ئەمڕۆ یەکشەممە 8/25، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە ماوریتزیۆ گرێگانتی، باڵیۆزی ئیتالیا لە عێراق کرد بە بۆنەی کۆتاییهاتنی ئەرکەکەی.
لە کۆبوونەوەکەدا کە میکێلێ کامێرۆتا، کونسولی گشتیی ئیتالیا لە هەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، دوایین پێشهات و پەرەسەندنەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوتوێ کرا.
سەرۆکی حکومەت سوپاسی باڵیۆزی ئیتالیای کرد بۆ ئەو ماوەیەی کاری بۆ پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە کردووە.
باڵیۆزی ئیتالیا، خواستی وڵاتەکەی بۆ بەهێزترکردنی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و پێزانینی خۆی بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم لەگەڵ باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی دەربڕی.
بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان دەربارەی دوا ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بوو، سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەرێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن لە سەر بنەمایەکی دادپەروەرانە و بێگەرد و لە ژێر چاودێری نێودەوڵەتی و دوور لە دەستوەردان و پێشێلکاری کردەوە.