ڕوونکردنەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکانەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە 25ی 8ی 2024، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پاراستنی دامودەزگە نەوتییەكان لەسەر هاتنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی عێراق ڕوونكردنەوەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، “سەر لەبەیانی ئەمڕۆ هێزێکی حەشدی شەعبی لە سنووری ناحیەی کوڵەجۆ بە ئاڕاستەی چەند بیرە نەوتێک لە قەزای کفری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان جووڵەیان کرد، کە خاڵێکی هێزەکانی پاراستنی دامودەزگا نەوتییەکان لە شوێنەکەیە، کە ئەرکی پاراستنی کێڵگە و بیرەنەوتییەکانی ئەو دەڤەرەیان لەئەستۆ دایە.”

ئاماژەی بەوەش كردووە، كە “بەداخەوە کەناڵی ڕووداو بەبێ بوونی هیچ زانیارییەک هەواڵی چەککردن و لێدانی کارمەندێکمانی بڵاو کردەوە، لە کاتێکدا کارمەندەکانمان لە ئامادەباشیدا بوون بۆ ڕاگرتنی هێزەکەی حەشدی شەعبی و جێگیربوونیان تا هێزی پاڵپشتیی پێشمەرگە گەیشتە ناوچەکە.”

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارستنی دامودەزگە نەوتییەكان داوای لە ڕاگەیاندنەكان كردووە، كە “لە کاتی ئەم جۆرە ڕووداوانە پابەندی ئیتیکی ڕۆژنامەوانی بن و ڕاستی و دروستیی ڕووداوەکان وەک خۆی بە ئەمانەتەوە بگوازنەوە.”

ھەواڵی زیاتر