پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان:هۆی نەهاتنی مووچە، پەڵپ پێگرتنێکی سیاسییە و برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە

پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پرۆژەکانی حکوومەتی بۆ خەڵکی پارێزگای هەڵەبجە خستەڕوو و ڕایگەیاند؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی داهاتوودا کۆمەڵێک پرۆژە لە خورماڵ ڕادەگەیەنێت، کە ئەیەوێت خورماڵ و هەورامانیش ببنە ناوەندێکی گرنگی گەشتوگوزاری لە ناوچەکەدا، ئەوەشی خستەڕوو، چەندین پرۆژەی گرنگ لە هەڵەبجە بەم نزیکانە جێبەجێ دەکرێن.

دوێنێ، پێشەوا هەورامانی، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند؛ بۆ ڕاگەیاندنی کۆمەڵێک پرۆژە سەردانی هەڵەبجەمان کردووە و لەگەڵ هەردوو جێگرانی پارێزگاری هەڵەبجە کۆبوینەوە گفتوگۆمان لەسەر کردووە. دەشڵێت؛ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، خۆی چاودێریی پرۆژەکانی هەڵەبجە دەکات، هەروەها مەبەستیەتی خاڵ بەخاڵی داواکارییەکانی هەڵەبجە جێ بەجێ بکرێن. دەشڵێت: باڵەخانەیەکی مۆدێرن بۆ بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەڵەبجە دروست دەکرێت، کە بەزووترین کات دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، هەروەها باڵەخانەیەکی نوێش بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کشتوکاڵ دروست دەکرێت.
هەروامانی، باسی لە پرۆژەکانی حکوومەت کرد و ڕایگەیاند؛ 250 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی شەقامی گشتیی هەڵەبجە تەرخان کراوە، هەروەها نزیکەی 100 ملیۆن دینار بۆ دوو پرۆژەی گەشتیاری لە بیارە، لەسەر بڕیاری نووسینگەی سەرۆکوەزیران تەرخان کراوە، ڕەزامەندی لەسەر 114 ملیۆن دینار، بۆ بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستی هەڵەبجە دراوە کە بۆ ڕووبەڕووبونەوەی پەتای کۆلێرایە.
ئەوەشی خستەڕوو؛ ناوچەی پیشەسازیی هەڵەبجە کاری لەسەر کراوە بەزووترین کات دەچێتە بواری جێبەجێ کردنەوە، جگە لەوە دەستەی وەبەرهێنان لێخۆشبوونی ڕسوماتی بۆ هەموو ئەو پرۆژانە دەرکردووە کە تایبەتە بە پارێزگای هەڵەبجە. ئەو پرۆژانەش کاریگەرییان لەسەر هەلی کاری ناوچەکە دەبێت”. وتیشی؛ حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەماوەی داهاتوودا کۆمەڵێک پرۆژە لە خورماڵ ڕادەگەیەنێت، کە ئەیەوێت خورماڵ و هەورامانیش ببنە ناوەندێکی گرنگی گەشتوگوزاری لە ناوچەکەدا، ئەوەش پرۆژەکان بوون کە هەموویان پارەیان بۆ دابین کراوە.
وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە پرسی مووچە و دواخستنی لەلایەن حکوومەتی فیدراڵیەوە بە بیانووی جۆراوجۆر، ڕایگەیاند؛ هۆی نەهاتنی مووچە، پەڵپ پێگرتنێکی سیاسییە و برسیکردنی خەڵکی هەرێمی کوردستانە، هیچ پاساوێکیان بەدەستەوە نییە کە مووچەی خەڵکی هەرێمی کوردستانیان بڕیووە، ئەوەش پێچەوانەی دەستووری عێراقی و دادگای فیدراڵییە؛ چونکە دادگای فیدراڵی گوتی نابێت مووچە تێکەڵ بە سیاسەت بکرێت. هەموو داواکارییەکانی بەغداش جێ بەجێ کراون.
ئەوەشی خستەڕوو؛ لەم هەفتەیەدا سەرۆکوەزیران کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگ لە ئاستی باڵا، لەسەر ئەو پرسە دەکات، بۆیە ڕوون دەبێتەوە کە بۆچی مووچەیان نەناردووە. دەشڵێت: یەکێک لە پاساوەکانیان ئەوەیە بۆچی فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک مووچەیان لە هەرێمی کوردستان پێ دەدرێت؟ کە پێشتر ڕێکەوتمان هەبووە ئەو فەرمانبەرانە بخەنە سەر وەزارەتی پەروەدەی عێراق، ئەوان ڕێککەوتنەکەیان جێ بەجێ نەکردووە.
سەبارەت بە ٣٦ ساڵەی یادی ئەنفالی بادینان، وتەبێژی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند؛ ئەوانەی کە چاوساغ و پێشڕەوی سوپای بەعس بوون بۆ ئەنفال، هەر ئەمڕۆ لەناو بەرگ و قاڵبێکی دیکەدا چاوساغ و پێشەڕەوی ئەو دەنگانەن کە لە ناوحکوومەتی فیدراڵیدا دەیانەوێت خەڵکی هەرێمی کوردستان برسی بکەن.

ھەواڵی زیاتر