڵاتییان دەدەن تاوەکو گلەیی بکەن، لە کاتێکدا، ئەوانەی خەڵکی کوردستان نانبڕاو دەکەن کەسێکی دیکەیە، بەڵام ڕووی ڕەخنە و گلەییەکان ئاراستەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن.
سەرۆکوەزیران، ئەوەشی خستەڕوو؛ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتی: ئەوانە دێن ناڕەزایەتی خۆیان دەردەبڕن و ئەو داوایەش لە خەڵک دەکەن کە ناڕازیبن، بەڵام نایەن هۆکارەکان دیاری بکەن و گلەیی و ناڕەزایەتییەکە ئاراستەی ئەو لایەنە بکەن کە بووەتە هۆکاری نانبڕینی ئەو خەڵکە.
باسی لەوەش کرد کە تا ئێستا ئەگەر نەتوانرابێت سەرجەم داخوازییەکانی هاووڵتیان جێبەجێ بکرێت هۆکارەکەی دەست بەستنی هەرێمی کوردستانە لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیەوە و ڕایگەیاند؛ هۆکاری ئەوەی تاوەکو ئێستا نەیانتوانییەوە لەوەی خواستی ئەوان بووە لە خزمەتکردن ئەنجامی بدەن بەهۆی بەستنی دەستی حکوومەتی هەرێم بووە لەو ئیمکانیاتانەی کە هەقی مامۆستایان و هاووڵاتییان بووە، حکوومەتی فیدراڵی نەیهێشتووە بەشێوەیەکی دادپەروەرانە مافی خەڵکی هەرێمی کوردستان بدرێت.
هەر ڕۆژی دوێنێ دووشەممەش، وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی کرد بە ڕێکارەکانی دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ بە شێوەی گرێبەستی هەمیشەیی.
د. ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی هەموو بەڕێوەبەرایەتییە گشتییە پەروەردەییەکانی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی کردووە؛ داوای کردووە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا وردبینی لە لیستی مامۆستایانی وانەبێژی دانەمەزراو تەواو بکرێت بۆ ئەوەی لەسەر داهاتی ناوخۆ، بە شێوەی گرێبەستی هەمیشەیی دابمەزرێندرێن.
دوای ئەوەی پرۆسەی وردبینی تەواو دەکرێت، لیستەکان بۆ دیوانی وەزارەتی پەروەردە دەگەڕێندرێتەوە. وەکو ئەوەی لە نووسراوەکەی وەزیری پەروەردەدا هاتووە، 05-09-2024، کۆتا وادەی گەڕاندنەوەی لیستەکانە.

ھەواڵی زیاتر